مێژووی بزری کورد یاخود بزرکردنی مێژووی کورد

11 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

بەدڵنیاییەوە، وەک هەر خوێنەرێکی مێژووی کورد و کەسێ کە ئارەزووی زانینی مێژووی گەلەکەیان دەکەن، هەرکاتێ کتێبێک دەربارەی مێژووی کورد و کوردستان بڵاو دەبێتەوە، شادومان دەبم و بەدەر لە خوێندنەوە و سەرنجەکانمان لەسەر کتێبەکەی کاک سۆران، پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کات و هەوڵەی نووسەر پشان دەدەین کە بۆ نووسینی ئەم کتێبە تەرخانی کردووە. ئومێدەوارم نموونەی کەسانی وەک کاک سۆران هەمیشە زۆر بێت.

بەرلەوەی بچمە سەر باسی کتێبەکە دەمەوێت تێگەیشتنێکی گشتی لەسەر مێژوو و چۆنییەتی مێژوونووسینەوە بخەمەڕوو. مێژوو بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات، ئەمەیش هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەگرێتەوە، واتە، هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا وەکوو سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، تەکنەلۆژی، پزیشکی، کەلتووری، هزری، ئایینی و سەربازی، بەشێکن لە مێژوو، بەمشێوەیە ئەگەر بێت و زۆرێک لەم لایەنانە ڕەچاو نەکرێت لە کاتی مێژوونووسیندا، ئەوا هەوڵەکە نەزۆک دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی مێژوونووسانی پیشەیی پسپۆڕن لە لایەنێکی دیاریکراوی مێژوو، واتە مێژوونووسێک پسپۆڕی قۆناغێکی کاتی دیاریکراو، سەردەمی فەرمانڕەواییەک یان ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراون، هتد. هەرشتێک پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە بە کاتێکی دیاریکراوی ڕابردووەوە هەبێت دەکرێت بە مێژوو ناو بنرێت، مێژوونووسان لەڕێگەی ڕیزکردن و ڕاڤەکردنی ڕاستی و بەڵگە مێژووییەکان، دەخوازن لە ڕابردوو تێبگەن، واتە دەیانەوێت تێبگەن نەوەکانی پێش خۆیان پەیڕەوییان لە چی کردووە، جیهانبینییان چۆن بووە، بیروباوەڕیان چی بووە، بەهاکانیان چی بوون. بەمێشوەیە، دەکرێت مێژوو وەک یادەوەریی مرۆڤایەتی سەیر بکرێت. بەم پێیەش، مێژوو گەنجینەی ڕووداو و ئەزموونەکانی ڕابردووە. لەبەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە دیاردە و ڕووداوەکانی هەنووکە کە هەر کۆمەڵگایەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تێگەیشتن لە مێژوو شتێکی بنچینەییە. بەم شێوەیە، خوێندنەوەی مێژوو واتە لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردنی ڕابردوو بۆ هەڵسەنگاندنی پرسە گرنگەکانیی ئێستا و لە ڕێگەیەوە وەرگرتنی ئەزموون و بەرچاوڕوونی بۆ نەخشەڕێژی ئاڕاستە و ڕێڕەو بۆ داهاتوو.

لە نووسینەوەی مێژوودا، پێویستە مێژوونووس ڕەچاوی چەندین خاڵی گرنگ بکات، لەوانە: کۆکردنەوەی زانیاری لەگەڵ بەڵگەنامەکان، ئەمانەش دەکرێت لە چەند شێوەیەکدا بن: پەیکەر، کاری گڵکاری، نووسین و هتد...، لە هەموویشی گرنگتر درک بە ئاگایی مێژووی ئەو سەردەمە بکات کە دەربارەی دەنووسێت، واتە دەبێت هەوڵی چوونە ناو ئاگایی ئەو مرۆڤانە بدات کە دەربارەیان دەنووسێت، ئەمەیش بەرلەوەی پرسێکی مێژوویی بێت، بابەتێکی مرۆڤناسییە، بۆ ئەوەی بە نزیک دروستی ئەو پارچە بەڵگانە ڕاڤە بکات کە لە ڕابردوودا ماونەتەوە. دواجار، پێویستە ئەو زانیاری و بەڵگەنامەی کۆکراونەتەوە، پوخت بکاتەوە و تێبینییەکانی بە زمانێکی ڕێک و لە تێگەیشتنهاتوو دابڕێژێتەوە و پێشکەشی خوێنەری بکات، هەروەها بە ڕوونی باسی هۆکارەکانی پشت گۆڕانکارییەکان بکات. واتە، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووەوە، پێویستە باسی چۆنیەتی گەشە و گۆڕانکارییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای بەرباس بکرێت.

مێژوونووسان بۆ نووسینەوەی ڕابردوو پشت بە دوو جۆر سەرچاوە (سەرچاوەی سەرەکی و لاوەکی) و هەندێجاریش گێڕانەوەی زارەکی مێژوو دەبەستن، ئەمەش زیاتر دەچێتە ناو سەرچاوەی لاوەکییەوە نەک وەک سەرچاوەیەکی تری سەربەخۆی مێژوویی. سەرچاوەی سەرەکی، ئەم شتەیە کە کەسێک لە شێوەی نووسین تۆماری کردووە یاخود لە شێوەی وێنە یان نەخشێنراوی خودی ڕووداوە مێژووییەکە ماوەتەوە، نامە و ڕۆژنامە و وتار و وێنە نموونەی سەرچاوە سەرەکییەکانن. هەروەها دۆزراوە شوێنەوارناسییەکانیش، بۆ نموونە ئامرازە گڵکارییەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی لەلایەن مێژوونووسانەوە تەماشا دەکرێن. ئامرازەکانی تر کە مێژوونووسان بەکاری دەهێنن، سەرچاوەی لاوەکین. سەرچاوە لاوەکییەکان ئەم بەڵگانەن دوای ڕووداوێکی مێژوویی لەلایەن کەسانێکەوە نووسراون کە ڕووداوەکەیان نەبینیوە. کتێب و تابلۆکان کە لەسەر بنەمای سەرچاوەی سەرەکی نووسراون یان کێشراون لە دوای ڕووداوەکەوە، نموونەی سەرچاوەی لاوەکین. لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا ئامرازێکی دیکە کە مێژوونووسان بەکاری دەهێنن، گێڕانەوەی زارەکیی مێژووییە. ئەمەش لە هەموو گێڕانەوەی زارەکیی نەنووسراوی ڕووداوەکان پێکهاتووە. مێژوونووسان تەنها لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو کەلتوورانەی کە هیچ تۆمارێکی نووسراوێکیان نییە، پشت بە مێژووی گێڕانەوەی زارەکی دەبەستن. ئەمەش خۆی لە گێڕانەوەی زارەکی ئەو چیرۆک و دابونەریت و گۆرانییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان لە کەلتوورێکدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر (سینگاوسینگ) دەیانگوازنەوە.

هەروەتر، مێژوونووسان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان و سەلماندنی تێز و تیۆرەکانیان، بەڵگەی سەرچاوە سەرەکی و لاوەکییەکان و مێژووی گێڕانەوەی زارەکی بەکاردەهێنن. دەبێت لە نێوان چەندین بەڵگەنامە و بەڵگەدا کامیان گرنگترین و متمانەپێکراوترینە وەک بەڵگە هەڵیبژێرن. هەمیشە هەڵبژاردنی بەڵگەی مێژوویی ئاسان و سادە نییە. هەندێک جار ئەوەی مێژوونووسان بە ڕاستییان دەزانی، دوای دۆزینەوەی هەندێ بەڵگە و شوێنەواری مێژوویی تازە نادروست دەردەچێت. بێگومان، نابێت ئەمەیش لەبیر بکەین کە هەندێکجار مێژوونووسان بە بەکارهێنانی هەمان بەڵگە بە دەرئەنجامی جیاواز دەگەن.

کەواتە، مێژوونووسان تەنها بەڵگەنامەی نووسراو بەکارناهێنن، بەڵکوو سەرچاوەی زارەکی و شتگەلێکی وەک باڵاخانە و شوێنەوار و وێنە و تابلۆکان بەکاردەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. واتە، بەشێکی زۆری تێگەیشتن و تیۆرە مێژووییەکان پشتبەستوون بە دۆزراوە شوێنەوارناسییەکان، بەشێوەیەک زێدەڕەوی نابێت ئەگەر بگوترێت بەبێ شوێنەوارناسی نووسینەوەی مێژووی دێرین جگە لە کۆمەڵێک بانگەشەی بێبەڵگەی داستانئامێز نەبێت، هیچی تر نییە. هەروەتر، ناتوانرێت مێژوو بەبێ تێگەیشتن لە بوارە مەعریفییەکانی دیکەی وەک ئابووری، کۆمەڵناسی، یەزدانناسی، مرۆڤناسی، جوگرافیا، شوێنەوارناسی و زمانەوانی بیری لێ بکرێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت مێژوو بۆ تێگەیشتن لە بوارە مەعریفییەکانی تر بەکاربهێنرێت و بوارەکانی تریش یارمەتی مێژوو دەدەن بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو و گۆڕانکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات.

مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد

کتێبی "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان (لە ١٠٠٠٠ پ.ز وە بۆ ١٣٠٠ ز)"، نووسەری کورد بەڕێز سۆران حەمەڕەشە و لە ساڵی ٢٠٢٢، چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاو کرایەوە. بە گوتەی نووسەر خۆی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لەلایەن برا گەورەی نووسەرەوە کاک کەمال حەمەڕەشەوە بە چاودێری نووسەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

نووسەر لەم کتێبەدا ڕوونی دەکاتەوە کە بنچینە و ئامانجی مێژوونووسیی مۆدێرن بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی کۆن و ڕەگ و سەرچاوەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا بە مەبەستی تێگەیشتن لە ڕابردوو دانەنراوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بۆ پڕۆژەی خزمەتکردن بە دەوڵەت-نەتەوەکانی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و ئەوروپا و مەرامی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ئایینی دامەزراوە. بێگومان، ئەمەیش بە بڕوای نووسەر نابابەتی مێژوونووسانی مێژووی کۆنی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست دەردەخات. ئەم تێگەیشتن و مەرامەیش لە ڕێگەی گوڵبژێرکردنی هەندێ ڕووداوی مێژوویی  و گەل (فارس، عەرەب و تورک) و دەرکردنی هەندێ گەلی تر (کورد) ئەنجام دراوە. بەگوێرەی ئەمەیش، نووسەر بۆچوونی وایە کە مێژوونووسیی سەردەم ڕەنگدانەوەی هەقیقەتی مێژوویی بنچینەی شارستانییەت نییە و لە ئاکامدا ئەوەی لە ئێستادا هەیە، جگە لە هەڵەتێگەیشتنی مێژوویی هیچی تر نییە، هەر ئەم ڕێباز و تێگەیشتنە چەوتە مێژووییانە هۆکارن لەبەردەم ئەوەی کە گەلی کورد مێژوویەکی بزر و نەگێڕدراوی هەبێت.

یەکێک لە بانگەشە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە، پەیوەندی بە زمانی سۆمەری و کوردییەوە هەیە. نووسەر، پێچەوانەی شارەزایانی زمان و مێژووی دێرین، باوەڕی وایە زمانی سۆمەری (٤٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر لەناونەچووە، بەڵکوو زمانەکە زیندووە و بە شێوەی تازەی زمانەکە لە لایەن کوردەوە قسەی پێ دەکرێت. نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو باس لە پەیوەندی و نزیکی زمانی سۆمەر لەگەڵ زمانە مۆدێرنەکانی وەک ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ڕووسی و هەندێ زمانی تریش دەکات.

نووسەر ئەم کتێبەی بە بڕوایەکەوە نووسیوە کە گوایە بە توندی دژایەتی تێگەیشتنە باوەکانی مێژوونووسان دەکات لەمەڕ مێژووی کۆنی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ. هەروەتر، ئاگاداری مێژوونووسانی کورد و خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و ئەوروپا دەکاتەوە کە "بەبێ تێگەیشتن لە مێژووی کورد، بنەچەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا و زمانە هیندۆئەوروپییەکان بە نادیاری دەمێنێتەوە."

ئەگەر لەسەر ناونیشان و پێشەکییەکەوە سەرنجێک بدەین، ئەوا بەپێی دەرئەنجامگیرییەکانی نووسەر، لەڕاستیدا مێژووی کورد "مێژووی بزر و نەگێڕدراوە" نییە، بەڵکوو "مێژووی شێواو و پشتگوێخراوە." هەروەها پێشەکیی کتێبەکە، پێشەکییەکی دووبارەی ناپێویستی هەمان پێشەکییە کە نووسەر لە کتێبی پێشووتریدا بە ناونیشانی "کورد کێیە؟"[1] بۆ کتێبەکەی نووسیوە، تەنها چەند کۆدێڕیکی زیاد کردووە، وەک ئەوە وایە پێشەکی بۆ چاپێکی تری کتێبی "کورد کێیە؟" نووسیبێت نەک کتێبێکی دیکەی سەربەخۆ. هەروەتر، نووسەر لە پێشەکییەکەدا، ناکارایی و هەژاری زانکۆ و دەزگا ئەکادیماییەکانی کوردستان و لێنەکۆڵینەوە لە کتێبەکەی پێشووتری "کورد کێیە؟" کە پێی وایە دەبووایە دەنگدانەوەی مەزنی هەبووایە، وەک هۆکارێک سەیر دەکات بۆ نووسینی کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی. چونکە نووسەر باوەڕی وابووە کە نووسین بە ئینگلیزی "هۆکاری سەرەکی من ئەوە بوو کە ویستم بابەتە مێژووییەکان بکەوێتە بەردەم دەزگا ئەکادیمییە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی و جیهانییەکان بەگشتی، بە مەبەستی ئەوەی کە بتوانرێت ببێتە مایەی مشتومڕی جدیی و ئەو بابەتە [پرسی دێرینی مێژووی کورد] لە ئاستی جیهاندا یەکلا بکرێتەوە."[2] ئەمە سەرەڕای ئەوەی نووسەر لە چەندین شوێنی کتێبەکەدا، بە توندی ڕەخنەی دەزگا ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوا دەگرێت و پێی وایە نووسەرە ڕۆژئاواییەکان مێژووی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاستیان بە سوودی گەلانی عەرەب، تورک و فارس نووسیوەتەوە و لەم نێوەندەدا مێژووی کوردیان "بزر" کردووە. هەر لە پێشەکییەکەوە، نووسەر مژدە بە خوێنەرانی مێژووی کورد دەدات کە "کتێبی لەو جۆرە پێشتر بەرهەم نەهاتووە بەتایبەت لەلایەن کوردێکەوە."[3]

کاک سۆران، لەبەشی دووەمی کتێبەکەدا، ئاگادارمان دەکاتەوە کە بۆ پڕکردنەوەی "بۆشاییەکی گەورە" لەسەر تێگەیشتن دەربارەی بنەچە و مێژووی دێرینی کورد، هەوڵ دەدات "لە ڕێگای تەرکیزکردنی سەرەکی لەسەر شیکردنەوەی دوو جۆر بەڵگە، نووسین/زمان و کشتوکاڵ"[4] ئەم ئەرکە بەجێ بگەیەنێت و لەم ڕێگەیەیشەوە "هاوشێوەی زۆر توێژەری تر،" هیوا دەخوازێت ببێت بە "پێشڕەو لەو بوارەدا."[5]

بێگومان، "نووسین/زمان و کشتوکاڵ" یاخود ڕاستتر بڵێین دۆزراوە کشتوکاڵییەکان یاخود شوێنەوارە سەرەتاییە کشتوکاڵییەکان، دەکەونە چوارچێوەی سەرچاوەی سەرەکی بۆ نووسینەوەی مێژوو، بەڵام لە تەواوی کتێبەکەدا هیچشتێک لەسەر دۆزراوە تاتەقوڕینەکانی میزۆپۆتامیا نابینین (جگە لە ئاماژەی بچووکی لاوەکی بە هەندێ دەقی وەک داستانی سۆمەری "ئێنمێرکار و گەورەی ئاراتە") و هیچشتێکیش لەسەر سەرهەڵدانی کشتوکاڵ ناخوێنینەوە، جگە لە ڕیزکردن و بەرانبەردانانی وشەگەلی سۆمەری و ئەکەدی بەرانبەر هاوتا کوردییەکانیان، ئەم وشە هاوتاییانەیش لە نێوان زمانەکاندا دەکرێت وەک "وشە قەرزکردن" تەماشا بکرێت نەک وەک بەڵگەی یەک‌زمانی کە نووسەر بانگەشەی دەکات. هەروەها، جگە لە ڕێزکردنی ناوی هەندێ شوێنەواری دێرین (ل٤-٥)، نووسەر هیچ شتێکمان لەسەریان پێ ناڵێت، کە دەبووایە لانیکەم لە ڕوانگەی دابەشکاریی شوێنەوارناسییەوە، ئاماژەی بە قۆناغ و کەلتوورەکانیان کردبا. بێگومان دەربارەی "وشەی لێکچووی زمانی کوردی-سۆمەری"، ئەوەندەی من ئاگاداربم، پێشتر هەردوو نووسەر مامۆستا سەباح یاسین لە کتێبی "ئاو بە تاو و فەرهەنگۆکی کوردی – سۆمەری، ٢٠١٩" بە وردی و چڕی لەسەر پەیوەندی وشە و زمانی کوردی-سۆمەری نووسیوە، هەروەها، کاک شێرکۆ عادل دەباغ، لە هەردوو کتێبی "شارستانیەتی چیلکە: زمانی سۆمەری هاوتا لە تەک زمانی کوردیدا، ٢٠٢٠ و، دەربارەی ڕەچەڵەکی بەریتانیا و ئینگلیس، بنەچە و ئاخاوتن، ٢٠١٩" نەک هەر باس لە پەیوەندی وشەیی کوردی-سۆمەری دەکات بەڵکوو باس لە پەیوەندی هەردوو زمانەکە لەگەڵ زمانی ئینگلیزیشدا دەکات، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە نووسەر وەک خۆی دەڵێت: "ئەو بەراورد و لێکچوونانەی سەرەوە لە نێوان زمانی سۆمەری و کوردیی نوێدا شتێکی ڕوونە و ئاشکرایە. بەڵام ئەم بەراوردە لەلایەن هیچ زمانەوانێک یان مێژوونووسێکەوە هەرگیز پێشتر ئەنجام نەدراوە"[6]، یەکەم کەس نییە "دۆزینەوەی ئەرخەمێندسی"ـیەکەی بۆ هاتبێت، شایەنی ئاماژەپێکردنە، هەردوو کتێبی دوو نووسەری لە پێش‌ئاماژەپێکراو بە چەندین ساڵ پێش کتێبەکەی کاک سۆران نووسراون.

نووسەر لە ڕێگەی ئەم وشە لێکچووانەی کوردی-سۆمەری، بەو دەرئەنجامە دەگات کە زمانی سۆمەری زمانی کوردی کۆنە، نووسەر دەنووسێت: "هەر وەک لە ڕێگای وشە، دەستەواژە و ڕستەوە ڕوونکرایەوە، زمانی کوردی نوێ زمانی سۆمەرییە لە شێوە نوێکەیدا و خەڵکی کورد هێشتا بە کۆنترین زمانی نووسراو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، قسە دەکەن."[7] بێگومان نابێت بیرمان بچێت نووسەر لەمەڕ زمانی کوردی نوێ، واتە کوردی ناوەندی (زاری سۆرانی) بە تایبەت هی ناوچەی "گەرمیان" و لە دیاریکردنی "ئەو جێگایانەی کە ئەمڕۆ بە سۆمەری دەدوێن"، دەنووسێت: "لە ناو ناوچەی جوگرافیای ئاخێوانی ئەو زاراوەیەدا [مەبەست زاراوەی سۆرانییە]، ناوچەیەکی بنەڕەتی هەیە کە زمانەکەی زیاتر لە سۆمەری دەچیت وەک لە ناوچەکانی تر: ئەوەش ناوچەی گەرمیانە."[8] واتە بە تێگەیشتنی نووسەر ئەگەر کوردێکی ناوچەی گەرمیان گەشتەکات بکات و بچێتەوە هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەردانی ئوروک بکات ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتوانی شارەکەدا بکات، وەک ئەوە وایە لە چەمچەماڵەوە بچێت بۆ کەلار، بەڵام ئەگەر کوردێکی سۆرانی، زاری ناوچەیەکی تر، بۆ نموونە شەقڵاوە یاخود پێنجوێن، لەگەڵ گەرمیانییەکەدا گەشتەکاتەکە بکات، ئەوا سەختتر دەتوانێت لەگەڵ دانیشتوانی ئوروک بدوێت، گومانی "بێگانە" دەکەوێتە سەر شەقڵاوەیی و پێنجوێنییەکە.

بێگومان، سەرەڕای ئەوەی نووسەر هیچ شتێکمان نە لەسەر زمانی سۆمەری نە زمانی کوردی پێ ناڵێت، واتە نووسەر لە هیچ شوێنێکدا لەسەر دوو زمانەکە ناوەستێت و باسی ڕێزمان و ڕستەسازی و بونیادی زمانەکان ناکات. ئینجا کاتێ سۆمەرییەکان دەکات بە کورد، ئاماژە بە "پرسی سۆمەری[9]" و تیۆرەکان لەسەر بنچینەی سۆمەرییەکان ناکات، کە پرسێکی زۆر گرنگ و مشتومڕهەڵگرە لەناو مێژوونووسانی میزۆپۆتامیادا. هەروەتر، زمان یەکێکە لە لاوازترین ئەو بەڵگانەی کە دەکرێت بۆ پەیوەندیی نەژادی دوو گەلی سەردەمی جیاوازدا بەکار ببرێت. بە نموونە، ئەگەر زمان بکرێت بە بەڵگەی یەک‌نەژادی ئەو کەسانەی بە یەک زمان دەدوێن، ئەوا دەکرێت بڵێین، بە نەژاد ئەفریقاییەکانی ئەمریکا کە زمانیان ئینگلیزییە یاخود ئەمریکایی و ئوستڕالیاییەکان، سکۆتلەندی و وێڵزی و ئێرلەندییەکان هەموویان بە نەژاد ئینگلیزن چونکە هاوشێوەی دانیشتوانی ئینگلتەرا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. ئەمە لەکاتێکدا، هەموومان دەزانین ئەوانەی لە ئێستادا بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن لە بنەڕەتدا سەر بە نەژادی جیاوازن کە دابەش دەبن بەسەر ئەفریقا و ئەوروپادا. هەروەها، بە پێی تێزەکەی نووسەر، ئەوانەی کە بە کوردی نادوێن یاخود زمانی کوردی فێر نەبوون بە هەرهۆکارێ بووبێت، ناتوانین بە کورد هەژماریان بکەین. ئەم تێگەیشتنەی نووسەر درزی گەورە دەخاتە ناو تێزەکەیەوە. لێرەدا بانگەشەی ئەوە ناکرێت کە تێزەکەی نووسەر هەڵەیە، بەڵکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، چەوتی میتۆدۆلۆجی یاخود بێمیتۆدی نووسەر دەردەخات.

هەروەها، نووسەر جیاوازی لە نێوان سۆمەر و کورددا، تەنها بە هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەبەستێتەوە، واتە سۆمەرییەکان بە "کوردی دەشتەکان" و کوردی هاوچەرخ بە "کوردی نوێ" (ل٣٣)، ناوزەد دەکات. بێگومان ئەم دابەشکاری و جیاوازییە لە چەندین شوێنی کتێبەکەدا دووبارە دەبێتەوە. بۆ ئەمەیش پشت زیاتر بە گێڕانەوەی نووسەرانی کلدانی، ئیسلامی دەبەستێت لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ نووسەری ڕۆمانی-یۆنانی و کوردیش لە ناویاندا مەلا مەحموودی بایەزیدی. خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم دابەشکاریی و جیاوازییەی نێوان "کوردی چیا و دەشت" بگەڕێتەوە بۆ کتێبی "کومەڵگای کوردەواری لە سەدەکانی ناوەڕاست، چاپخانەی ئاوێر (هەولێر، ٢٠١٤)"، نووسەر و مێژوونووس بەڕێز دکتۆر زرار سدیق تۆفیق. لەم کتێبەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت جیاوازییەکە لە نێوان دانیشتوانی کوردستان خۆیەتی بە تایبەت لە نێوان کوردانی نیشتەجێی شارەکان و ئەو کوردانەی گەرمێن و کوێستانیان کردووە نەک خەڵکی دەرەوەی جوگرافیای کوردستانی مەزن، بە نموونە سۆمەر.

بێگومان، هەر خوێنەرێکی مێژوو و بەتایبەت مێژووی دێرین، دەزانێت بۆ ئەوەی مێژوونووسێک تێزێکی بەرهەم بهێنێت، چەندین بەڵگە بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی تێزەکەی. واتە ئەگەر مێژوونووسێک بانگەشەیەک بکات، دەبێت چەندین ڕووداو و بەڵگەی مێژوویی (سەرەکی و لاوەکی بەڵام کەمتر زارەکی) لە چەندین ڕوانگەوە بە پشتبەستن بە چەندین بواری مەعریفی شیکار و لێکبداتەوە تاوەکوو هەوڵ بدات خوێنەرانی قایل بکات بەوەی کە تێزەکەی نزیکە لە ڕاستی ئەم سەردەمەی باسی لێوە دەکات. بێگومان بۆ مێژووی دێرین ئەرکەکە زۆر سەختترە، چونکە ئەگەر سەیر بکەین، میزۆپۆتامیا زیاتر لە ژوورێکی تاریک دەچێت کە ناوبەناو ڕوناکییەک لە ژوورەکە دەدات و هەندێ بەشی ناو ژورەکە ڕۆشن دەکاتەوە و زوو ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت. ئەگەر وێنەی ئەم ژوورە تاریکە وەربگێڕینە سەر دۆزراوە شوێنەوارییەکان، ئەوا دەبینین لەناکاو ناوێک یاخود گەلێک دەردەکەوێت و ئیدی دوای ماوەیەک بۆ چەندین سەدە ناوی بزر دەبێت و دواتر دەردەکەوێتەوە، زۆرجاریش هەیە گەلێک دەسەڵاتێکی زاڵ بەسەر تەواوی میزۆپۆتامیادا دەسەپێنێت بەبێ ئەوەی بۆ مێژوونووسان ڕوون بێت کە ئەو گەلە پێشتر لە میزۆپۆتامیادا ژیاون یاخود کۆچیان کردووە لە شوێنێکی دوورەوە. بە کورتی، کارکردن و نووسینەوەی مێژووی دێرین ئەرکێکی زۆر سەختە، چ بگا بەوەی کەسێ بتوانێت لە دوتوێی کەمتر لە ٤٠٠ لاپەڕەدا مێژووی ١١،٣٠٠ یازدە هەزار و سێ سەد ساڵی ناوچەکە بنووسێتەوە.

نووسەر کۆڕستەیەکی ئیبن وەحشییە کە دەنووسێت: "بە توانایی کورد لە کشتوکاڵ و ڕووەکناسیدا بوو. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە نەوەی بینوشادن و کتێبەکانی ئادەمیان هەیە لەسەر کشتوکاڵ."[10]، دەکات بە بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت "کورد نەتەوەی پێشڕەو بووە لە زانستی کشتوکاڵ و ڕووەکناسیدا، کە بنەچە سۆمەریبوونی ئەوان [کورد] دەسەلمێنێت، لەبەر ئەوەی سۆمەرییەکان بە تواناترین نەتەوە بوون لە کشتوکاڵدا."[11] ئەم تێگەیشتنەی کە نووسەر لای وایە تەنها لەبەرئەوەی کوردەکان لە سەردەمی ئیبن وەحشییەدا لە بواری کشتوکاڵدا لە کلدانییەکان بە تواناتر بوون، سەلمێنەری "بنەچە سۆمەریبوونی کوردانە" بەڵگەیەکی بەهێز نییە، چونکە دەکرێت بەم تێگەیشتنە بێت، کورد بچنەوە سەر دانیشتوانی میسر و ئیسرائیل و ئەردەنی ئێستایش، یاخود ئەو گەلانەیش لە بنچینەدا کورد بن، چونکە ئەوانیش لە هاوسەردەم و نزیک‌ بە سەردەمی سۆمەرییەکان خەریکی کشتوکاڵ و ئاودێری بوون. هیچ کەس ناتوانێت گومان لەوە بکات کە یەکەمجار کشتوکاڵ لە کوردستان سەری هەڵداوە و، بەڵگە شوێنەوارناسییە دۆزراوەکان (هەتاوەکوو ئێستا، کە دەکرێت دۆزینەوەی تر ئەم تێگەیشتنە هەم زیاتر بسەلمێنن هەمیش پیچەوانەی بکەنەوە)، یەکەمجار دانەوێڵە لە ناوچەی "قەرەجداغ"ـی نێوان هەردوو گەورەشاری کوردی ئامەد و ئورفە ماڵی کراوە[12]، بەڵام ناکرێت هاوتوانستی کشتوکاڵیی کورد و سۆمەر وەک بەڵگە بەکار بهێنرێت بۆ یەک‌نەتەوەبوونی ئەم دوو گەلە. ئەمە سەرەڕای ئەوەیش، ئەگەر گریمانەی یەک‌نەتەوەییبوونی کورد ڕێتێچوو بێت. ئەوا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆر وردی شوێنەوارناسی و کەلتووری هەیە نەک وەرگرتنی کۆدێڕی نووسەرێکی کلدانی کە زیاتر قسەی سەرزارەکی خەڵکی تۆمار کردووە نەک خۆی لێکۆڵینەوەی کردبێت لەسەر پەیوەندی نێوان کورد و سۆمەر.

لەمەیش زیاتر، نووسەر زمانی گەلانی دێرینی تری کوردستان هەر وەک کوردی هەژمار دەکات، بە نموونە دەنووسێت: "زمانی هوری، هاوشێوەی کوردی نوێ، لە ژمارەیەک زاراوە پێکهاتووە کە لە چەند دەوڵەتە شارێکدا قسەی پێ دەکرا. زۆر لایەنی زمانەوانیان لە زمانەکانی مادی و کوردی نوێدا ماوەتەوە."[13] ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا جگە لە چەند وشە و ناوی هۆری و دەقی کورتی پچڕاو، هیچ شتێک لە زمانی هۆریدا نەماوەتەوە، کەچی نووسەر نەک زمانەکە بە کوردی دەزانێت بەڵکوو دابەشکاری زاراوەیی زمانەکەش هاوشێوەی کوردی نوێ لێ دەکات. تەنها لە ڕێگەی دەقی  نموونەی "ڕاهێنانی ئەسپی کیکوڵی" و نزیکی هەندێ وشەی زمانی هۆری لە زمانی کوردی نوێ نووسەر دەخوازێت باوەڕمان پێ بهێنێت کە "زمانەکانی مادی، میتانی و کوردی نوێ هەمان زمانن کە لە سەردەم و ناوچەی جیاوازی کوردستاندا قسەیان پێکراوە."[14] بێگومان، کەس مافی ئەوەی نییە و نایشزانرێت کە هۆرییە دێرینەکانی کوردستان -کە بێگومان هۆرییەکان باوانی کوردن-، بڵێت بە هەمان زمانی کوردی نوێ قسەیان کردووە، ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی بەڵگەی تەواوەتی و یەکلاکەرەوە بەردەست نییە بۆ سەلماندنی. تەنها شتێک لە ئێستادا بتوانین بیکەین، چاوەڕێی شوێنەوارناسان بین تاوەکوو کنەی تەواوی ناوچەی هۆری‌نیشتەجێکانی کوردستان بکەن و دەقی نوێمان بۆ بدۆزنەوە و دەقەکانیش وەربگێڕدرێن و ئەوکاتە دەتوانرێت بانگەشەی نزیکی زمانی هۆری و کوردی پشتڕاست بکرێتەوە.

پەیوەست بە پەیوەندی تێز و بەڵگەوە، نووسەر چەند بەڵگەیەکی دیاریکراو بۆ سەلماندنی چەند تێزێک بەکار دەهێنێت، واتە بە پێچەوانەی مێژوونووسانی تر لەبری ئەوەی چەندین بەڵگە بۆ سەلماندنی تێزێک بەکار ببات، ئەوا چەند بەڵگەیەک یاخود بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی چەندین تێز بەکار دەبات. من لێرەدا بەڵگەکان ڕیز ناکەم لەگەڵ تێزەکانی نووسەر و ناچمە ناو وردەکاری چۆنیەتی کارپێکردنی ئەم بەڵگانە لەلایەن نووسەرەوە، چونکە ئەگەر ئەمە بکەم ئەوا وتارەکە زۆر تاقەتپڕوکێن دەبێت چونکە دووبارەبوونەوەکان وەکوو نوکتەی کەسێکی قسەناخۆش وان کە بۆ ئەوەی هەزەلیبوونی خۆی بسەلمێنێت، چەندینجار نوکتەکەی لە چەندین دۆخ و خوانی جیاوازدا دووبارە دەکاتەوە. خوێنەر دەتوانێت سەیری کتێبەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت کە نووسەر بۆ سەلماندنی "تێزەکانی"، لە چەندین شوێندا یەک بەڵگە بەکار دەبات.

نووسەر، ئەو دەقەکانەی کردوون بە بەڵگە کە زیاتر تۆماری گێڕانەوەی زارەکیی مێژوون نەک بەڵگەی کۆنی سۆمەری و ئەکەدی یاخود هەر گەلێکی مێخینووس. کاک سۆران، لە بەڵگەهێنانەوەکانی زیاتر پشتی بە نووسەرانی یۆنان-ڕۆمانی و ئیسلامی بەستووە بۆ سەلماندنی تێزەکانی. لە زۆرشوێندا هیرۆدۆتی وەک بەڵگە هێناوەتەوە، دروستە هێرۆدۆت لەلایەن سیسرۆی سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ڕۆمانی بە "باوکی مێژوو" ناوزەد کرا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە لایەن پلوتارک بە "باوکی درۆ" ناوی براوە[15]. دەکرێت پێش ئەوەی زانستی شوێنەوارناسی، ئەو کاتەی کە شوێنەوارناسی بەتەواوی شێوەی نەگرتبوو و دۆزراوەکان لەسەر خۆرهەڵاتیی ناوین بەربڵاو نەبوون، هیرۆدۆت یاخود هەر مێژووتۆمارکەرێکی کۆن گرنگی زۆری هەبووبێت بۆ مێژوونووسان، بەڵام دوای دۆزینەوە شوێنەوارناسییەکان و لێکۆڵینەوە لە دەقە مێخییەکان، هیرۆدۆت بە دەگمەن وەک سەرچاوە بەکار دەبرێت. بێگومان ناتوانین بڵێین تەواوی گێڕانەوەکانی هیرۆدۆت نادرووستن، ئەوەتا، دەکرێت ئەم تێگەیشتنەی هیرۆدۆت کە دەربارەی مەترسی هاوسەرگیری نێوان دوو کەسی سەر بە دوو گەلی جیاواز دەکات و وەچەکانیان بە مایەی سەرئێشە و کێشە دادەنێت وەک ڕاستی وەربگرین. بۆ نمونە هیرۆدۆت کوروشی دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشی وەک (ئێستر) دەناسێنێت، بەکارهێنانی ئەم سیمبوڵە کە لە چەندین شوێنی تری کتێبەکەدا دوبارە دەبێتەوە. هیرۆدۆت بۆیە ئەم سیمبوڵیزمە بۆ کوروش بەکار دەهێنێت چونکە دایکی (ماندانای) کچی پاشا ئاستیاگی مادییە و باوکیشی (کەمبوجی یەکەم)، دایکی کوروش وەک (ماین) و باوکی وەک (کەر) وێنا دەکات و وەچەی ئەم دووانەش (ئێسترە)، وەک ئاشکرایە ئێستر وەچە ناخاتەوە و "بێ بەرهەمە"، ئەمەشی بۆیە بەکاربردووە کە باوەڕی وابووە فارسەکان ناتوانن هیچ شتێک دابهێنن و جگە لە هەڵگرتنەوەی کەلتور و تایبەتمەندی سەردارانیان.[16] هەروەها، زۆرجار نووسەر، تێگەیشتنی پەرتووکی پیرۆز (پەیمانی کۆنی) بەکار بردووە لە بەڵگەهێنانەوەکانی، ئەمە لەکاتێکدایە کە پەیمانی کۆن هەرگیز لەلایەن مێژوونووسانی پێش-مێژوو (بەر لە داهێنانی نووسین)، وەک سەرچاوە بەکار نابرێت. واتە، ئەگەر هاتبا و خودی پەیمانی کۆن و هەتا قورئانیش، باسی ڕیشەناسیی کوردیشیان کردبا، ئەوا لە مێژوونووسیدا نەدەتوانرا پشتی پێ ببەسترێت، چونکە هەردووکیان "ڕاستەقینەیی مێژووییان" یەکلایی نەبووەتەوە و بێگومان ئەگەر ئەم دەقانە بخرێنە ناو مەکینەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی، ئەوا وەک تۆزی سەر بانان بە با دەچن. واتە زۆرێک لەم سەرچاوانەی نووسەر بەکاری بردوون بە تێگەیشتنەکانی دەقە ئاینییە ئیبراهیمییەکانیشەوە، لەناو شوێنەوارناسی و بەدەست شوێنەوارناسانەوە چارەنووسی "گوڵ"ـەکەی نالی مەزن چاوەڕێیان دەکات بەدەست "باغەوانەوە"، ئەمانە کە "یاغی و دەم دڕاو... [کەوتوونەتە] لاف و ڕەنگ" بەدەست شوێنەوارناسییەوە دەنێردرێن بۆ"بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی."[17] بەکورتی، دروستە ئەم دەقانەی کاک سۆران پشتی پێ بەستوون ڕاستیی مێژووییان هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی دەقەکان ڕاستیی مێژووییان نییە.

یەکێک لە تێگەیشتنە سەرنجکێشەکانی نووسەر، دەستەواژەی "سێگۆشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی"ـیە (ل٥١-٥٨). بە هەمان شێوەی بەڵگەهێنانەوەکانی تری نووسەر، لێرەیشدا جگە لە ئاماژەیەکی سەرپێی بە "گرێ مرازان" تەواوی بەڵگەهێنانەوەکانی تری دیسانەوە دەچێتەوە ناو هەندێ سەرچاوەی گێڕانەوەی زارەکیی مێژوو و دەقە ئاینییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە نووسەر خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە "هەرچەندە زۆربەی ئەم ئەفسانە و چیرۆکانە ناتوانرێت وەکوو ڕوداوی مێژوویی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت" بەڵام تەنها لەبەرئەوەی نووسەر لای وایە ئەمانە "هەڕەمەکی نین" (ل٥٤)، ئەم گێڕانەوانە بەکار دەبات بۆ ئەوەی تێزەکەی لەسەر جوگرافیای نێوان شرناخ و ئورفە و شەنگار، بە دانانی سنوری ئەم ناوچانە وەک "سێگۆشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی" بسەلمێنێت.

هەروەها، نووسەر لە بەشێکدا لەسەر "کەسایەتیە ناودارەکانی کورد بە درێژایی مێژوو" دەوەستێت، لەم بەشەدا نووسەر باسی هەندێ کەسایەتی کردووە کە زۆربەیان نووسەر و زانان. واتە، تەنها ئەم چەند ناوانەی کە لەسەریان وەستاوە بە "کەسایەتی ناوداری کورد" هەژمار دەکات. بیریشمان نەچێت، بەپێی مێژووی ژیانی ئەم کەسایەتییانە، بۆ نووسەر "درێژایی مێژوو" واتە، سەدەی دووی هەزارەی زایینی هەتاوەکوو سەدەی چواردەی زایینی.

یەکێک لەو دیاردە سەیرەی کە نووسەر بە درێژایی کتێبەکە نیشانی دەدات، گەڕاندنەوەی مافی هەندێ لەم نەخشانەیە کە لە کتێبەکەیدا بەکاری بردوون. کەم مێژوونووس هەیە لە دونیادا ئەم کارەی کردبێت مەگەر مێژوونووسەکە خۆی پسپۆڕی بواری جوگرافیا و نەخشەکێشی بێت. کاک سۆران تەنها لەبەرئەوەی ئەم ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن خەڵکی پسپۆڕەوە بە پشتبەستن بە شوێنەوار و تایبەتمەندی جوگرافیایی ناوچەکان، شوێنەکان یەکلایی کراونەتەوە، نووسەر بە ڕەنگتێرکردنی "ناوچەکە" و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی "کوردی" ئەوا مافی خودی نەخشەکە بۆ خۆی دەگێڕێتەوە و دەیەوێت فریوی ئەوەمان بدات کە خۆی هەستاوە بە نەخشاندنی نەخشە جوگرافییەکە.

لەم بەڵگەهێنانەوەی نووسەرەوە ڕوون دەبێتەوە کە لای نووسەر بەڵگە و سەرچاوە لەسەر کورد و ئەم ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت "کوردستان" زۆر کەمە، جگە لەم سەرچاوە تۆمارە زارەکی و ئایینییانە نەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە مێژوونووسی مەزنی کورد، مێهرداد ئێزەدی دەنووسێت: "سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری لەسەر مێژووی کورد، لە سه‌رده‌می کۆنەوە تا سه‌رده‌می هاوچه‌رخ، لە هەموو کتێبخانە گەورەکانی جیهاندا زۆرن و بە ئاسانی بەردەستن. ئەوەی کە ڕێگر بووە لە کۆکردنەوەی مێژووی کورد کەمیی توێژینەوە بووە نەک كه‌میی سەرچاوەی توێژینەوە."[18] ئەمەی نووسەر کردوویەتی ناکرێت وەک لێکۆڵینەوە-لە-سەرچاوە-دێرینەکان بێت لەسەر مێژووی کورد، وەکئەوەی گواستنەوەی تۆمارە زارەکییە مێژووییەکان بێت لەسەر کورد. بێگومان بۆ هەندێ سەردەمی مێژووی نووسەر بەڵگەهێنانەوەکانی جوان پێکاویەتی، بەڵام پەیوەند بە "پێش-مێژوو" ئەو سەردەمەی نووسین دانەهاتووە و سەرەتاکانی داهێنانی نووسین، بە نموونە سەردەمەکانی هەلەف، ئوبەید، سۆمەر و ئەکەد هیچ باسێک نەکراوە و ئەگەریش باسکرا بن و ناویان بردرابێت، پشت بە بەڵگە شوێنەوارناسییەکان و نووسینە مێخییەکان نەبەستراوە.

وەک لەسەرەوەیش ئاماژەی پێ کرا، نووسەر بۆ سەلماندنی تێزەکانی لە هەربەشێکی کتێبەکەیدا، بەڵگەهێنانەوەکانی زۆر لاوازن و، دووبارەکردنەوەیەکی ناپێویست و هەندێجاریش بێزارکەری سەرچاوەکان، زیانی زۆری بە تێزەکانی نووسەر گەیاندووە. ئەمە لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ دەستەواژەی نادروست و ناپێویست بەکار دەبات، بە نموونە "ئیمپڕاتۆریەتی ئەیوبی" (ل٣٣٠) بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەیوبییەکان بەکار دەبات کە لایەن سەرکردەی کورد سەڵاحەدینی مەزن دامەزراوە. ئەم دەسەڵاتەی سەڵاحەدینی مەزن دایمەزراندووە، لەلایەن مێژوونووسان و لەنێو مێژوویشدا بە "ئیمپڕاتۆرییەت" ناو نەبراوە. هەروەتر، ڕیزکردنی ناوی "هەندێک کەسایەتی ژنی هەڵکەوتووی کورد" (ل١٠٠)، بە واتای بەرزی پێگەی ژن نایەت لەنێو گەلی کورددا بەراورد بە گەلانی تری ناوچەکە، چونکە لەناو تەواوی گەلانی دونیادا هەمیشە "کەسایەتی ژنی هەڵکەتوو" هەبووە. ناکرێت گومان لە تێگەیشتنەکەی نووسەر بکرێت، بێگومان پێگەی ژن لەناو کورددا زۆر جیاوازترە بەراورد بە پێگەی ژن لەناو گەلانی تری ناوچەکەدا بەتایبەت سامییەکان، بەڵام دیسانەوە میتۆدۆلۆجیی نووسەر کێشەدارە و ئەم سەرچاوانەی کە پشتی پێ بەستوون دیسانەوە تۆماری زارەکین نەک لێکۆڵینەوەی وردی مرۆڤناسی و کەلتوورناسی لەسەر ژن و پەیوەندی ڕەگەزی لەناو گەلی کوردا. ئەگەر هاتبا و نووسەر ئەمەی کردبا، دڵنیام زۆر جێگای سەرنج و دەستخۆشی دەبوو.

بەدەر لەمانە، نووسەر "زەردەشتی پێغەمبەر" و  "ژنانی ئەمازۆن" دەکات بە کورد. بێگومان تاوەکوو ئێستا کەس نازانێت و نەسەلمێندراوە کە "زەردەشت" هاوشێوەی "ئیبراهیم و موسا" بوونی هەبووبێت یاخود نا. واتە مێژووییبوونی ئەم کەسایەتییانە گومانیان لەسەرە و تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی شوێنەوارناسی هەبوونی ئەوانی نەسەلماندووە. هەتا گومان لە کوردبوونی ئایینەکەیش هەیە، بەدڵنیاییەوە زەردەشتییەت هاوشێوەی یەهوودییەت و مەسیحی (کە سەردەمێک هەندێ لە خەڵکی کورد باوەڕیان پێ بووە) و ئیسلامیش بەسەر کورددا بەزۆر سەپێندراون و دوورونزیک پەیوەندییان بە ئایینی کۆنی "مۆغە" کوردەکانەوە نییە، کە دوای فەرمیبوونی ئایینی زەردەشتی لەلایەن ئیمپراتۆرییە فارسەکانەوە لە سەدەی شەشەمی پێش‌زایینەوە، دەستدەکرێت بە کوشتاری "مۆغەکان" لەلایەن دەوڵەتەوە. سەبارەت بە ئەمازۆنییەکان، نووسەر پشت بە وتەی سەرزار یاخود میناک[19] دەبەستێت تاوەکوو ئەمازۆنەکان بە کورد دابنێت. گوایە لەبەرئەوەی هەندێ نووسەر ژنانی جەنگاوەری کوردیان بە ئەمازۆنی ناو بردووە ئەوا دەکرێت ئەمازۆنییەکان کورد بووبن. نەک هەر ئەمەیش، وشەی ئەمازۆن کە وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای "بێ‌مەمک" یاخود "مەمک‌بڕاو" دێت، نووسەر لای وایە یۆنانییەکان هەڵەیان لە ناوەکەدا کردووە و لەڕاستیدا ناوەکە "هەمووژن"ـە نەک ئەمازۆن. ئەم جۆرە لە گرێدانەوە و دەستکاریکردنی وشە بەپێی هیچ بوارێکی زانستیی سەردەم مایەی قەبوڵ نییە بەڵکوو مایەی "ئەها"یەکی گاڵتەئامێزە.

هەروەها، بێگومان مێژووی کورد هەرگیز ئەوە نییە کە "خەڵکانی بێگانە و ناکورد" زۆرجار بە ڕەچەڵەک کوردیش تۆماریان کردووە، بۆ نموونە هەندێ کەس کە سیخناخن بە نەریتی ئیسلامی، دەیانەوێت کورد بگەڕێننەوە بۆ یەکێ لە کوڕەکانی "نوح،" باوەڕیان وایە لەم ڕێگەیەوە "شانازی" بۆ کورد دەگێڕنەوە، وەک ئەوەی کەسێ هەبووبێت لە مێژوودا ناوی "نوح" بووبێت! وەک ئەوەی ئەگەر کورد بچێتەوە سەر یەکێ لەم "پێغەمبەرانەی" نێو دەقە ئیبراهیمییەکان ئەوا دێرینبوونی کورد یەکلایی دەبێتەوە، بێئاگا لەوەی کە بەپێی پەیمانی کۆن، کە دەقێکی کۆنترە لە قورئان، "تەمەنی زەوی ٦ هەزار ساڵە." ئەم نوکتە مێژوویی و جوگرافییە، ئەوەندە سواوە مرۆڤ زۆریش لە خۆی بکات ناتوانێت پێبکەنیت. بە تایبەت عەرەب، فارس و تورک، چونکە لەڕاستیدا، گێڕانەوە و تۆمارە مێژووییەکانی ئەوان نەک شایەنی ئەوە نییە بەرپەرچ بدرێنەوە، بەڵکوو کڵۆڵی و هەژاریی بێ بنەچەیی کەلتوریی ئەم گەلانە دەردەخات کە ئەوان مێژوویان لەسەر بنەمای کۆمەڵێ 'چیرۆکی بەرئاگردان' بونیادناوە کە بە هێزی باڵی تەپۆیەک ڕادەماڵرێت. بۆیە، لەسەر مێژوونووسانی کورد پێویستە بە وردی و ماندوونەناسانە لە ڕێگەی دەزگای نیشتیمانییەوە، دەست بکەن بە کنەکردنی دەقە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و خۆرهەڵاتیی نزیک و دۆزراوە شوێنەوارییەکان بەکاربهێنن، دەکرێت زۆر پشت بە کارەکانی هەردوو دکتۆری پسپۆڕ و شارەزای بواری شوێنەوارناسی و مێژووی دێرینی کورد  دکتۆر کۆزاد محەمەد ئەحمەد و دڵشاد عەزیز مارف (دڵشاد زاموا) لەگەڵ چەندین کەسانی پسپۆڕ و شارەزای تری کورد ببەستن بۆ یەکلاکردنەوە و نووسینەوەی مێژووی دێرین و ڕاستەقینەی کورد.

بێگومان، هەڵە میتۆدۆلۆجی و بەڵگەهێنانەوە-دووبارەکانی نووسەر ئەوەندە زۆرن، لە وزەی وتارێکی کورتدا نییە دیارییان بکات، بێگومان ئەمەش مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە وەک لە پێشەکیەکەی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، ئەم کتێبە ئەوەندەی تێگەیشتنی دەروون-کۆمەڵایەتی بەسەر نوسەردا زاڵە، تێگەیشتنی مێژوویی تێدا نییە. بەکورتی، بە دڵتەنگییەوە ئەم دێڕانە دەنووسم، چونکە لەڕاستیدا وەک هەر خوێنەرێکی مێژووی کورد و خەمخۆری مێژووی کۆنی گەلەکەمان شادومان بووم بە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە بەڵام نەک لە پای چاوەڕوانییەکانمدا نەبوو، بەڵکوو نائومێدیشی کردم کە "مێژوونووسانمان" لەم ئاستە سەرەتاییەی مێژوونووسیدان. ئەگەر بە وشەیەک پێناسەی ئەم کتێبە بکەم، ئەوا ئەم کتێبە جگە لە کتێبێکی زڕەمێژوو هیچی تر نییە و نووسەر بەم بانگەشە زۆرانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردی دەخوازێت خوێنەری کورد فریو بدات کە تەنها ئەو مێژووی "بزری" کوردی دۆزیوەتەوە. ئەم کتێبە لە باشترین باردا، کتێبێکی کاریکاتێری دزێوی مێژووناسییە، بەشێوەیەک دەکەوێتە نێوانی گاڵتەجاری و بەزمەساتی مێژوویی، کە بەهیچ شێوەیەک نابێت بخرێتە ناو ڕەفەی مێژوونووسی کوردییەوە. لە خراپترین باریشدا، "جوتکردنە لەناو ئاودا"، چونکە "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد" وەک جۆگەلەیەکی وشک لەبری ئەوەی تینوێتی مێژوویی خوێنەرانی مێژووی کورد بشکێنێت، ئەوا خواستی خوێندنەوەشیان دەربارەی مێژووی کورد وشک دەکات. بێگومان، ئەم کتێبە بۆ ئەو خوێنەرانەی ئاگایی مێژووییان نییە و هەگبەی مێژووییان هاوشێوەی دەستەواژەی باوەڕدارانی "زەوی تەختە" بەتاڵە، ئەمە کتێبێکی سەرنجکێش و گرنگە لەسەر کورد و مێژووەکەی، بەڵام بەداخەوە، ئەم کتێبە ئەوەندەی زیان بە مێژوونووسی کورد دەگەیەنێت، سوود بە مێژووی کورد ناگەیەنێت، تەنها سوودێک ئەم کتێبە بە ئەوانەی بگەیەنێت کە سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووی کوردن، ئەوەیە کە ناکرێ جارێکی تر کتێبی وەها بخوێنینەوە یاخود مێژوو بەم شێوەیە بنووسینەوە.

 

[1] کورد کێیە؟ (مێژووی کورد و ڕەچەڵەکی زمانەکەی لە سەرەتای شارستانیەتەوە هەتاوەکو سەدەی دەیەمی زاینی)، سۆران حەمەڕەش

[2] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان (لە ١٠٠٠٠ پ.ز وە بۆ ١٣٠٠ ز)، لXI

[3]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لXX

[4] هـ. س، ل٧

[5] هـ. س، لXI

[6] هـ. س، ل٢٤

[7] هـ. س، ل٢٥

[8] هـ. س، ل٣٤

[9] The Sumerian Problem

[10] مێژووی بزر و نەگێڕدراوی کورد، ل٣٥-٣٦

[11] هـ. س، ل٣٥

[12] Pourkheirandish M, Dai F, Sakuma S, Kanamori H, Distelfeld A, Willcox G, Kawahara T, Matsumoto T, Kilian B, Komatsuda T. On the Origin of the Non-brittle Rachis Trait of Domesticated Einkorn Wheat. Front Plant Sci. 2018 Jan 4;8:2031. doi: 10.3389/fpls.2017.02031. PMID: 29354137; PMCID: PMC5758593.

[13] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، ل٢٣٩

[14] هـ. س، ل٢٣

[15] https://history.howstuffworks.com/historical-figures/herodotus.htm

[16] خوێنەر دەتوانێت بۆ زیاتر ئاگاداری دەربارەی چەمکی (ئێستر) لای هیرۆدۆت، بۆ ئەم دوو لێکۆڵینەوەیە بگەڕێتەوە: Strong AK. Mules in Herodotus: the destiny of half-breeds. Class World. 2010;103(4) و Roy, Cornelia. (2010). Cyrus the Mule or Cyrus the Persian? SSRN Electronic Journal.

[17] https://books.vejin.net/ck/text/610

[18] https://www.nawext.com/ku/post/view/گەڕان-بە-دوای-بنەچەی-کورددا

[19] byword

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار