لە ئامەد پۆلیس مێردمنداڵێکی کورد بەتوندی ئەشکەنجە دەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە شارۆچکەی لیجی ئامەد، منداڵێک گەیندراوەتە نەخۆشخانە و پارێزەرێک لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد دەڵێت لەلایەن 4 پۆلیسەوە توندوتیژی کراوەتە سەر.

رەمەزان قەرەئاپ پارێزەری خانەوادەی منداڵەکە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند، بە چوار پۆلیس ھێرشیانکردووەتەسەر مێردمنداڵەکە و پێیانوتووە دەبێت رقت لە کورد بێت و بڵێی ئەوان خۆشبەختن کە تورکن، بەڵام ئەو مێردمنداڵە ترساوە و ھیچی نەوتووە، ئەوەش پۆلیسەکانی توڕەکردووە و لێیانداوە و بێھۆش بووە، دواتر گوندنشێک مێردمنداڵەکەی بەفڕێدراوی و دەستوپێی بەستراوەوە دۆزیتەوە و بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پارێزەرەکە ڕایگەیاندووە ، ی.د کوڕێکی تەمەن 14 ساڵە و ئێوارەی ڕۆژی شەممە لەگەڵ هاوڕێ 10 ساڵانەکەی، لە سەنتەری شاری لج، کاتێک ویستوویانە بچنەوە ماڵەوە، ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکان لەبەردەمیان وەستاوە و هەردوو منداڵەکەیان سواری ئۆتۆمبێلەکە کردووە.

ئاشکراشیکرد، مێردمنداڵەکە بەھۆی ئەشکەنجەدان و لێدانی توند، چاوی ڕاستی کوێر بووە و نیشانەیەکی زۆری لێدانیش لەسەر جەستەی ھەیە، سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش سکاڵای لە دژی پۆلیس تۆمارکردووە و داوایان لە داواکاری گشتی کردووە کە دۆسیەکەیان لەسەر پۆلیس بکەنەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار