سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین دەرچوو

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە بڕیارى دادگاى هەولێر، دوو سزاى سێدارە بۆ تاوانبارى کوشتنى دوو مامۆستاکەى زانکۆى سەڵاحەدین دەرچو، کەسوکارى هەردو مامۆستاکەیش داوا دەکەن کە سەرۆکى هەرێم واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات و سزاکە جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە شەشەم دانیشتنی دادگەییکردنی بکوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، کە تێیدا دوو بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بکوژەکە دەرکرا.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، پارێزەرى کەیسى هەردو مامۆستا ئیدریس حەمەخان و کاروان ئیسماعیل کە ساڵى رابردو لەلایەن خوێندکارێکەوە کوژران رایگەیاند؛ سێ بڕگەى ماددەى 406ى لەسەر تۆمەتبارەکە جێبەجێ بوە کە ئەوانیش (أ، هـ، ز) کە تایبەتن بە رشد و کوشتنى یەکێک و بریندارکردنى یەکێکى دیکە و کوشتنى فەرمانبەرى دەوڵەت لە دەوامى فەرمی خۆیدا.

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە؛ بڕیارەکە لەماوەى 10 رۆژ رەوانەى دادگاى پێداچونەوەى هەرێمى کوردستان دەکرێت و لەکاتى پەسەندکردنیشى رەوانەى سەرۆکایەتیی هەرێم دەکرێت بۆ وەرگرتنى رەزامەندى و واژۆى سەرۆکى هەرێم بۆ جێبەجێکردنى ئەم بڕیارەکە.

لەبارەى باوکى تۆمەتباریشەوە، پارێزەرەکە رایگەیاند کە بۆ ماوەى نۆ مانگ زیندانى بوە، بەڵام هیچ تۆمەتێکى لەسەر ساغ نەبوەتەوە و ئازاد کراوە.

رۆژی سێشەممە، 28ی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندار کرد، دوای ئەوەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.

هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی "نیشتمان عوسمانە" و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئـ. م. ق" لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەددین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د. ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2020 رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیانەوە کوشتی.

لەبارەى جێبەجێکردن یاخود جێبەجێنەکردنى سزاى سێدارەکەیشەوە ئەو پارێزەرە وتى: لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک زیاتر لە 450 سزاى سێدارە هەن و سەرجەمیان لەسەر بڕیارى سەرۆکى هەرێم وەستاوە، ئەم بڕیارە بەرکارە و کارى پێدەکرێت بەڵام لە هەرێمى کوردستان واژۆى لەسەر ناکرێت.

لاى خۆشیانەوە هەر لە کۆنگرەکەدا خانەوادەى هەردو مامۆستاکە داوایان کرد کە سەرۆکى هەرێم واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات و سێدارەکە جێبەجێ بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار