بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژكاری مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی بۆ كاروباری وزە رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی یاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە.
بەهجەت ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "دوای بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراق لە رۆژنامەی وەقایع، یاساكە چوە بواری جێبەبجێكردن، بەپێی یاساكە رێژەی 12.67٪ بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە رۆژانە لایەنی كەم 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنیت".
دەشڵێت، "لەسەرەتای مانگی داهاتو یاساكە دەچێتە بواری كارپێكردنی فەرمیەوە، حكومەتی هەرێمیش پێویستە بەرهەمێنانی نەوت دەستپێبكاتەوە، كە پێشتریش ژمارەیەكی زۆری كێڵگە نەوتیەكان خرابونەوە كار، تەنها چەند كێڵگەیەكی نەوتی هەیە بەرهەمێنان تێیاندا وەستاوە".
بەهجەت ئەحمەد باسی لەوەشكردوە، "بەپێی ئەو ئاماژانەی لە حكومەتی عێراق هەیە، بەهۆی نەگەیشتن بەڕێكەوتن لەگەڵ توركیا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و كەركوك لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، نەوتی هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەكاردێت، وەك هەنگاوی یەكەم و دوای چونە بواری جێبەبجێكردنی یاسای بودجە، نەوتی خۆرمەڵە و بەشێك لە كێڵگەكانی تر لە رێگەی پاڵاوگەی كار دەپاڵێورێت و دابەشدەكرێت بەسەر پارێزگاكانی باكور وەك موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر".
هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە تویتەر نوسیویەتی، لەدیدارەکەدا باسیان لە زیاتر گرنگیدان بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە عێراقدا ئەنجام بدەن.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیانکردووە لەسەر پێویستی دووبارە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی ھێڵی عێراق و تورکیا بۆ ئەوەی نەوت بچێتەوە بۆ بازارە نێودەوڵەتییەکان و ئابوری عێراقیش بەھێزبێت بۆ بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکان.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە سێ مانگ بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوت ھەرێم تێدەپەڕێت و زیانەکانی راگرتنی نەوتیش لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
