پیازو درۆن؛ هەڵبژاردنەكانی توركیا

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

هەرچەندە گۆڤاری پۆلیتیكۆ ئاماژە بەپیازو بەرماڵ دەدات، بەڵام مەبەستی ئەو جیاوازە. مەبەستی پۆلیتیكۆ خوێندنەوەی پرۆسەی وروژانی كۆمەڵایەتییە، نەك روانگەی دوو هێز بۆ ئێستاو داهاتووی توركیا. ئێمە پیازو درۆن وەردەگرین بۆ قسەكردن لەسەر دوو هێزو روانگەی زاڵ لەهەڵبژاردنەكانی توركیادا.

هەركەسێك چاودێریی هەڵبژاردنەكانی توركیای كردبێت بەئاگایە لەئامادەیی پیاز، كاتێك كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەركە پیازی بەدەستیەوە دەگرت و دەیگوت، بەهەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان كیلۆی پیاز لە سی لیرەوە دەبێت بەسەد لیرە.

كەمال كلیچدار كەوەهای دەگوت لەمەتبەخەكەیاندا دانیشتبوو، كەمەتبەخێكی زۆر ئاسایی بوو. هەموو ئەمانە ئاكتی پڕ لەئاماژەن. ئەردۆغان لەوەڵامدا گوتی لەم وڵاتەدا كێشەی پیاز نیە، كێشەی پەتاتە نیە، هەروەها تەناتەت كێشەی خەیاریش نیە.

هەرچەندە ئێمە مەبەستمان هێندە رەهەندی هەڵاوسان و گرانی خواردن و سەختی ژیان نیە لێرەدا، بەڵام ئەو رەهەندەی لای خەڵكی ئاسایی تورك روونە.

سەرۆكی پێشووی توركیا سولەیمان دیمیریل قسەیەكی بەناوبانگی هەیە دەڵێت هەموو حكومەتێك دەتوانرێت بەقاپی مەتبەخ بڕوخێنرێت. مەبەستی لەگرانبوونی خواردن یان بەشێوەیەكی گشتی كاریگەری ئابورییە. دیارە ئەمە تەنها هەتا ئاستێكی زۆر جیهانییە. لەسەردەمی كلینتۆندا قسەیەك هەبوو دەیگوت، ئابورییە، گەمژە.

تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە، لەو روانگەیەوە كەئەگەر كلیچدارئۆغلۆ بێتەسەر دەسەڵات ئەوا هەوڵی بۆ ئەوە دەبێت كەكار لەسەر ئابوری توركیا بكات. ئەم جەختكردنەوەیە لەسەر ئابوری، بەمانای ئەوەدێت كەتوركیای ژێر دەسەڵاتی جەهەپە، وڵاتێك دەبێت كە بۆ ناوەوەی خۆی دەڕوانێت نەك دەوروبەرو دەرەوە. ئەم سەرقاڵبوونە بەناوەوە، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كورد هەیە.

بەپێچەوانەوە، كرۆكی بانگەشەی ئەردۆغان لەسەر كردنەوەی كارگەی سەربازیی و بنكەی ئەتۆمی و درۆن و كەشتی ئاسمانی بوو. ئەردۆغان دەیویست وەها دەربخات كەتوركیا گەورەیەو دەیەوێت لەناوچەكەو دونیادا رۆڵی هەبێت و توانای دروستكردنی كاڵای سەربازیی هەیە. ئەم بانگەشەیە لەكاتێكدا پەیامی جیوپۆلەتیكی هەیە كەتوركیا بەردەوام دەبێت لەفراوانخوازی و دەستوەردان و كێشە دروستكردن، بەڵام لە هەمانكاتدا هەوڵێكە بۆ پۆشینی كێشەی گرانی.

ئێستا كە مەبەستەكەمان روونكردەوە، بابێینە سەر خوێندنەوەی بانگەشەكان. كەمال لەمەتبەخ و ئەردۆغان لەكارگە، لەهەمانكاتدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا كەمال باشە یان رەجەب؟

كاتێك كەمال كلیچدارئۆغلۆ لەمەتبەخێكدا دانیشتوەو پیازێك رادەوەشێنێت دەیەوێت بڵێت سادەترین شت، سەوزەیەكی هەرزانی رۆژانە نرخی زۆر بەرزبووەتەوە، ژیان گران بووە، ئەردۆغان ژیان گرانتر دەكات، حكومەتی من بەئاراستەی ئاسانكردنی ژیان و باشتركردنی ئابوری كاردەكات. جۆرێك لەهاودەنگی هەیە كەیەكێك لەهۆكارەكانی هەڵاوسان لەتوركیا جۆری مامەڵەو تێگەیشتنی ئەردۆغانە بۆ ئابوری، كە بەپێچەوانەی هەموو دونیاوە، بڕوای وەهایە هەرزانكردنی پارە ڕێگاچارەی شیاوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵاوساندا.

بەم پێیە حكومەتی كلیچدارئۆغلۆ كار لەسەر گەورەكردنی سەربازی و دەستوەردانی ئیقلیمی و شەڕ ناكات، چونكە دەیەوێت نرخی لیرە بەرزبێتەوە. هەموو خەڵك لەتوركیا هاوڕان لەگەڵ كەمال كلیچداردا، بەڵام باوەڕی پێناكەن كەكەسێكی گونجاوبێت هەتا بتوانێت دۆخەكە چارەسەربكات، بۆیە هەر دەنگ بەئەردۆغان دەدەن.

 لەئاستی جیوپۆلەتیكیدا، مانای ئەوەیە كەحكومەتی توركیا بەسەرۆكایەتی كلیچدارئۆغلۆ هەوڵی هەناردەی سەرباز بۆ دەرەوەی سنور نادات، هەوڵی دەستوەردان لەجەنگەكاندا نادات، دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریكا پەیوەندییەكانی باش بكات، بۆ ئەمەش دەبێت پێچەوانەی ئەردۆغان بێت هەتا لیرە بەهای بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە بۆ كورد یانی چی؟

هەردوو جەختكردنەوە لەپرسە ناوخۆییە ئابورییەكان و هەوڵی باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوادا بەسودی كورد دەشكێتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆغانەوە، كە لەهەوڵی پەلكێشانە بۆ دەرەوەو لەهەوڵی پتەوكردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی كەنداوو رۆژهەلڵاتدا كەهەمویان دژ بەبوون و مافی كوردن.

هەڵەی كامپی كەمال كلیچدار ئەوەیە كە سەر بەسەردەمێكە خەریكە كۆتایی دێت. پێشتر زۆرمان لەم رەخنانە لەكامپی ئەردۆغانەوە بیستبوو. كامپی ئەردۆغان وەها بیردەكەنەوە كەسەردەمی رۆژئاوا كۆتایی هاتووە، بۆیە ئەوان نابێت تەنها روو لەڕۆژئاوا بن، بەڵكو دەبێت وەك ئەكتەرێكی سەربەخۆ كاربكەن. ئەمەشە كە بانگەشەكەیان لەژێر دروشمی سەدەی توركیدایە.

بەڵام رێچكە پیشاندەری ئەم دیدە ئەمریكیەكان خۆیانن. كەسێكی وەك جۆرج فریدمان كەدامەزرێنەی ناوەندی ستارفۆرو پاشان داهاتووی جیوپۆلەتیكییە، كە ویكیلیكس بڕوای وەهایە سەر بە سی ئای ئەیە، لەنزیكەوە راوێژكاری ئەردۆغانەو هانی دەدا كەوەك هێزێكی ئیقلیمی رۆڵ ببینێت.

دەكرێت لەڕووی چیوپۆلەتیكەوە دیدەكەی كلیچدارئۆغلۆ بەلۆزانیزم ناو ببەین.  كۆنگرەی لۆزان كەسەدەیەك لەمەوپێش سازكرا توركیای ئەمڕۆی لەهەناو ئەو نەخشەیەدا قەتیسكرد. لۆزانیەت یانی توركیا چوونە دەرەوە بەماف و رەوایی خۆی نازانێت. یانی دان بەسنورەكاندا دەنێت، یانی دەیەوێت لەمیانەی پرۆسەی توانەوەدا گەلی تورك لەهەناو سنوری دەوڵەتی توركیدا دروستبكات.

گەلی كورد لەباكور زۆری ئازار بەدەست ئەم تێزە چەشتوە. بەڵام دیدی كامپی ئەردۆغان دیدی میساقی میللیە. میساقی میللی هەردوو میللەتچیەكان و ئیسلامیەكان كۆدەكاتەوە، كەدەكاتە توركە فاشیستەكان و ئیسلامیەكان. رەنگە كەسایەتیەك كەئەم دیدەی زۆر بەچڕی تیادا بەرجەستە دەبێت، كەسی سولەیمان سۆیلوە. لەدوا لێدوانیدا بەرامبەر پەنابەرە سورییەكان سۆیلۆ دەڵێت، زۆرینەی پەنابەران لەناوچەی حەلەبەوە هاتوون، حەلەبیش بەپێی میساقی میللی بەشێكە لەتوركیا، بۆیە ئەوان هاووڵاتی ئەم وڵاتەن، پێویست ناكات بیاننێرینەوە.

ئەم دیدی میساقی میللیە، هەتا كەركوك لەخۆی دەگرێت لەباشور.

بەم پێیە ئێمە لەبەرامبەر دوو قوتابخانەداین: یەكەمیان كەدەخوازێت توركیا بەهێزبێت و بەدەوری خۆیدا پەلبهاوێت و سەدەی توركی دروستبكات و ببێتە هێزێكی هەرێمی و لەنێوان زلهێزەكاندا یاری بكات بەبەرژەوەندی خۆی. ئەم دیدە لەچەندین ئاستدا لەسوودی كوردنیە، چونكە دیدی توركیای بەهێز یانی سەركوتكردنی زیاتری كورد. درۆن لەسەر جەستەی كورد تاقیكرایەوە. كورد ئەو زەخیرە زیندوەیە كەدرۆنی توركی بەكاری دەبرد بۆ نمایشی خۆی. پشتكردن لەڕۆژئاوا، لەئێستادا بەسوودی كوردنیە چونكە یانی هێرش یان فشاری زیاتر لەسەر رۆژئاڤاو باشور، بەتایبەتی سلێمانی.

بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەردۆغان یان كلیچدارئۆغلۆ بەتایبەتی لەڕوانگەی كوردەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە كەمال. دیارە ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی لەكوردستان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت نیە، بەڵكو لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندییە. بێگومان ئەتاتوركیەت ئایدۆلۆژیایەكی فاشییە، بەڵام، ئەتاتوركیەت هێندە بەهێزنیە كەبتوانێت كاری گەورە بكات، دەستوەردان لەدەرەوەی خۆی بكات، حكومەتی چەندین دەیەیی بەڕێوەببات. وەك روونە كەپاش دەرچوونەوەی ئەردۆغان دەستور دەگۆڕێت، هەندێك دەڵێن تەنها بڕگەی دوو دەورە لادەبات، هەندێكی تریش دەڵێن گۆڕانكاری زۆر لەدەستوردا دەكات، بەجۆرێك، ئەگەر لەژیاندا بمێنێت هەتا ساڵی ٢٠٣٣ وەك سەرۆك كۆمار بمێنێتەوە. بەمجۆرە ئەردۆغان زیاتر لەواقیع دادەبڕێت، بڕوای بەخۆی زیاتر دەكات، هەوڵی عەزەمەتی زیاتر دەبێت و پەلكێشان و گەورەكردنی توركیا دەبێتە بەشێكی بنەڕەتی پلانەكانی، بەتایبەتی بەلاوازبوونی رۆژئاوا.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار