کتێبخانەی ئاشووربانیپاڵ

11 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

سەرەتاییترین نموونەی نووسین لەجیهاندا لەسۆمەرەوە دەستپێدەکات و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ٣٢٠٠ پێش زایین. سەرەتا سۆمەرییەکان وێنەی سادەکراویان بەکارهێناوە کەپێیان دەگوترێ وێنەهێما کەشتومەک و شتەکانیان نواندووەتەوە. دواتر، وردە وردە ئەم وێنەهێمایانە زیاتر ئەبستراکت کران و پەرەیان پێدرا بۆ شێوەی نووسین کە بەمیخی ناسراوە، کە شێوەی قامیشیان بەکاردەهێنا بۆ پێکهێنانی هێما. لەم شێوە نووسینەی میخیدا، زیاتر لە ٦٠٠ هێما هەبوون کە دەتوانرا بەشێوەیەکی کارا بۆ نووسین بەکاربهێنرێن. رێنووسی میخی لەسۆمەرەوە بڵاوبووەوە و لەکۆتاییدا بوو بەشێوە نووسینی نزیکەی پانزە زمانی جیاواز لە میزۆپۆتامیای کۆن و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا سەدەی یەکەمی زایینی بەکارهێنرا.

پاشای ئاشووری ئاشووربانیپاڵ لەسەدەی حەوتەمی پێش زایین فەرمانڕەوایی میزۆپۆتامیای دەکرد. ئاشوور لەو سەردەمەدا خاکی لەباکوور قەفقاز، لەباشوورەوە ئەفریقاو لەڕۆژئاوا دەریای ناوەڕاست و لەڕۆژهەڵاتەوە تا ناوەڕاستی ئێران  سنوری بوو. هەرچەندە ئاشووربانیپاڵ بەهەڵمەت و پەلامارە سەربازییەکانی ناوبانگی دەرکردبوو، بەڵام ئەم پاشایە یەکێک لەگەورەترین کتێبخانە دێرینەکانی ئەو سەردەمەی درووستکردووە کە تائەمڕۆش ماوەتەوە.

 

کتێبخانەی شاهانەی ئاشووربانیپاڵ

کتێبخانەی شاهانەی ئاشووربانیپاڵ کە ناوی ئاشووربانیپاڵ دوایین پاشای گەورەی ئیمپراتۆریەتی ئاشوورییە، زیاتر لە ٣٠ هەزار تاتەقوڕ و پارچەی گڵینە لە خۆدەگرێت، کە زۆربەی دەقەکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین، لەنێویاندا دەقی تێدایە کە بە زمانی سۆمەری و ئەکەدی و زمانە جۆراوجۆرەکانی تری میزۆپۆتامیا نوسراون. لە نێو ئەو نوسراوە دۆزراوانەدا، داستانی بەناوبانگی گلگامێش هەیە، کە بە بەناوبانگترین داستانی دێرینی مێژوو دادەنرێت.

ئەم کتێبخانەیە لەکنەکردنەکانی ساڵانی ١٨٤٩ و ١٨٥٢ لەلایەن شوێنەوارناس و ئاشووریناسی بەریتانی ئۆستن هێنری لەیاردو ئاشووریناسی عێراقی هورمز رەسام لەنەینەوا (موسڵ)ـی پایتەختی ئاشووریەکان دۆزرایەوە. ئەم کتێبخانەیە زیاتر لە ٣٠ هەزار تاتەقوڕی تێدابووە، دەقەکانی لەسەر پزیشکی، کیمیا، فەلەکناسی، ئەستێرەناسی، مێژوو و جوگرافیا، فەرهەنگ و رێزمان، بیرکاری، دەقی جادوو، پێشبینی، رێوڕەسمی ئەفسوناوی و ئایینی و ئوستورە بوون. وا گریمانە دەکرێت کەئەمە تەنیا بەشێکی کەم لەتەواوی کۆکراوەی کتێبخانەکە بێت: چونکە شیمانە دەکرێت ئەو دەقانەی کە لەسەر مۆم و چەرم و هەر شێوەیەکی تر نووسراون لە کاتی ئاگرەکەوتنەوە سووتاوە، بەڵام دەقە گڵینەکان و تاتەقوڕینەکان بەپێچەوانەوە خۆگرتربوون و  توانیویانە تاڕۆژگاری ئێستا زانست بپارێزن.

دەگوترێت کە ئاشووربانیپاڵ خۆی ئامادە نەکردبوو  بۆ ئەوەی ببێتە پاشا - دەبوو براکەی شوێنی بگرێتەوە. باوکی ئاشووربانیپاڵ خواستی ئەوەی هەبووە کوڕەکەی بکاتە سەرکاهین، بۆیە ئاشووربانیپاڵ بیرکاری و خوێندنەوە و نووسین و زانستە جۆراوجۆرەکانی خوێندووە. بەپێی گێڕانەوەیەک ئاشووربانیپاڵ بووەتە تاکە پاشای ئاشووری کەتوانای خوێندنەوەو نووسینی هەبووە. پاشاکە لەسەر یەکێک لە لەتاتە قوڕەکان دەنووسێت، « من ئەوەم خوێندووە کە ئاداپای ژیر پێی بەخشیوم، بەتەواوی شارەزا بووم لەنهێنی هونەری نووسین لەسەر گڵێنە، شارەزا بووم لە خواناسیی لەئاسمان و لەسەر زەوی، بەشداریم لەگفتوگۆی پیاوە زاناکاندا کردووە، بەپشتبەستن بەجگەری ئاژەڵی قوربانیکراوە، دەتوانم لەگەڵ ڕاڤەکارە بەئەزموونەکانی فەلەکناسی پێشبینی داهاتوو بکەم. من توانای شیکارکردنی کێشە ئاڵۆز و دژوارەکانی دابەشکردن و لێکدانەوەم هەیە، بەردەوام ئەم دەقانە دەخوێنمەوە کە لەلایەن نوسیارانی زمانێکی ئاڵۆز وەک سۆمەری یان ئەکەدی کە لێکدانەوە قورسە، ئاشنام بەنووسینەکانی سەر بەرد هەڵکەنراوەکانی پێش مێژوو، کە لەئێستاوە تەواو لەتێنەگەیشتن هاتوون.»

هەروەها، ئەم پاشایە بەخۆشەویستی و حەزێکەوە ئەم کتێبخانەیەی درووستکردووە کەنوێنەری بۆ زۆربەی ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایی ناردووە بۆ ئەوەی ئەم دەقانەی لەئاشوور نین، بۆی بهێنن، ئاشووربانیپاڵ دیسان لەسەر تاتەقوڕێک دەنووسێت. « هەر تاتەقوڕێکی بەنرخ لەئاشوور نییە، بیدۆزنەوەو بیگەیەنە دەستم.»

هەروەها بەپێی نووسینی سەر تاتەقوڕێکی تر، «هەر کەسێک بوێری ئەوەی هەبێت ئەم تاتەقوڕانە ببات، جا توڕەیی ئاشووری و بێلیتی بەسەردا ببارێت. سا ناو و نەوەکانی لەم خاکەدا ناویان نەمێنێت.» دەریدەخات کە کتێبخانەکە، تایبەت نەبووە بەڵکو گشتی بووە و نزای تایبەت بۆ پاراستنی دەقەکان هەبوون و ئەوانەش سزادراون کەهەر دەقێکیان دزیبێت.

هەنووکە، بەشی هەرەزۆری دۆزراوەکانی ئەم کتێبخانەیە لەئێستادا، لەمۆزەخانەی نیشتیمانی بەریتانییە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار