ئێران: 420 ئەفسەری هەوالگریی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوە

ئێران هەواڵگریی 51 وڵات بە هاندان و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان تۆمەتبار دەکات

وێنەی ژینا ئەمینی لە خۆپیشاندانەکانی شاری مێلبۆرن لە وڵاتی ئۆسترالیا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هەواڵگریی ئێران رایگەیاند ناسنامەی 420 ئەفسەری هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل-ی بۆ ئاشکرا بوە کە دەستیان لە هاندانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتەکە هەبوە.

لە نوێترین راپۆرتی دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) ئاماژە بەوە کراوە کە لانیکەم دەزگای هەواڵگریی 51 وڵات دەستیان لە هاندانی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان و بشێویی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوە.

ئیتلاعات رایگەیاندوە؛ لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی پلانی ئەوە هەبوە خاکی ئێران بۆ هەشت بەش دابەش بکرێت و رێکخراوەکانی داعش و موجاهیدینی خەلق و کۆمەڵە و تەلەفیزیۆنی بی بی سی فارسی و ئێران ئینتەرناشناڵ رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و لە داهاتودا وردەکارییەکان ئاشکرا دەکرێن.

لە راپۆرتی ئەو دەزگایەدا هاتوە: هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا (CIA) لە رێگەی دروستکردنی 50 هەزار ئەژماری ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هانی سەرهەڵدانی ئاژاوە و بشێویی داوە.

هەر بە پێی راپۆرتی ئیتلاعات: دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ویستویەتی بە هاوکاریی پارتێکی کوردی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی وڵاتەکە ئەنجام بدات کە قەبارەکەی هاوشانی تەقینەوەی 200 بارهەڵگربێت، بەڵام پوچەڵ کراوەتەوە و ژمارەیەک تۆمەتباریش دەستگیر کراون.

ئەو دەزگایە بە بێ ئەوەی وردەکارییەکان ئاشکرا بکات جەختی لەوە کردوەتەوە 420 ئەفسەری هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ژمارەیەکیان لە سنوری وڵاتانی دراوسێی ئێران جێگیربون راستەوخۆ سەرپەرشتیی هەوڵ و چالاکییە تێکدەرانەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی کردوە.

بڵاوکردنەوەی راپۆرتی دەزگای هەواڵگریی ئێران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا لانیکەم 539 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و نزیکەی 39 هەزار کەس دەستگیرکران و چوار گەنجیش لەو دەستگیرکراونە لەسێدارەدران و لە ئێستادا مەترسیی لەسێدارەدانی 110 کەس لەو دەستگیرکراوانە هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار