کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە کۆمسیۆن له مانگی 12ی ئەمساڵدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات، بەڵام ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم دیاریکردوە زۆر نزیکە و ڕەنگە کۆمسیۆن بڕیاربدات ئەو هەڵبژاردنانە لە بەهاری ساڵی 2024 ئەنجامبدرێن.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە 11ی مانگی شەشی 2023 سەبارەت نادەستورییبونی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاردرا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات و سەرپەرشتی بکات.

خالد عەباس، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە دوێنێ یەکشەممە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر کۆبوەتەوە بۆ ئەوەی کاتێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنەکانی هەرێم دابنرێت.

کۆمسیۆن گەیشتۆتە  ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات.

ئەوەشی ڕونکردەوە،"  ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت  ئەوا کۆمسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داهاتو، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم".

دوای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆشایی دەستوری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد، فشاری ئەمەریکا و لایەنە ناوخۆییەکان لەسەر سەرکردە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەپێی لێدوانەکەی خاڵد عەباس، ڕونە کە بەپێی ویستی دەسەڵاتی هەرێم، لە ساڵی 2023دا ئەنجامنادرێت کاتی ئامادەکاری کورتە و کۆمسیۆنی عێراق ناتوانێت لەم 6 مانگەدا دوو هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار