«هەرێمی كوردستان لەبەردەم دووڕیانی بەرژەوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیدا»

11 مانگ لەمەوپێش



کاروان مەحمود حاجی

پرۆسەی نەوتی لەهەرێمی كوردستان، بەتایبەت دوای هاتنی (داعش)، گەورەترین دەستكەوتی مێژووی كورد بوو! بەڵام كەپارەكەی لەلایەن سەرانی دوو ماڵبات و دوو حزبی حوكمڕانەوە دەدزرا، بوو بەگەورەترین بەڵا بۆ ئێستاو ئایندەی كورد .

گەر پارەی نەوتی ئەو خەڵكەی هەرێمی كوردستان نەدزرایە، پانزە ساڵ زۆر بوو، كوردستانیان بكردایە بەهەرێمێكی پێشكەوتوی بوارەكانی ئابوری، ئاوەدانی، ئەمنی، ئازادی و دیموكراسی، دەخلی ساڵانەی تاكی كوردیان بەرزكردایەتەوە، لەجیاتی داگیركردن و تاڵانی موڵكی گشتی و برەویان بەو كەرتە بدایە بەتایبەت لەبوارەكانی خوێندن و تەندروستی، بیمەی ژیان و بیمەی موڵك و ماڵیان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمەكە دابینبكردایە، هێزێكی تۆكمەی پێشمەرگەی نیشتیمانییان بۆ پارێزگاری هەرێمەكە دروستبكردایە .... بەدڵنیاییەوە گەر وابا گەلی كورد لەهەموو كونجێكی دنیاوە بۆ پارێزگاریكردن لەو هەرێمە ئامادەی گیانفیدایی دەبوو، هیچ كوردێكیش سازش و تەسلیمبوونی بۆ كەس قەبوڵ نەدەكرد .

ئەگەر  ماڵی مەسئولەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆیان و كەناڵی راگەیاندنی تایبەت و كۆمپانیای تایبەت بەخۆیان نەبوونایە،  گەمژەو نەزانیان نەخستایەتە جومگەكانی بەڕێوەبردنی كاری فكرو سیاسەت و رێكخراوەیی،  جاشیان نەكردایە بەباش و باشیش بەجاش ...  كورد  تووشی ئەو خود نەفرەتیە نەدەبوو، ئەو رقەی لەخۆی و نیشتیمان و مێژووەكەی نەدەبووەوە ! تۆوی ئەو رقە بەپلان و پیلان  لەناخی كوردا چێنرا . گەر وانەبا كەس زاتی ئەوەی نەدەكرد وەك نوێنەری هەڵبژێردراوی كورد دەنگ بەلاوازكردنی پێگەی هەرێم لەبەغدا بدات .

دەستوری عێراق لەوپەڕی هێزی كوردو لاوازی ئەوانیترا نووسراوەتەوە، ماف و ئیمتیازی زۆری بۆ گەلی كوردستان و ئەو پارێزگایانە دەستەبەر كردووە كە لەهەرێمێكدا، رێكخراون، مافی بڕیارو نووسینەوەی دەستوری تایبەت بەخۆیان، دروستكردنی هێزی نیشتیمانی تایبەت بۆ پارێزگاریكردن و فەرزیشی كردووە كە بەپێی سەرژمێری دانیشتوان میزانیەی تایبەت بەخۆی لەناوەندەوە بۆ دابینبكرێت .

دەكرێت پابەندی دەستوری عێراق و دیدو روانینێكی جیاوازتر لەو پۆخڵەواتەی پارتی و یەكێتی ببین، ئاخر ئەوان گەر ئامانجیان دروستكردنی هەرێمێكی كوردستانی بەهێز بوایە لەعێراقدا دەبوایە لای كەمی لەو سێ بەندە دەستوریە ( كە لەدەستی خۆیاندا بووە ) یەكێكیان جێبەجێبكردایە.

جگەلەوەش دەستوری عێراق مافی داوە بەدانیشتوانی هەر پارێزگایەكی عێراق، بەهەرێمی كوردستانیشەوە، كەبتوانن بەدەنگی زۆرینە هەرێمێكی سەربەخۆ بەهەموو ئیمتیازو مافە دەستورییەكانەوە دروستبكەن. ئێمە چەند هاوڕێیەك پرۆژەیەكمان بۆ (بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی) نووسی، كاری باشمان بۆ كرد، بەڵام دواجار بنكەو بارەگاكەیان بەتۆپزی پێچاینەوە، ئێمەش (لاحول ولا قوە) كارەكەمان لەبەغدا كەوتە نێو ململانێی هێزە عێراقیەكان و دیسانەوە یەكێتی و پارتیەوە .

دەسەڵاتدارانی یەكێتی، هەركات لەسەر پلەو پۆست و پارە لەگەڵ پارتی رێكنەكەون هەڕەشەی رێكەوتنی تاكلایەنە لەگەڵ بەغدا دەكەن بەمەبەستی  وەرگرتنی  میزانیەی پارێزگای سلێمانی، بەڵام هەرگیز جورئەتی باسكردنی هەرێمی سلێمانیان نیە چونكە لەبنەڕەتدا، كارەكەیان بۆ موزایەدەو بەدەستخستی ئیمتیازاتی زیاترە لەهەولێر، دەنا وەرگرتنی موچەی فەرمانەرانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەكێتی و تەنانەت پارێزگارەكەشیەوە هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوری نیە . ئەگەر راست دەكەن و لەخەمی غەدری پارێزگای سلێمانیدان با روون و ئاشكرا لەحكومەتی هەرێم بكشێنەوەو تەبەنی پرۆژەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی بكەن كەهەموو رێكارێكی یاسایی خۆی بڕیوەو بەدەست نوێنەرەكانی پارتی و یەكێتیەوە لەبەغدا گیریخواردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار