پەیکەری پیاوی نوێژخوێن

11 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

سۆمەرییەکان یەکەم گەل بوون بیروباوەڕە ئاینییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە. دوای خۆیان دەقە ئاینییەکانیان دەبن بەبنچینە بۆ تەواوی ئاینەکانی دوای خۆیان. سۆمەرییەکان خواکانیان بەبەرپرسیار دەزانی لەهەموو بابەت و پەیوەندییەکانی نەزمە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان. سۆمەرییەکان یەکەم شارستانییەتی خوێندەواری میزۆپۆتامیای دێرین بوون، کەپێیانوابوو گەردوون لەڕێگەی زنجیرەیەک لەدایکبوونی گەردوونی یەک لەدوای یەکەوە هاتووەتە ئاراوە. بەپێی گەردوون پەیدایی سۆمەری، ئاسمان و زەوی لەئاوی سەرەتایی پەیدابوون و دواتریش لەجووتبوونی ئەوانەوە خواکان پەیدابووە. لەسەرەتاکانی سۆمەرداو لەیەزدانناسی ئیریدۆدا، عەرشی خوایەتی ئاوە (لەحەوت تەبەقەی ئاسماندا نییە) ئاوی شیرینی ژێرزەوی و خۆی لە نەموودا بەرجەستە دەکات؛ لەلای سۆمەرییەکان جیهان بریتی بووە لەزەوی سەر ئاو کەوتوو و لەبەرانبەردا چاویان لەئاسمان کردووە وەکو تاسێکی هەڵگەڕاوەی گومبەزئاسا کەئەستێرەکانی تێدا بووە. نەموو لەلای سۆمەرییەکان ئەم نازناوانەی هەبووە: «ئەو دایکەی ئەرزو ئاسمانی لێبووە»، «دایکی مەزن»، «یەکەمی پێش هەمووان»، «ئەو کەسەی جیهان و خوداکانی بوو»، «دایکی هەموو شت»، «پزدانی نەبڕاوە». نەموو شێ و شەونمی شەوانەش بووە کەگژوگیا، درەختەکان و رووەکەکانی بەردارو بەپیت کردووە. نەموو مێخوایەکی بێهاوسەر، پزدانێکی خۆخەرەوە، ماددەی بەرایی و ماکی هەوەڵین بووە کە خۆبەخۆو ناوەکییانە، ئاوەکان بەپیت و بەردار دەکات. ماکی هەوەڵینی مێینەیی دەنوێنێتەوە کە لەهەموو رەگەزێکی مێدا هەیەو دەتوانێت سەربەخۆو خۆبەخۆو خۆڕسکانە بەردار بێت، بەرهەمی هەبێت و وەچە بخاتەوە؛ نازناوی «پزدانی بەپیت و بەردار» هەڵدەگرێت.

لەمیزۆپۆتامیا وا بیر دەکرایەوە کەخواکان لەدەستەسازە پیرۆزەکاندا ئامادەییان هەیە و مرۆڤەکان لەژیانی رۆژانەدا بەشێوەیەکی هەستەکی ئەزموونی رەهەندی یەزدانی بەرجەستە بوو دەکەن. هەرکام لەخواکان بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی لەدەستسازەکاندا نوێنراوەتەوە. بۆ نموونە ئینلیل کە لەماوەی هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا بە بەهێزترین خوای میزۆپۆتامیا دانراوەو بە «گەردەلولی تووڕە» یان «گایەکی کێوی» ناسرابوو، لەکاتێکدا ئینانای مێخوا بەجیاوازییەوە وەک ئەستێرەی بەیانی و ئێوارە دەرکەوتووە.  هەرکام لەخواکان پەرستەی تایبەت خۆیان هەبووە و پەرستەکان چەندین رێوڕەسمی دیاریکراویان لەخۆگرتووە. لەڕێگەی ئەم رێوڕەسمانەوە، خوداکان حزوری یەزدانیان نیشتەجێی پەیکەرەکان بووە. پەیکەرەکان دوای ئەم پرۆسەیە چیدی تەنیا پەیکەرێکی ئاسایی نین بەڵکو تەنێکی پەرەستەیی یەزدانین. بەدەربڕینێکی تر رەهەندی یەزدانی پەیوەست بەمرۆڤەکانەوە لەناو پەیکەرەکاندا نیشتەجێ دەبن و ئەم پەیکەرانە یەزدانیکراوانە لەناو پەرستگاو ماڵەکاندا جێگر کراوە تاوەکو بەرەکەت و بەپیتی بەسەریاندا ببارێت.

ئەم پەیکەرە (وەک لەوێنەکەدا دیارە) پیاوێکی راوەستاوە، هەردوو دەستی لەبەینی سنگ و ناوکیدا بەشێویەکی دیاریکراو لەیەکتری قوفڵ کردووە کەوەبیرهێنەوەی دەست قوفڵکردنی موسڵمانە لەکاتی نوێژکردندا. شێوازی راگرتنی سەرو روخساری پەیکەرەکە راستەو ڕاستە کە بۆ پێشەوە دەڕوانێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانی بەجۆرێک چێکراوە کە لەوپەڕی سەرسامی و وریاییدایە بۆ ئەم مەبەستە چاوەکان تادوا سنوری کراوەتەوە بەتۆخی رێژراوە. هەروەها جلێكی تایبەتی بۆ ئەو دۆخە دیاریکراوەە پۆشییەوە کەکۆتایی دامێنەکەی لەپەڕ پێکهاتووە. قژو ڕیشی پەیکەرەکە بەشێوەیەکی دیاریکراو خاوێن و شانەکراوە. هەموو ئەمانە لەڕووی ئایکۆنناسیی ئایینیەوە ماناو دەلالەتی خۆیان هەیە.

ئەم پەیکەرە کەمێژووەکەی بۆ ساڵانی ٢٩٠٠-٢٦٠٠ پ.ز. دەگەڕێتەوە لە «پەرستگای چوارگۆشە» لە تەل ئەسمەر دۆزراوەتەوە. سۆمەرییەکان باوەڕیان وابووە هاوشێوەی خواکان، مرۆڤەکان توانیویانە بەئامادەبوونی جەستەیی لەپەیکەرەکانیان نیشتەجێبن. بۆ ئەم مەبەستە پەیکەری خۆیان بەرانبەر پەیکەری خوداکان داناوە. زۆرجار ئەم پەیکەرانە هی کەسانی فەرمانڕەواو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بوون لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئاسایی توانیویانە هاوشێوەی ئەو پەیکەرانەیان هەبێت. سۆمەرییەکان جگە لەوەی لەپەرستگاکاندا پەرستشی خۆیان کردووە، هاوکات لەرێگەی ئەم پەیکەرانەوە توانیویانە لەماڵەوەش پەرستشی خواکان بکەن.

مەبەستی سەرەکی ئەم پەیکەرانە بەشداریکردنی راستەوخۆ و بێ نێوانجی بووە لەنێوان خوداکان و مرۆڤەکاندا. مرۆڤەکان لەپانتایی هەستەکێتیدا کە لەئایینە ئیبراهیمییەکاندا (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام) هەژار کراوە، توانیویانە ئەزموونی یەزدانی بکەن. لەئایینی ئیبراهیمیدا لەجیاتی ئەم پەیکەرانە پەیامبەرەکان دەبنە نێوانجی نێوان مرۆڤەکان و خوداکان و تەنیا پەیامبەران توانیویانە بەبێ نێوانجی ئەزموونی یەزدانی خوداکان بکەن. لەبەرانبەردا بیروباوەڕی سۆمەرییەکان ئەو دەرفەتەی بەتاکێکی سۆمەری داوە خۆی بەبێ نێوانجی ئەزموونی یەزدانی بکات. لەئایینی ئیبراهیمیدا ئەم رەهەندە لەپەرستشی موسڵمانەکان داشکێنراوەو ناتوانن ئەو دۆخە ئەزموون بکەن. وەک کاردانەوەیەک لەناو ئایینی ئیبراهیمدا تەوسەوف و عیرفان هەوڵی ئەزموونی ئەو دۆخەیان داوە، تاوەکوو ئەزموونی ئەو رەهەندە داشکێنراوە یەزدانییە بکەن. راستە بە رووکار پەیکەرەکە لە نوێژخوێن دەجێت بەڵام کاتێک لێی ورد دەبینەوە زیاتر عارف یان سۆفییەک دەبینین کە جەزبە گرتوویەتی و لەحاڵێکی قووڵدایە. لەڕوانگەی ئەمڕۆوە دەتوانین بڵێین عیبادەتی ئاسایی مرۆڤێکی سۆمەری لە ئەزموونی عارف یان سۆفییەکی گەورە قووڵتر و فراوان تر بووەو ئەمە هەرگیز بەباوەڕداری فەرمی ئاینی ئیبراهیمی بەراورد ناکرێت کەتەنیا چەند ئاخاوتەیەکی دیاریکراو دووبارە دەکاتەوە.

ئایینی سۆمەری کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیروباوەڕی ئایینی خەڵکی دواتری میزۆپۆتامیا هەبوو و لەئوستورەو ئایینەکانی زۆرێک لەگەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیروباوەڕی سۆمەرییەکان ماوەتەوە. ئوستورەناسان سەرنجیان داوە کەهاوتەریبی زۆر لەنێوان گێڕانەوە سۆمەرییەکان و بەشە سەرەتاییەکانی کتێبی پیرۆزی عیبریدا هەیە کەدواتر کاریگەری قووڵ لەسەر مەسیحی و ئیسلام دادەنێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار