هەدەپە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاند دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشبینی دەکرێت پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیادا بکات.
لە کاتێکدا کە مەترسی لەسەر هەدەپە هەیە کە دابخرێت، بەرپرسانی پارتەکە دەستیان بۆ چارەسەریەک بردووە کە ئەویش بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکان ئەمڕۆ هەدەپە بە فەرمی بڕیارەکەی رادەگەیەنێت. پارتی چەپی سەوز، لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزرێنراوە و لەلایەن چیدەم کلچگون ئوچار و ئیبراهیم کالن هاووتەبێژانی پارتەکەوە بەڕێوە دەبرێن. پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، هاوکاری هەدەپەی کردووە و تاوەکو ئێستا رێکخستنەکانی لە ٥٤ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان چالاک کردووە. دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە کە لە حوزەیرانی ٢٠٢١ەوە بەردەوامە، بڕیارە لە ١١ی نیساندا بەرێوە بچێت.
هەرچەندە دادگای دەستووری تورکیا راگرتنی هاوکاری خەزێنەی دەوڵەتی بۆ هەدەپە هەڵوەشاندەوە کە لە ٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا،بە شێوەیەکی کاتی رایگرتبوو، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە گۆمانیان هەیە کە لە ١١ی نیساندا پارتەکەیان دابخرێت و بۆیەش دەستیان بۆ جێگرەوەیەک بردووە کە ئەویش بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە.
