نەورۆزی ئامەد بە بەشداری سەدان هەزار کەس بەردەوامە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نەورۆزی شاری ئامەدی باکوری کوردستان بە بەشداری سەدان هەزار کەس بەردەوامە، لە ئاهەنگەکەدا پەیامی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد دەدرێت و پۆلیسی تورکیا گۆڕەپانی نەورۆزی گەمارۆداوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر روویکردووە پارکی نەورۆز لە ناوچەی رەزانی ئامەد. ئەوەی سەرنج رادەکێشێت زۆری بەشداربوونی ژنان و گەنجانە. لە پێنج قۆڵەوە خەڵکی ئامەد دەچنە ناو پارکی نەورۆز. گەڕەکی باغجلاریش ٦ خاڵی پشکنینی جیاجیای پۆلیس دانراون.

لە ئاهەنگەکەدا پۆستەری ژینا ئەمینی بە نوسراوی "بە تاڵی قژی ژینا ئەمینی ئێمە گوڕ بە تێکۆشانی ژنان دەدەین" و پۆستەرێکی کەمال کورکوت بە نوسراوی "کەمال کورکوت نامرێ" لە گۆڕەپانەکە هەڵواسراوە.

ژنان و گەنجان بە ئاڵاکانی یانەی ئامەد، سەوز و سور و زەرد چوونە ناو گۆڕەپانەکە و دروشم بۆ ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وترانەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی، پۆلیسی تورکیا کە دەوروبەری گۆڕەپانی نەورۆزیان گەمارۆداوە و تەلبەندێکی پێنج مەتر بەرزیان داناوە، رێگەیان نەداوە زۆرێک لە هاوڵاتیە کوردەکان کە جلوبەرگی کوردیان لەبەر کردووە بچنە نێو گۆڕەپانی نەورۆز.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار