پێکدادان لە نێوان سوپای پاسدارن و پەژاک بەردەوامە
ئەندامێکی دیکە سوپای پاسداران کوژرا

تۆپباران و بۆردومانی ناوچەی کۆساڵان لە لایەن سوپای پاسدارانەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
پێنج رۆژە پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی پەژاک و هێزەکانی سوپای پاسداران بەردەوامە و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی سوپا کوژران و برینداربون.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ بەهۆی هێرشە بەرفراوانەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکانی کۆساڵان شەوی رابردو ئاگرکەوتنەوە بەشێکی زۆری لە دارستان و پوش و پاوانی ناوچەکەی گرتوەتەوە و رێگەنەدراوە ئاگرەکەش لە لایەن دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئاماژە بەوە کراوە لە پێنج رۆژی رابردودا کە سوپای پاسداران هێرشەکانی بە تۆپباران و بۆردومانی ناوچەکانی شاهۆ و کۆساڵان دەست پێکردوە تا ئێستا دوو ئەندامی ئەو سوپایە کوژران و لانیکەم هەشت چەکداری دیکەی سوپای پاسداران برینداربون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ رۆژی رابردو تەرمی کوژراوێکی سوپای پاسداران رەوانەی نەخۆشخانەیەک لە شاری مەریوان کراوە و پێشتریش کوژراوێک و چوار برینداری سوپا رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کرابو.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاندوە؛ شەوی رابردو پێکدادانی قورس لە نێوان گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و چەکدارانی سوپای پاسداران رویداوە و ناوچەکانی کۆساڵان بە چڕی تۆپباران کراونەتەوە.
ناوەندی فەرماندەی سوپای پاسداران پێشتر ئەنجامدانی ئۆپەراسێۆنێکی بە ناوی (موحەڕەم) لە ناوچەی کۆسڵان راگەیاندبو و بە وتەی فەرماندەیەکی ئەو سوپایە ئۆپەراسیۆنەکەن بە ئامانجی پاکسازیی هێزە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردوە و بەردەوام دەبێت.
