تورکیا لە شڕنەخی باکوری کوردستان لە سێ ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ تۆن داری بڕیوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز رایگەیاند، سوپای تورکیا لە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان لە سێ ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ تۆن داری بڕیوەتەوە.
سومەیە بۆز پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە بڕینی دار و تێکدانی سروشتی باکوری کوردستان کرد.
سومەیە بۆز رایگەیاند، لە باکوری کوردستان بە بڕینی داری خۆڕسک، سروشت لەناودەبرێت و ئەمەش هۆکارە کە مرۆڤ لە گوندەکان کۆچ بکات و وتی، " لە پارێزگاکانی موش، ئامەد و شڕنەخ، بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکان، دوو سێ بە بەردەوامی سوپای تورکیا دار دەبڕێتەوە.
باسی ئەوەشی کرد، لەو سێ پارێزگایە بە شێوەیەکی مەترسیدار سروشت تاڵان دەکرێت و تەنیا لە پارێزگای شڕنەخ لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ تۆن دار بڕاونەتەوە. ئەو پەرلەمانتارەی پارتی چەپی سەوز، پرسیاری لە پەرلەمانتاران کرد کە ئایا دەزانن ئەگەر تاڵانی سروشت بەردەوام بێت، هەموو گیانەوەران لەناو دەچن و وتی، " ئایا ئەم حکومەتە کەی دەست لە سیاسەتی تاڵانکردنی سروشتی کوردستان دەهێنێت و پەرلەمان کەی دەستوەردان دەکات و ریگری لەم مەترسیە دەکات؟"
