مووچە بازاڕ گەرم دەکات، گەشەپێدان بەدیناهێنێت

11 مانگ لەمەوپێش



سەرکۆ یونس

بەشێوەیەکی گشتی، بودجە دابەشدەبێت بۆ دوو لایەن، داهاتەکان و خەرجییەکان، خەرجی حکومی لەدوو بەشی سەرەکی پێکدێت، خەرجی بەکاربردن و خەرجی وەبەرهێنان. هەرچی خەرجی بەکاربردنە سەرەکیتریان خەرجی مووچەیە. حکومەتی هەرێم، بۆ خەرجی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران، مانگانە پێویستی بەنزیکەی 910 ملیار دینار هەیە. هەرێم لەساڵی دارایی 2014ەوە یاسای بودجەی نییە، نۆ ساڵە هەرێم کۆڵەکەیەکی گرنگ وستراتیژی و کارگێڕی و ئابوری و یاسایی نییە.  لەساڵانی هەبوونی بودجەدا، کەساڵی 2013 کۆتا ساڵی بوونی بودجە بووە، خەرجییەکانی بەکاربردن و مووچە بەنزیکەی 70%ی بودجەی گشتی بووەو 30% بۆ وەبەرهێنان دابینکراوە.  خۆشبەختانە لەو ساڵانەدا جموجوڵی گەشەسەندن و بوژانەوەی ئابوری بەزۆربەی کەرتە ئابورییەکانەوە دیار بووە، دەتوانین بڵێن ساڵانی گەشەسەندوویی ئابوری هەرێم لەدوای 2003ەوە تاساڵی 2014 بووە. بەداخەوە لەدوای ساڵی 2014ەوە بەسەدان پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی راگیراون و کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر کۆی جومگە ئابورییەکان. لەپاش بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەبێ رەزامەندی بەغدا، لەلایەکی ترەوە سەرهەڵدانی شەڕی داعش و کۆرۆنا ڤایرۆس و تا ئەم کاتەش هەرێمی کوردستان لەخراپترین بارودۆخی ئابوری و داراییدایە، بەشێوەیەک حکومەتی هەرێم ئەو داهاتانەی کۆیدەکاتەوە بەشێوەیەکی گشتی تەرخانی دەکات بۆ خەرجی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، ئەمە سەرەڕای راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی بۆ ماوەی نۆ ساڵ!  ئەوەی لەم وتارەدا دەمانەوێت لەڕووی ئابورییەوە جەختی لەسەر بکەینەوە، ئەوەیە کەمووچە بوژانەوەی ئابوری دروستناکات بەڵکو بازاڕ گەرم دەکات، بازاڕ گەرمی هەرێمی کوردستانیش کاتییەو تەنها لەچەندڕۆژی پێدانی مووچەدایە.  قەبارەی مووچەخۆرانی هەرێم، گەورەیەو لەئاست ستانداری نێودەوڵەتیدا نییەو بەشێوەیەک زۆربەی کۆمەڵگا پشت بەداهاتی مووچە دەبەستن بۆ بژێوی ژیان، قەبارەی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان لەهەرێمدا سنوردارن زیاتر لەسەنتەری هەولێرو سلێمانی و دهۆکدا چالاکن. بەهەمان شێوە وەبەرهێنانی بیانیش هەروایە، زیاتر لەهەولێری پایتەخت کاراترە بەبەراورد بەپارێزگاکانی تر.. لەلایەکی ترەوە، بەداخەوە لەبەرئەوەی لەتەرازووی بازرگانی هەرێمدا، بەشی هاوردە گەورەترو باڵادەستە، بەشێوەیەک ئامارە نافەرمییەکان، باس لەوە دەکەن رێژەی 90%ی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم لەدەرەوە هاوردە دەکرێت. بێگومان ئەمەش بەخراپ بەسەر ئابوری هەرێم و دارایی گشتی و تاک و خێزانەکان دەشکێتەوە، بەشێوەیەک زۆربەی دارایی هەرێم لەڕێگای هاوردەکردنەوە دەچێتە دەرەوەی هەرێم. بۆ نموونە مامەڵەی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، لەساڵی 2022دا،  نزیکەی 15 ملیار دۆلار بووە! بەشێوەیەکی رەها لەبەرژەوەندی تورکیا بووە.  ئەم بارودۆخە هاوشێوەیە لەگەڵ ئابوری عێراق، بەشێوەیەک لەماوەی ساڵانی رابردوداو بەپرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی (2023 و 2024 و 2025)دا، خەرجی بەکاربردن پشکی شێری بەرکەووتووەو زیاتر لە 80% بۆ بەکاربردنە.  بۆ هەر ساڵێکی دارایی قەبارەی بودجەی گشتی بەنزیکەی 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینار خەمڵێنراوە لەسەر بنەمای نرخی نەوت بە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لەم پرۆژەیاسای بودجەدا قەبارەی 47 ترلیۆن و 555 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ وەبەرهێنان، شایانی باسە ئەم بودجەیە بەشێوەیەکە کە لەمێژووی عێراقدا نموونەی نەبووە.  لاوازی کەرتی تایبەت و گەندەڵی سیاسی و ئابوری و زۆری مووچەخۆرانی سەر بەکەرتی گشتی لەعێراقدا، وایکردووە پشکی شێری بودجەی ساڵانە بۆ خەرجی بەکاربردن و مووچە تەرخان بکرێت، بەشێوەیەک 37% دەستی کاری عێراق لەکەرتی گشتییدا بەکارخراون بەبێ ئەوەی بەرهەمداری ئەم رێژەیە لەئاستی خواستراودا بێت. هەروەها بەپێی تووێژینەوەیەکی زانستی بۆ هەر 12 کەس یەک فەرمانبەر هەیە، ئەمەش رێژەیەکی گەورەیە بەبەراود بەڕێژەی فەرمانبەرانی حکومی لەوڵاتانی تردا، بۆ نموونە لەئەڵمانیا تەنها یەک فەرمانبەر خزمەتی 150 کەس دەکات و لەمیسر بۆ هەر فەرمانبەرێک بەرامبەر 25 هاووڵاتی دیاریکراوە، بەم پێیە عێراق ریزبەندی یەکەمی هەیە لەم بوارەدا!  ئەمە لەکاتێکدا پێوەری زانستی جیهانی بۆ قەبارەی فەرمانبەرانی حکومی بۆ هەر 100 هاوڵاتی یەک فەرمانبەر دیاریکراوە.  عێراق، بەنزیکەیی 4.5 ملیۆن فەرمانبەری هەیە، ئەمە جگە لە 3.5 ملیۆن کەس لەدانیشتوانی عێراق مووچە وەردەگرن وەک خانەنیشینی شارستانی و سەربازییەوە. بەهەمووی فەرمانبەران و مووچەخۆران و شەهیدان و بیمەی کۆمەڵایەتی، نزیکەی 9.5 ملیۆن کەس پشت بەحکومەت دەبەستن بۆ بژێویی ژیانیان! تەنها بۆ مووچە رێژەی تەرخانکراوی بودجەی ساڵانە 75% کۆی بودجە پێکدەهێنێت!  لەهەرێمیش هەر بەهەمان شێوەیە، قەبارەی فەرمانبەرانی حکومی بەنزیکەی 752 هەزارو 959 فەرمانبەر کە 60% کۆی موچەخۆرانی پێکدەهێنن،  هەروەها 502 هەزارو 364 کەس  خانەنیشینی شارستانی و سەربازی و شەهیدان هەیەو رێژەی 40% کۆی مووچە پێکدەهێنن.  بەم پێیە ژمارەی راستەقینەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) كەسە، موچەی مانگەیان زیاتر لە 900 ملیار دینارە... لەپاش راگرتنی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس، حکومەتی هەرێم ناتوانێت بەشێوەی سەربەخۆ نەوتەکەی بفرۆشێت، هەر ئەمەش وایکرد هەرێم لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت و نەوتەکەی لەڕێگای سۆمۆوە بفرۆشێت.  لەپرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا، بڕی 12.6% بۆ هەرێم دیاریکراوە، ئەگەر کێشەی تێنەکەوێت پێمان وایە قەبارەکەی بۆ هەرێم لەئاستێکی باشدایە، ئومێدەوارین بەم بەشە بودجەیە پرۆژە ئابورییەکان بکەونەوە سەرپێ و پشکی وەبەرهێنان لەبودجەی ساڵانەی هەرێمدا جیابکرێتەوە.  بۆ ئەوەی ئابوری بەسەرجەم کەرتەکانیەوە ببوژێتەوە، پێویستە خەرجی وەبەرهێنان قەبارەکەی گەورە ببێت و ئاراستەی ئابوری بەرەو وەبەرهێنان بێت، چونکە لەلایەک دەبێتەهۆی دروستکردنی هەلی کار، لەلایەکی ترەوە بەرهەمی ناوخۆ کە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانی دانیشتوان گرنگە پەیدادەبێت.  بەم بارودۆخەی ئێستاوە، نە هەرێم و نە عێراق ناتوانن، ئاستی خۆژێنی ناوخۆیی بەدەستبهێنن، ئامارەکانی بازرگانی دەرەکی و بەرزی رێژەی بێکاری و گەورەبوونی قەبارەی هەژاری لەهەردوولا جێگای مەترسین، وابڕوات چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە لەماوەی نزیکدا ئەستەم بێت.

*ئابووریناس

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار