وەزیری تەندروستی ئامارەکانی تای خوێنبەربونی بڵاوکردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری تەندروستیی ڕایگەیاند: تائێستا لە هەرێمی کوردستان 23 گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  ئامارەکانی تای خوێنبەربوونی بڵاوکردەوە و وتی، "تاوەکو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق 865 گومانلێکراو هەبوون و 265ـیان پشتڕاستکراونەتەوە و 69 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون."

سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمیش ڕایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستانیش 23 گومانلێکراو هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ یەکەم کەس لە سۆران بوو؛ دووەم لە خەلیفان؛ سێیەم لە مێرگەسۆر؛ چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو."

باسی لەوەشکرد، لەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە کە خەڵکی سۆران بوو و مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی هەبوو و دەشڵێت، "ئەوانی دیکەش مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبوو؛ کەسێکیان گۆشتفرۆش بوو و مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بووە."

بەوتەی وەزیری تەندروستی، هەر کەسێک لە ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتن پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات و دەڵێت، "ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زووتر سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت؛ پەککەوتنیش بە مانای ئەوەیە رەنگە بەشێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە کاتی خوێنبەربوون تووشی لەکارکەوتن بن".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار