پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی ئاهەنگ و بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵی ئاشکراکرد کە چوار رۆژ دەخایەنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی ئاهەنگ و بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵی ئاشکراکرد کە چوار رۆژ دەخایەنێت و بە درێژایی شەوانی نەورۆز لە چەند شوێنێکی جیاواز ئەنجامدەدرێن، دوا رۆژیش کە 20ی (ئازار/3) دەکات، " بە بەشداری 300 کوڕ و کچ ئاگرکردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت"
چالاکییەکان بەم شێوەیە دەبن :
یەکەم: رۆژی 17ی (ئازار/3) لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی بە درێژایی شەوانی فێستیڤاڵ نمایشی فیلم ئەنجامدەدرێت، کە لە کاتژمێر 6:30 تا 11:00ی شەو درێژەیان دەبێت و تیایدا سێ فیلمی درێژ نمایش دەکرێن.
دوەم: نزیک لە سەکۆی ئازادی مارکێتی ئین سلێمانی دەبێت کە زیاتر لە 150 کوخ ئامادەکراوە بۆ گەنجان و جوتیاران بەمەبەستی خستنەڕوی بەرهەمە خۆماڵییەکان، خواردن و کارە بازرگانییە بچوکەکان.
سێیەم: لە پارکی ئازادی، یارییە کوردەوارییەکانی وەک، مزراحێن، کڵاوێن و ماروپەیژە دەبن، کە خێزانەکان دەتوانن بەبێ بەرامبەر لە کاتژمێر 2:00 بۆ 10:00ی شەو سەردانی بکەن و کاتەکانی لێبەسەرببەن.
چوارەم: لە دەرەوەی پارکی ئازادی، رازاندنەوە بۆ شەقامی سالم دەکرێت، جگە لە چالاکیی میوزیکی سەرشەقام.
پێنجەم: لە رۆژی 18ی (ئازار/3)ەوە کۆنسێرتێک لە سەرچنار ئەنجامدەدرێت و چەند پرۆگرامێکیش تایبەت بە منداڵان سازدەکرێت.
شەشەم: رۆژی 19ی (ئازار/3) لە هەواری شار کۆنسێرتێکی گەورە ئەنجامدەدرێت، لە شانۆی رۆمانی کە لە کاتژمێر 5:00ی بۆ 8:00ی شەو دەبێت بە بەشداری هونەرمەندان، هانی، سەنا بەرزنجی و هەژار زەهاوی.
حەوتەم: رۆژی 20ی (ئازار/3)، لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی لە بەردەم شاری گۆیژەوە ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی رێکخراوە بە بەشداری وەرزشەوانی دێرین و میوانانی بیانی کە پێنج کیلۆمەتری و 21 کیلۆمەتری دەبێت و هاوڵاتییان دەتوانن بەشداری تیادابکەن.
هەشتەم: هەمان رۆژ لە شەقامی سالم نزیک سیتی ستار کەرنەڤاڵی نەورۆز ئەنجامدەدرێت، کە بە بەشداری ژمارەیەک لە کوڕان و کچانی گەنج بە میوزیک و گۆرانی و هەڵکردنی مەشخەڵەوە چەند چالاکییەک ئەنجامدەدەن.
نۆیەم: ئێوارەی هەمان رۆژ بە بەشداری 300 کوڕ و کچ ئاگرکردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت.
دەیەم: شەوەکەی لە شەقامی سالم ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدەدرێت بە بەشداریی هونەرمەندان ماجد، حەمید عوسمان و یادگار خالیدی کە گۆرانی و میوزیکی شاد و هەڵپەرکێ پێشکەش دەکرێت.
