35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ 16ی ئازار 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو تێدەپەڕێت کە بوە هۆی شەهیدبونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شارەکە، بۆ یادکردنەوەی ئەو روداوەش ئەمساڵ چەند رێوڕەسمێک لەپارێزگاکەدا بەڕێوەدەچێت.
لە پێشنیوەڕۆی ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨دا، وەک هاوڵاتیانی دانیشتووی شارەکە کە ئێستا بەرکەوتەی چەکی کیمیایین دەیگێڕنەوە، "لەناکاو بە بۆنی ئەو چەکە بەئاگا هاتنەوە و هێندەی نەبرد شارەکە رووبەڕووی کارەسات بووەوە و تەرمی ئازیزانیان لە هەموو ژوور و ماڵ و کوچە و کۆڵانەکاندا دەبینی."
بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش بەرکەوتەی ئەو چەکە بوون، کە بەشێکیان لە ژیاندا ماون و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە. ئەوانە جگە لە ونبوونی چەندین منداڵ کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە لەو کاتەدا چاودێری دەکران و نەگەڕانەوە هەڵەبجە، یاخود لە خێزانەکانیان دابڕان.
شایەتحاڵانی ئەو کارەساتە باس لەوەدەکەن، هێرشەکان بۆنی سێوی لێهاتووە. بەشێکیان بەخێرایی گیانیان لەدەستداوە، بەشێکیشیان ماوەیەکیان پێچووە و تووشی کۆکە بوون یان چاویان ئاوی کردووە و گیانیان سپاردووە. کە جگە لە خنکاندن، گازەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی بڵق، سووتان، کوێری و ڕشانەوەی ڕەنگ سەوز.


هاوکات رۆژی 13ی ئازاری ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی دەرکرد و دواتریش پەرلەمانی کوردستان شارەکەی وەکو پایتەختی ئاشتی ناساند، لە ئێستاشدا هەڵەبجە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و 19مین پارێزگای عێراقە.
پەیوەست بە هەوڵەکانیش بۆ بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە،ئەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەڵێت، "دوای تێپەڕبونی 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید تائێستا هەوڵەکان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی پێویستیدا نین و دەبێت لەمەودوا ھەڵەبجە بە راستی بکرێتە ناسنامەی گەلی کوردستان و، بخرێتە ئەجندای دیپلۆماسی بەئامانجی ناساندنی لەئاستی جیهان."
هەروەها لە ساڵیادی 35 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "مۆرکی رسوایی و شەرمەزارییە بە نێوچەوانی تاوانکارانەوە" و "نەیتوانی ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ئازادی بشکێنێت." ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت وەکو دادگە و یاسا بڕیاری داوە، هەڵەبجەییەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "له بيرهوهريى 35 ساڵهى تاوانى كيميابارانكردنى ههڵهبجهى شههيددا، به رێز و شكۆوه يادى شههيدان دهكهينهوه. دروود بۆ گيانى پاكيان و سڵاو بۆ خانهواده و كهسوكاريان دهنێرين."
كيميابارانكردنى ههڵهبجه، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "مۆركى رسوايى و شهرمهزارييه به نێوچهوانى تاوانكارانهوه، له جیهانیش ناسنامه و گهواهيى ستهملێكراويى گهلى كوردستانه. له چهند خولهكێكدا ژيانى له 5000 مرۆڤى بێتاوان و له سرووشت و له ههموو شتێك سهندهوه. ههزارانى ديكهى بريندار و دهربهدهر كرد، بهڵام نهيتوانى ئيرادهى گهلى كوردستان بۆ ئازادى بشكێنێت."
