ئێران: زەوی نیشتەجێبون دەدرێت بەو خێزانانەی لە سێ منداڵ زیاتریان هەیە

بۆ هاندانی وەچەخستنەوە زەوی و ئۆتۆمبێل دەدرێت بە خێزانەکان

11 مانگ لەمەوپێش



بەرپرسێکی ئێران رایگەیاند لە چوارچێوەی هاندان بۆ وەچەخستنەوەی زیاتر ژمارەیەک زەوی لە ئەسفەهان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کراوە کە لە سێ منداڵ زیاتریان هەیە.

ئەمیرحەسەن زەڕگەری، بەڕێوبەری رێگاوبان و ئاودەناکردنەوەی پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ 59 زەوی نیشتەجێبون لە شاری ئەردستان بەسەر ژمارەیەک لەو خێزانانەی پارێزگاکە دابەش کراوە کە زیاتر لە سێ منداڵیان هەیە.

ئەو رونی کردوەتەوە زۆربەی ئەو خێزانانە منداڵەکانیان لە سالی 2021 بەرەو ئەمساڵ لەدایکبون و لە چوارچێوەی بەرنامەی وەچەخستنەوەی زیاتری وڵاتەکەدا زەویی نیشتەجێبونیان پێدراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد؛ جگە لە ئەسفەهان لە شارەکانی دیکەش زەویی نیشتەجێبون دەدرێت بەو خێزانانەی کە لە دوای ساڵی 2020 و 2021 زیاتر لە سێ منداڵیان بوە.

لە ماوەی رابردودا و بە پێی نوێترین توێژینەوە؛ گەشەی کۆمەڵگەی ئێران بۆ کەمتر لە 1% دابەزیوە و زۆربەی خێزانەکانی ئەو وڵاتەش بەهۆی کەمبونەوەی هیوا بۆ داهاتو، ژمارەی منداڵەکانیان لە نێوان یەک بۆ دوو منداڵدال کەمی کردوە کە ئەوەش بوەتە هۆی مەترسیی زوو پیربونی کۆمەڵگەکە.

بە پێی توێژینەوەکان لە 30 ساڵی داهاتودا کۆمەڵگەی ئێران دەکەوێتە قۆناغی پیربونەوە و ئەگەر وەچەخستنەوە بەمشێوەیەی ئێستا لەو وڵاتەکەدا بەردەوام بێت ئەوا مەترسیی پیربونی خێرای ئەو کۆمەڵگەیە هەیە.

لە چوارچێوەی پلانێکدا بە ناوی (گەنجبونەوەی کۆمەڵگە) کە لە ئێران راگەیەنراوە؛ بە پێدانی ئۆتۆمبێل بۆ دایکان و کەمکردنە و لێخۆشبونی ماوەی سەربازیی ئەو باوکانەی منداڵیان هەیە هانی خێزانەکان دەدرێت وەچەی زیاتر بخنەوە و ژمارەی منداڵەکانیان زۆر بکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار