راگەیەنراوى هەردو لایەنى کۆمەڵە... یەکترى تۆمەتبار دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دواى ئەوەى سەر لە بەیانى ئەمڕۆ، شەڕ لەنێوان دو لایەنى کۆمەڵەدا رویدا، دوو پێشمەرگە کوژران و چەند پێشمەرگەیەکى دیکەیش بریندار بون، هەردو کۆمەڵە لەبارەى شەڕەکەوە راگەیەنراویان بڵاو کردەوە.
لە راگەیەنراوێکدا، کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: لە لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و بە سەرپەرشتی عەبدوڵای ئازەربار هێرش کراوە سەر فێرگە و ئوردوگا و بە قەناسە تەقە لە پێشمەرگە کراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە لە دوێنێەوە و دوای راگەیاندنی کۆتایی پڕۆسەی یەکگرتنەوە لە لایەن کۆمەڵەکەیانەوە، کۆمەڵەى شۆڕشگێڕان ئاژاوەیان دروست کردوە و هاوارى رشتنى خوێنیان کردوە.
لەلایەکى دیکەوە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لەدوای ئەوەی دوێنێ 21ی جونی 2023 هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە ئوردوگای بانەگەوەرە گەمارۆ درابوو و بە نێوانگیری هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بوەوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 22ی جون، سەر لە نوێ چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتەوە و لە نێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردوەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بوە.
دەڵێت: بۆ ماوەی یەک ساعەت لە ناو ئوردوگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە و "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەمو بەرپرسیاریەتی گیانی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە و سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەخاتە ئەستۆی، ئەم گروپە کە نابەرپرسانە هەڵسوکەوت دەکەن.
