ناوەندی رۆشنبیری د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ کۆنگرەی نێودەوڵەتی"مەولانا خالیدی نەقشبەندی"لەسلێمانی ڕێکدەخات

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

 

لەشاری سلێمانی ناوەندی رۆشنبیری د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ كۆنگرەی نێودەوڵەتی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) رێكخست، لەكۆنگرەكەدا كە ماوەی سێ رۆژی خایاند ژمارەیەك لەخۆرهەڵاتناسانی ئیتاڵی و فەرەنسی و وڵاتانی ئەوروپی و ژمارەیەكی بەرچاو لەمیوانانی وڵاتانی عەرەبی و عێراقی و خۆرهەڵات و باكوری كوردستان بەشداربوون، ئەوە جگە لەبەشداریكردنی زیاتر لە 360 میوان، كەتیایدا  27 تووێژینەوەو فیلمێك لەسەر مەولانا خالید پێشكەشكران، هاوكات هۆنراوەكانی شاعیری گەورەی كورد مەحوی كە بۆ مەولانای وتووەو هەروەها هۆنراوەكانی سالم كە لەسەر پێنج خشتەكی شیعری مەولانا شیعری وتووە لەلایەن هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەدنان كەریمەوە بەدەنگ و ئاواز پێشكەشی ئامادەبووان كران، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی دیكەی چالاكییەكان بەڕێوەچوونی چەندین پانێڵ بوو لەسەر تەوەری جیاواز كە لەلایەن رۆشنبیرانەوە بۆ زیاتر ناساندنی كەسایەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی پێشكەشكران.

كۆنگرەی نێودەوڵەتی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی)  رۆژانی ١٠و١١و١٢ی ئاداری ٢٠٢٣ لەگراند میلینیۆم لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، دكتۆر رەئوف عوسمان، بەڕێوبەری ناوەندی رۆشنبیری د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: مەولانا یەكەمین كەسایەتی كوردە كەجەماوەرەكەی واتە موریدو مەنسوب و خۆشەویستەكانی بەتەنیا كورد نەبوون و عەرەب و تورك و فارسیشی تێدابووە، جگە لەوەش كۆمەڵێك مەلاو زانای كوردستان و عەرەبستانیش بوونەتە موریدی مەولانا.

مەولانا خالید كوڕی پیاوێكی دەسەڵاتدارو میر یان كەسیایەتییەكی گەورە نەبووە كە بەشێوەیەكی بۆماوەیی دەسەڵاتی بۆ مابێتەوە، تەنهاو تەنها بەتواناو هەڵسوكەوت و زانستی خۆی توانیویەتی ئەو رێبازە وەربگرێت و بڵاویبكاتەوە، «تەنانەت دەوڵەتی عوسمانی وای لێهات لێی ترساوە و خۆشینەویستووە چونكە لەماوەیەكی كەمدا نزیكەی بیست هەزار موریدی بۆ دروستبووە پێی وابووە ئەم كەسایەتییە تەریقەیەكی بەدەستەوە بووەو خەڵكێكی زۆر شوێنكەوتوویەتی و دەتوانێت كاریگەری هەبێت لەسەر واقعی سیاسی و مەترسییە بۆ سەر دەسەڵاتی ئەوان».

سەبارەت بەكۆنگرەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی د.رەئوف وتی: ئامانجەكانی ئەم كۆنگرەیە زیاتر ناساندنی مەولانا بووە بەمیللەتەكەمان، هەروەها ئەوە دەرخەین كەكورد خاوەنی كەسایەتی روناكبیری و سیاسی زۆرە وەك هەر نەتەوەیەكی دیكەو مەولانا خالید یەكێكە لەو سەركردانەی كەمێژووی وڵاتەكەمان بەجوانی باسی لێوەدەكات، هەروەها ئەوەشمان دەرخست ئەوەی مرۆڤ نەمر دەكات و دەیهێڵێتەوە لەلاپەڕەكانی مێژوودا بەتەنیا سامان و پارە نییە، بەڵكو كردەوەو زانست و دڵسۆزییە بۆ خەڵك و نیشتیمان، جەماوەرێكی بەرچاو لەتووێژی رۆشنبیران بەتامەزرۆییەوە ئامادەی كۆنگرەكە بوون و گفتوگۆیان دەكرد، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەكۆنگرەكە سەركەوتوو  بووە».

د.رەئوف عوسمان زیاتر دواو وتی: بەداخەوە وەك پێویست تیشك نەخراوەتەسەر ئەم كەسایەتییە هەرچەندە لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوەو ئێمە لەم كۆنگرەیەدا هەشت خۆرهەڵاتناس لەئیتاڵیاو فەڕەنساو وڵاتانی ئەوروپییەوە هاتوون و  بابەتیان بۆ نووسیوین و هەروەها لەئێرانەوە كۆمەڵێك نووسەرو تووێژەر بابەتیان بۆ ناردووین و لەتوركیاوە بابەتمان بۆ هاتووە هاوكات  لەكوردستانی خۆشمانەوە كۆمەڵێك بابەتی زۆر پێشكەشكراوە، كۆی بابەتەكان ٢٧ تووێژینەوەیە و ئێمە ئەم تووێژینەوانە لەكتێبێكدا كۆدەكەینەوە، جگە لەمەش ١١ كتێبمان دەربارەی مەولانا بەچاپگەیاندووەو هەر لەو كۆنگرەیەدا پێشانگایەكی نووسین و نامەكانی مەولانا كە بەخەتی خۆی نووسراون نمایشكران».

سەبارەت بەبەشداربووانی كۆنگرەكە بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیری د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ راگەیاند: نزیكەی ٣٦٠ كەس ئامادەی كۆنفڕانسەكە بوون، رۆژانە میوان هاتوونەتە كۆنگرەكە و قەرەباڵغییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی و كاك فاروقی مەلا مستەفا پشتگیرییەكی گەورەی ئەم كۆنگرەیە بوو چونكە لەلایەكەوە كاك فاروق بە نەسەب دەچێتەوە سەر مەولاناو هەروەها وەك خۆشەویستییەكیش بۆ ئەدەب و رۆشنبیری و كەسایەتییەكی وەك مەولانا خالیدی نەقشبەندی، هەروەها میوانانی كۆنگرەكە بریتیبوون لە: خۆرهەڵاتناسەكان كە لەمێژووی مەولانا شارەزان، هەروەها میوانانی كوردستانی ئێران و توركیاو كوردستانی باشورو ئیماراتی عەرەبی لەگەڵ چەند میوانێك لەناوەڕاست و خواروی عێراق كە نزیكەی ٢٥ كەس هاتبوون كە زۆر سەرسامی ئەم كۆنگرەیە بوون و ئەوەیان دەرخست كەچالاكی رۆشنبیری لەسلێمانیدا بەهێزترە لەشارەكانی دیكەی عێراق. بێگومان میوانانی ئەم كۆنگرەیە لەسەرجەم چین و تووێژەكان پێكهاتبوون و جیاوازی لەبیروبۆچوونەكاندا نەكراوە، جیاوازی بیروبۆچوون بەڵگەیە لەسەر زیندوێتی هەر كۆمەڵگایەك یان هەر میللەتێك».

كۆنگرەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ماوەی سێ رۆژی خایاندو چالاكییەكان فرەچەشن بوون و بەشێكی بابەتەكان پێشكەشكراو بەشێكی نامەكانی مەولانا بوو،  بەشێكیشی نمایشكردنی  فلیمێك بوو لەسەر ژیانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و بەشێكی وتاری ناوەندەكە بوو هەروەها بەشێكیشی كۆمەڵێك هۆنراوەی مەولاناو هۆنراوەكانی مەحوی كە بۆ مەولانای وتووەو هۆنراوەكانی سالم كە لەسەر پێنج خشتەكی شیعری مەولانا شیعری وتووە لەلایەن هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەدنان كەریمەوە بەدەنگ و ئاواز  پێشكەشی ئامادەبووان كران و بەشێكی دیكەی چالاكییەكان بەڕێوەچوونی چەندین پانێڵ لەسەر تەوەری جیاواز لەلایەن رۆشنبیرانەوە بۆ زیاتر ناساندنی كەسایەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی.

مەولانا خالید كوڕی ئەحمەد ئاغا كوڕی حسێنەو لەتیرەی جافی میكایلییە، لە ٧ی حوزەیرانی ١٧٧٩ لەشارۆچكەی قەرەداغ لەدایكبووەو زانای ئاینی و سۆفی كورد بووە، لەتەمەنی لاوێتییدا بە فەقێیەتی چووە بۆ سلێمانی و لەلایەن شێخ محەممەد قەسیمی سنەیی ئیجازەی وەرگرتووە،  دواتر لەهندستان لای شا عەبدوڵا دیهلەوی تەریقەتی نەقشبەندی وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و عێراق و پەرە بەو تەریقەتە دەدات و رێبازی خالیدی دادەمەزرێنێت، مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ٨ی تەمموزی ١٨٢٧ كۆچی دوایی كردووەو خاوەنی پێنج منداڵە بەناوەكانی (بەهادین، عەبدولڕەحمان، شەهابەدین، نەجمەدین، فاتیمە).

بەشێك لەموریدو فەقێكانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی: (شێخ عوسمان سیراجەدینی تەوێڵە-  مەلا عەبدولڵای جەلی كۆیی- شێخ تاهیری بامەڕنێ- سەید تەهای نەهری- سەید عوبەیدوڵای نەهری- شێخ عەباسی كەركوكی-  شێخ ئیسماعیلی شێروانی- شێخ موحەمەد سلێمانی- شێخ فەتاحی ئاكرێ-  شێخ ئەحمەدی سەرداری سەرگەڵوویی) بووە.

هەر لەكۆنگرەی مەولانا خالیدی نەقشبەندیدا كورتە فیلمێك لەسەر ژیانی ئەو كەسیاتییە نمایشكراو دەرهێنەری فیلمەكە ئەحمەد مەحمود لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: فیلمی (مەولانا خالید) یەكەم بەرهەمی (زاموێر بۆ بەرهەمهێنانە)ە و لەگەڵ تیمێكی زۆر بە تواناو شارەزای زاموێر بەرهەمهاتووە.

وتیشی: ماوەی فیلمەكە ١٧ خولەكەو بەرهەمهێنانیشی بەسەرپەرشتی زەنوێر فاروق مستەفا بووەو لەیەكەمین كۆنگرەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەشاری سلێمانی نمایشكرا.

 

ناوەندی رۆشنبیریی د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ

ناوەندی رۆشنبیری د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ ناوەندێكی روناكبیری و رۆشنبیرییە  لە ٣ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ لەسلێمانی دروستكراوەو فاروقی مەلا مستەفا دامەزرێنەری ناوەندەكەیە، زیاتر لە ٢٥ هەزار كتێبی بوارە جیاوازەكان لەناوەندەكەدا بەچەندین  زمان دەستدەكەوێت.

ناوەندی د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ لەهۆڵێك و دوو بەشی سەرەكی پێكدێت،  بەشێكی زیاتر لە ١٢ هەزار كتێبی زمانی كوردی لەخۆدەگرێت و بەشەكەی دیكەشی زیاتر لە ١٣ هەزار كتێب بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی لەخۆدەگرێت، هاوكات هۆڵێكیشی تێدایە تایبەت بەخوێندنەوەو كۆڕو سیمینارە ئەدەبییەكان تەرخانكراوە. 

لەناوەندی رۆشنبیری د.عیزەدین مستەفا رەسوڵدا رۆژنامەو گۆڤارەكانی تێدایەو سەرجەم ژمارەكانی گۆڤاری بەیان و گۆڤاری رۆشنبیری نوێ و گۆڤارەكانی كۆڕی زانیاری كوردو گۆڤاری گەلاوێژ و رۆژنامەی كوردستانی نوێ پارێزراون و هاوكات  نامە بەدەستهاتووەكانی ماستەرو دكتۆرای دكتۆر عیزەدین لەم ناوەندەدا پارێزراون، هەر لەناوەندەكەدا  كتێبی چیرۆك و دیوان، شیعر، بیرەوەریو فەرهەنگ دەستدەكەوێت ئەمە جگە لەهەبوونی چەندین كتێب بەزمانە جیاوازەكان وەك عەرەبی، فەڕەنسی و ئینگلیزی.

جەمال ئیبراهیم راوێژكاری رۆشنبیریی لەناوەندی رۆشنبیریی پڕۆفیسۆر دكتۆر عزەدین مستەفا رەسوڵ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ناوەندی دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ لەسەنتەری شاری سلێمانی دروستكراوە بۆ ئەوەی هەر خوازیارێك بیەوێت بەئاسانی دەستی پێی بگات و ناوەندێكی قازانج نەویستە بۆ رێزلێنان لەپڕۆفیسۆر دكتۆر عزەدین، فاروقی مەلا مستەفا دایمەزراندووەو هەروەها مێژووی بنەماڵەی حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژەی تێدایە.

وتیشی: هەرچەندە تەمەنی  ئەم ناوەندە كەمە، بەڵام كارو چالاكییەكانی بووەتە هۆی ئەوەی كەنووسەران و رۆشنبیرانی سلێمانی و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان كۆبكاتەوەو ئاوڕیش لەنووسەران و ئەدیبان بداتەوەو هەروەها بەرهەمی چەند نووسەریشی بەچاپگەیاندووە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار