ئایا ئیبراهیم کالن کراوەتە سەرۆکی میت؟

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، ئیبراهیم کالن وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرۆکی میت دیاری کراوە.

کەناڵی سوزجوی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، ئیبراهیم کالن وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرۆکی میت دیاری کراوە.

دوای ئەوەی هاکان فیدان سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە کابینەی نوێی سەرۆکایەتی تورکیادا بە وەزیری دەرەوە دیاری کرا، چاوەڕێ دەکرا کە کەسێک بکرێتە سەرۆکی میت.

کەناڵی سوزجوی سەر بە جەهەپە پشتڕاستی کردەوە کە ئیبراهیم کالن بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە و سبەینێ بە شێوەیەکی فەرمی هاکان فیدان پۆستەکە رادەستی ئیبراهیم کالن دەکات. کەناڵەکە باسی ئەوەی کرد، بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، لە ١ی ئەم مانگەوە، ئیبراهیم کالن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاری کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی رانەگەیەندراوە.

ئیبراهیم کالن لە ساڵی ١٩٧١ لە خانەوادەیەکی خەڵکی پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکوری کوردستان لە ئەستەنبوڵ لە دایک بووە. بەشی وێژەیی زانکۆی ئەستەنبوڵی خوێندووە. خوێندنی باڵای لە فکر و فەلسەفەی ئیسلامی لە مالێزیا تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووەتە راوێژکاری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی تورکیا. لە ٢٠١٢دا بووەتە یاریدەدەری موستەشاری سەرۆکایەتی تورکیا.

بە هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار وەک یاریدەدەری سکرتێری سەرۆکایەتی تورکیا دەستی بەکار کردووە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن ئەردۆغانەوە راستەوخۆ کراوەتە وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا. لە ساڵی ٢٠١٨دا بووەتە سەرۆکی دامەزراوەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی تورکیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار