یاداشتنامەی خۆپیشاندەرانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگشتی خەڵكی كوردستان

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 لەسەروبەندی یادەوەریی تاڵی جینۆساید و تاوانی گەورەی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا و سەرەڕای بڕوابوونی تەواومان بە بێ گوێیی و خەمساردیی دەسەڵاتی هەرێم لەمەڕ مافە سەرەتاییەكانی خەڵكیی، بەڵام هێشتا پێمانوایە كە بۆ مێژوو كۆمەڵێك لە داواكاریی خەڵكی ناوچەكە بخەینەڕوو.

بەداخەوە ساڵەكان تێئەپەڕن و جڵەولەدەستانی هەرێم، سەردەمی وێرانیی دەسەڵاتی خۆیانمان بۆ نمایش ئەكەن، بەردەوام لەناو بازنەیەكدا هەڵمانئەسوڕێنن، لە دۆخێكی ناخۆشەوە ئەمانبەن بۆ دۆخێكی ناخۆشتر!

ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵك لەهەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمدا لە لوتكەدایە،  كەچی دەسەڵات ئامادە نییە تەنانەت ئەوانیش وەك چاو و نوێنەری خۆی سەیر بكات و سەرنجەكانیان بەهەند وەربگرێت!

بێباكیی و بێ منەتیی دەسەڵات لە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردایە، چونكە سەرەتا بەرپرسان تاڕادەیەك هەندێ تاڵەموی لۆژیكی بەرگرییكردن لە میتۆدی بەڕێوەبردنی خۆیان بە دەستەوە مابوو، لێرەولەوێ بەرگرییان لە سەركردە و حیزبەكانیان ئەكرد، بەڵام ئێستا و لەم قۆناغەدا ئەوانیش لە خەڵكی دانیشتوانی شار و شارۆچكەكان زیاتر ناڕازیی و بێزارن!

قۆناغەكە مەترسیدارە، چونكە كە هەمووان وەك خەڵكیی لە ئاستی ئەم بەڕێوەبردنە ناڕازیی بین، كەواتە كێیە نایەوێت چاكی بكەین؟!

خەڵكی بەهەڵوێست و مافخوراوی كوردستان، ئەبوو ئێمە لەسەروەختی یادكردنەوەی شەهیدەكانماندا، باسی كۆمەڵێك پرسی مەعنەویی و مەعریفیی و پێشكەوتنی زانستیی و گەشەكردنە بەرچاوەكانی كۆمەڵگاكەمان بكردایە، باسی ئاسوودەیی ڕۆحی قوربانییەكانمان بكردایە كە خوێنیان بە فێڕۆ نەچووە و كۆمەڵگایەكی پڕ لە بەهای بەرزی سیاسیی و ئیدارییان بەخوێنی خۆیان دروستكردووە!

بەداخەوە وا پاش زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتی ڕەهای هاوزمانانی خۆمان لە هەرێمدا، ئێستا ئیتر هەستئەكەین جێگایەك نییە تا ناڕەزایەتیی و گرفتەكانمانیان پێبگەیەنین!

كێشەكە بونیادییە و وادیارە هەر خەڵك نین لە دەسەڵات ناڕازین، بەڵكو هەمووی ناڕازییە و ئەوەی پێویستە بە بەرپرسیارێتییەكە هەستێت، ونە و خۆی نەبان كردووە!

بۆیە ئێمەش ناچارین كە ڕوو بە ڕایگشتیی و بۆ مێژوو داواكارییەكانمان بخەینەڕوو:

١- (بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە) پڕۆسەیەكی ناتەواوە، هێشتا لای دەسەڵاتی هەرێم «مەرەكەبی سەر كاغەز»ە و نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ڕەنگە نوكتەیەكی بێتام و گریانهێنەر بێت كە شارێك ژمارەی دانیشتوانەكەی لەسەردەمی قەزابوونیدا زیاتر بێت وەك لە سەردەمی پارێزگابوونەكەی!

٢-هەڵگرتنی نازی ناوچە پڕ لە قوربانییەكانی كوردستان، بە دیارییكردنی باشترین و دڵسۆزترین بەرپرسان بۆ بەڕێوەبردنی شارەكانیان!

رێزگرتن لە قوربانییەكانیان و گێڕانەوەی ونبوو و بێسەروشوێنانیان، نەك بە سیاسییكردن و بێ ئەرزشكردنی چیرۆكە پڕ لە تراژیدیاكانیان!

پاش ئەمانە ئینجا لەڕووی ماددیشەوە؛ داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بن، خەونی ئێمە گەلێك فراوانتر و مەزنترە لە خەونی كەسوكاری قوربانیانی"دوجێل" بۆچی لەسەر خوێنی نزیكەی دوو سەد كەس، سەرۆكی رژێمی عێراق لەسێدارە ئەدرێت و قەرەبووی واریسەكانیان ئەكرێتەوە، بەڵام لەهەرێم مینحەیەكی كەم و بێبایەخ بۆ بەركەوتووانی كیمیاباران بەناوی(چاكسازیی دارایی)ـەوە دەبڕدرێت؟!

٣- بڕیاردان  لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی كە خراوەتە بەردەست پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەت پرۆژەیاسای (تاوانە نێودەوڵەتییەكان) و پرۆژە یاسای (منداڵە ونبووەكان) و پرۆژە یاسای (ناساندن و ماف و ئیمتیازەكانی بریندارانی كیمیاییباران) و یاسای (قەرەبووی راگواستنی زۆرەملێ و چەند ساڵ دابڕان لە زێد و سوودمەند نەبوون لە موڵك و ماڵیان).

٤- لەبری لۆبیكردن لە ناوەندە جیهانییەكاندا بۆ حیزب و سەرۆكەكان، لۆبی بكرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە و ناوچەكانیتر و ئەنفالی میللەتەكەمان!

٥- چارەسەركردنی بەپەلەی بەركەوتووانی كیمیاباران لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان و (بە فیعلی) نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتووانی كیمیایی بخرێتە خرمەت بەركەوتووەكان و بوار نەدرێت بۆ مەبەستی دیكە بەكار بهێنرێت.

٦-پێدانی تایبەتمەندیی لە دامەزراندن بە شێوەی دادپەروەرانە بۆ خەڵكی پارێزگاكە و ڕەخساندنی هەلیكار بۆیان.

٧-لەبووجەی 2023 حسابێكی شیاو بۆ هەڵەبجە بكرێت كە هیچ سێكتەرێكی ژێرخانی نیە و پێویستی بەڕەچاوكردن هەیە بەو حوكمەی لە100% ی پارێزگاكە پێشتر بەدەستی ڕژێم خاپوور كراوە.

٨-تەواوكردنی پڕۆژە تەواونەكراوەكان و بڕیاردان لەسەر كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاریی و پیشەسازیی و كشتوكاڵیی و مەعریفیی و هونەریی بۆ كۆی پارێزگاكە، ئەمەیش بە ئیستیسناكردن بۆ هەڵەبجە ئەكرێت.

ئەمانە هێڵی گشتیی داواكارییەكانن، هیوادارین گوێیەك هەبێت بۆ بیستنیان و ناچار نەبین ڕووی داواكارییەكانمان لە حكومەتی عێراق بكەین.

بۆیە لەئێستاوە كات ئەدەین بە حكومەتی هەرێم تا كۆتایی مانگی رەمەزان بێت بەدەم داواكانمانەوە و بەجددی كاری لەسەر بكات، بەپێچەوانەوە ناڕەزایەتییەكان بەردەوام دەبێت.

 

ئەنجومەنی ناڕەزایەتییەكانی پارێزگای هەڵەبجە

14 - 3 – 2023

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار