لە 17 ساڵدا زیاتر لە 400 هەزار کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەستداوە
کەمترین روداوی هاتوچۆ لە شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار دەکرێت

روداوێکی هاتوچۆ لە ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
بەهۆی خراپی رێگاوبان و جۆری ئۆتۆمبێلەکانەوە قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران بەرز دەبێتەوە و پۆلیس ئاشکرای دەکات کەمترین روداوی هاتوچۆ لە شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.
پزیشکی دادی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە ساڵانی نێوان 2005 تا 2022 لانیکەیم 405 هەزار کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و هاوکات لە ماوەی ئەو 17 ساڵەدا پێنج ملیۆن و 500 هەزارکەس برینداربون.
بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران لە ساڵی رابردودا 19 هەزار کەس بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی پێشوتر 16% زیادی کردوە.
پۆلیسی هاتوچۆ ئاماژەی بەوە کردوە؛ زۆرترین روداوی هاتوچۆ لە پارێزگاکانی (فارس) ، (سیستان و بەلوچستان) و (تاران) تۆمار کراوە و کەمترین روداوی هاتوچۆش بە پلەی یەکەم لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوای ئەویش لە پارێزگاکانی (چوارمەحاڵ و بەختیاری) و (ئەردەبیل) تۆمار کراوە.
لە ریزبەندنی تۆمارکردنی روداوەکانی هاتوچۆ لە نێوان 183 وڵاتی جیهاندا، ئێران دەکەوێتە ریزبەندی 65-ەمین وڵات کە زۆرترین روداوی هاتوچۆی تێدا تۆمار کرابێت.
پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رونی کردوەتەوە ؛ پێش ساڵی 2004، ساڵانە 24 هەزار کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ لە وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە ژمارەی قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردوە.
خراپی جۆر و پارێزراونەبونی ئۆتۆمبێلەکانی دروستکراوی ناوخۆی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێت.
