تەرمی 9 شە٭ڕ٭ڤا٭نەکەی هە٭سە٭دە گەیشتە حەسەکە و سبەینێ بەخاکدەستپێدرێن

12 مانگ لەمەوپێش



تەرمی 9 ئەندامی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ی سەر بە هەسەدە کە لە روداوی هەلیکۆپتەردا گیانیان لەدەستدا، گەیشتنە حەسەدە. سبەینێ بە ڕێورەسمێک بەڕێدەکرێن
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرتای (هەسەدە) بە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکرد کە تەرمی شەڕڤانانی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات) ئەمڕۆ گەیشتوونەتە حەسەکە. 
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " دوای چەندین پەیوەندی، هێزەکانمان تەرمی 9 شەهیدی فەرماندە و شەڕڤانی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)یان گەڕاندەوە کە لە ئەنجامی کەوتنی دوو هەلیکۆپتەردا شەهید ببوون.
تیمێکی هێزەکانمان لەگەڵ فەرماندەیی گشتی، تەرمی شەهیدانیان گەیاندە شاری حەسەکە. رۆژی چوار شەممە (22ئازار)، هێزەکانمان بە رێورەسمێک، شەهیدەکان بەڕێ دەکەن. رێورەسمەکە کاتژمیر 11:00 بە بەشداری گەل لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید ساریا لە گەڕەکی خوێران دەست پێدەکات، دواتر تەرمی شەهیدان لەسەر شان دەگوازرێنەوە بەرەو یاریگای سەردەم لە گەڕەکەکە و لەوێ رێورەسمێک ئەنجام دەدرێت."
رووداوەکە چۆن روویدا و چی کاردانەوەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا؟
پرسی کەوتنەو خوارەوەی 'هەلیکۆپتەرێک یاخود دوو هەلیکۆپتەر' لە نزیک گوندی بێرکیاتی سەر بە ناحیەی چەمانکێی پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان، لە شەوی ١٥ی ئازار، مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە، کە تاوەکو ئێستا چۆنیەتی رووداوەکە بە تەواوی روون نەبووەتەوە کە بەو هۆیەوە 9 بەرپرسی گەورەی دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان شەڕڤان عەبدی، خوشکەزای مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بوو.
سەرەتا، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە هەلیکۆپتەرێک کەوتووەتە خوارەوە و تەرمی حەوت شەڕڤانی هەسەدە کە ئەو بە پەکەکە ناوی هێنا، لەنێویدا دۆزراونەتەوە.
دوابەدوای رووداوەکە، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لەو دوو هەلیکۆپتەرەی كە ١٥ ئەم مانگە لە دهۆك كەوتە خوارەوە، 9شەڕڤانیان شەهید بوون.
هەسەدە وتی، هەلیكۆپتەرەکان لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەرەو شاری سلێمانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی گواستنەوەی ئەندامانی دژە تیرۆری رۆژئاوا بۆ مەشق و راهێنان روویشتوون، بەڵام بە هۆی دۆخی خراپی كەشوهەواوە کەوتووەنەتە خوارەوە. هەسەدە بانگەوازی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە رادەستكردنەوەی تەرمی شەڕڤانانیدا ئاسانكاری بكات.
هەرچەندە، هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد کە دوو هەلیکۆپتەر کەوتووەنەتە خوارەوە، بەڵام دژە تیرۆر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) رایانگەیاند، تەنیا هەلیکۆپتەرێک کەوتووەتە خوارەوە و ئەوەی دیکە، لە ناوچەکە دوور کەوتووەتەوە.
هەرچەندە دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان سەرەتا وتی، تەنیا حەوت تەرمیان دۆزیوەتەوە، بەڵام 19ی ئەم مانگە، سەرچاوەکانی هەواڵی باسی ئەوەیان کرد کە دوو تەرمی دیکەی شەڕڤانان لە ناوچەیەکی دیکەی نزیک لە رووداوەکە دۆزراونەتەوە. بەمەش پشتڕاست بووەوە کە 9 شەڕڤان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
هەسەدە جگە لەو راگەیەندراوە و ئاشکراکردنی ناسنامەی شەڕڤانان هیچ راگەیەندراوێکی دیکەی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و وڵامی هیچ لایەنێکی نەداوەتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رووداوەکە و هەلیکۆپتەرەکان زانیاری نوێی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، تەنها یەک هەلیکۆپتەر بووە و ئەو هەلیکۆپتەرە لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتییەوە کڕدراوە و نازانن چۆن گەیشتووەتە دەست دەستی هێزەکانی هەسەدە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییش بە راگەیەندراوێک، سەرەخۆشی لە هەسەدە و خانەوادەی شەڕڤانان کرد و وتی، "فیداکاریان لە پاراستنی سوریادا لەبیر ناکرێت." بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەلیکۆپتەرەکان نەدا.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەم بارەیەوە بێدەنگی شکاند و زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە بۆ ئاژانسی ئەسوشێدت پرێس رایگەیاند، پێدەچێت هەلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بن و هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە رێگەیەوە گواستبێتەوە.
هەرچەندە میدیاکانی تورکیا، بە چڕی باسی رووداوەکەیان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد کە هەلیکۆپتەرەکان لەلایەن چ دەوڵەت و گروپێکەوە رادەستی هەسەدە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی دەوڵەتی تورکیا یاخود سوپای ئەو وڵاتە، هیچ راگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە و پێدەچێت، لە لێکۆلینەوەکانیاندا بەردەوام بن، چونکە بە گوێرەی زانیاریەکان، هەلیکۆپتەرەکان لە جۆری (ئەی ئێس 320ی یۆرۆکۆپتەرن و لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئەڵمانی و فەڕەنسیوە بەرهەم هێناون و تورکیاش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا هەیە.

لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی شەڕڤان عەبدی، فەرماندەی گشتی دژە تیرۆری رۆژئاوا کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە و هاوکات، خوشکەزای مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەیە، بە هاوڵاتی راگەیاند، خانەوادەی شەڕڤان عەبدی گۆمانیان لەوە نییە کە هەلیکۆپتەرەکان یاخود هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە کەوتووەتە خوارەوە و ئامادە نەبوون هیچ قسەیەکی دیکە لەسەر رووداوەکە بکەن.
لە بەرامبەر قسەکانی مەسرور بارزانی کە راگەیاندبوو، هەلیکۆپتەرەکان لەلایەن گروپێکی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کڕدراون، بەڵام نازانرێت، بۆچی رادەستی هەسەدە کراون، ستران عەبدوڵلا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە ئاژانسی رۆژنیوزی راگەیاند، وەک 'مام جەلال' دەڵێت، هاوکاریکردن بۆ یەکێتی شەرەفە و تۆمەتەکان رەت دەکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار