پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک مادەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ڕۆژی هەڵبژاردنەکەی پەسەندکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حەوت مادەى پەسند کرد و  6ـی تشرینى دووەمى 2023 دیایکرا بۆ بەڕێوەچونی ئەو هەڵبژاردنە. 
 
پەرلەمانى عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20ی3 بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلیبوسی و ئامادەیی 171 پەرلەمانتار دەنگى لەسەر حەوت مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژى 25ى 3 دواخرا.
 
لەکۆبوونەوەکەدا پەرلەمان 6ى تشرینى دووەمى 2023ى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد. 
دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنانە کرابێت لە ساڵى 2013بوو.
 
هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و بەگوێرەى ئەو مادانەى پەسندکراون، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەى کۆتاى پێکهاتەکانیش گۆڕانکاریان تێدا نەکرا کە 9 دانەن. 
 
پەرلەمان  بەشێکى دیکەى ئەو مادانەی پەسەندکرا ، لەبارەی شێوازى هەژمارکردنى دەنگەکان بوو ، بڕیاردرا  سەرجەم بنکەکانى دەنگدان ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنیش بێت. ئەگەریش ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنى دەستى دەبەسترێت. هەروەها دەبێە لەماوەى 24 سەعات ئەنجامى سەرەتایی دەنگدانى تایبەت و گشتى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیێندرێت.
 
ئەم دەنگدانە لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لیستەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارانی سەربەخۆکایی لێکەوتەوە، ئەوان دژى ئەوەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هەر پارێزگایەک بکرێتە یەک بازنە لە برى فرەبازنە، هەروەها نایانەوێت سیستمى سانت لیگۆ بۆ ژماردن و دابەشکردنى دەنگەکان بەسەر بەربژێرەکاندا پەیڕەو بکرێت بۆ دیاریکردنى براوەى هەڵبژاردن.

بەپیی هەمواری مادەی (15)ی یاسای هەڵبژاردنەكان:
یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەران لە (329) كورسی پێكدێت كە بەمجۆرە دابەشكراوە: 
ا-(320)كورسی بەسەر پارێزگاندا دابەش دەكرێت, وەك ئەوەی لەخشتەی ژمارە(1)هاوپێچی یاساكەدا هاتووە.
ب-ئەم پێكهاتانەی خوارەوە پشكی (كۆتا)یان پێدەدرێت لەتێكڕای كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران, ئەگەر لەلیستەكانی تریش بەشداریبكەن كاریگەری لەسەر پشكەكانیان ناكات, پێكهاتەكان ئەمانەن: 
1-پێكهاتەی مەسیحی (5) كورسی, دابەشدەكرێت بەسەر پارێزگاكانی بەغدادو نەینەواو كەركوك و دهۆك و هەولێر.
2-پێكهاتەی ئێزدی (1) كورسی لەپارێزگای نەینەوا.
3-پێكهاتەی سابئەی مەندائی (1) كورسی لەپارێزگای بەغداد.
4-پێكهاتەی شەبەك (1) كورسی لەپارێزگای نەینەوا.
5-پێكهاتەی كوردی فەیلی (1) كورسی لەپارێزگای واست.
ج- ئەو پارێزگایانەی كورسیەكانیان لەكورسیەكانی كۆتا بۆ تەرخانكراوە, یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبن بۆ نوێنەرایەتی كورسی كۆتای تەرخانكراو, لەچوارچێوەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی سنورە ئیدارییەكەی.  
پەرلەمانی عێراق مادەی (16) لەیاسای هەڵبژاردنەكان پەسەندكرد كە بەمشێوەیەیە: 
یەكەم:
ا-كۆمیسیۆن پشت بە ئامێری ئەلەكترۆنی دەبەستێت بۆ خێراكردنی ئەنجامەكان و پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ سەرجەم وێستگەكان كە لەناو هەمان وێستگەدا ئەنجامدەدرێت, پێویستە كۆمیسیۆن لەماوەی (24) كاتژمێردا ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی ڕابگەیەنێت. 
ب-لەحاڵەتێكدا ئەنجامی بژاردنی دەستی و ئەلەكترۆنی هاوتان نەبوون لەهەمان وێستگە كە ڕێژەكەی 5% كەمتر بوو, ئەوا ئەنجامی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی حساب دەكرێت.
ج- لەحاڵەتێكدا ڕێژەكە (5%) زیاتر بوو, وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینی ناوەندیی لەپارێزگاكەو كۆمیسیۆن لەرێی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستییەوە ئەنجامەكان یەكلادەكاتەوە.
د-ئەگەر ئەنجامەكان لەڕێی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان نەنێردران بۆ سەنتەری پۆلێنكردنی ئەنجامەكان بۆ ماوەی (6)كاتژمێر, ئەو سندوقانەی ئەنجامەكانیان نەنێردراون لەڕێی گوێزەوەی نێوەندەوە دەبرێنە سەنتەرەكانی وردبینی ناوەندیی لەپارێزگاكان و كۆمیسۆن بۆ یەكلایكردنەوەی ئەنجامەكانی پشت بە بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی دەبەستێت. 

پەرلەمانی عێراق بڕگەی (ئەلف)ی لە بەندی دووەم پەسەندكرد:
ا- پێویستە كاندید هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس یاخود هاوتای ئەو بڕوانامەیە بێت, جگە لەكۆتاكان كە بڕوانامەكانیان لە ئامادەیی و بەرەوژوور دەبێت.
ب-لیسەتەكانی هەڵبژاردن ڕێژەیەك كە (20%)زیاتر نەبێت بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم و ئامادەیی و بڕوانامەكانی هاوتای تەرخان بكەن. 

بەندی سێیەم: كاندید سزا نەدرابێت بەتاوان و كەتنی لەكەداركردنی ناموس, بەئەنجامدانی گەندەڵی ئیداری و دارایشەوە بەبڕیاری دادگا, لێخۆشبون بیگرێتەوە یان نا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار