لەفڕۆکەخانەی سلێمانی ئاسایش دەستی بەسەر چیدا گرتووە؟

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕێگری لە هەوڵی بردنەدەرەوەی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر و سەدان کارتی بانکی دەکات.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە پێناو چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەرجۆرە کارێکی نایاسایی توانرا ڕێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی سەدان (کارت بانکی ئەلیکترۆنی) بەشێوازی شاراوە لە لاپتۆپ و پاوەربانک و خواردەمەنی شاردرابونەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی مەرکەزی عێراقییە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاندووە:هەروەها دەست بەسەر هەندێک ماددەی پزیشکیدا گیراوە کە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەبووە، هەروەها دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر بڕی 7 کیلۆ و 170 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش) کە بەشێوازی شاراوەیی ئامانجیان بووە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان گیراوە.
وەک دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت تۆمەتباران بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراون لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: تۆمەتباران، (پ ، ڕ ، ع) و (پ ، ڕ ، د) لە ئێستادا بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
