گەنجێک لە شاری کەرکوک لەلایەن ئامۆزاکەیەوە دەکوژرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس کە ئامۆزای یەکترن رویداوە و بەوهۆیەوە یەکێکیان کوژراوە، بکوژەکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، بەپێی زانیاریەکانیش، سەرەڕای ئەوەی ئامۆزای یەکترن، خوشکی کوژراوەکە هاوسەری بکوژەکەیە.
عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ هەینی لەگەڕەکی نەسڕی شاری کەرکوک، دو کەس کە ئامۆزای یەکترن، یەکێکیان لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٠ و ئەوی دیکەش ١٩٩٥ە، بوەتە شەڕ و دەمەقاڵێیان، لەئەنجامیشدا یەکێکیان کە لەدایکبوی ٢٠٠٠ە، گوللـەیەک بەر سینگی کەوتوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشدا، بکوژەکە پاش تاوانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، لەئێستاشدا گەڕان و بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان دەستیپیکردوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکی.
