کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سکرتێری نوێی ھەڵبژارد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سکرتێری نوێی ھەڵبژارد.
بەپێی راگەیەنراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پلێنۆمی ١٦ لە ھەلومەرجێکی تایبەت بەڕێوەچووە، کە تێیدا رەزا کەعبی بە سکرتێری گشتی کۆمەڵە و فەریبا محەمەدی وەک وتەبێژی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحەتکێشانی کوردستان دیاریکران.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوابەدوای ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ درێژەپێدانی ژیان و تێکۆشانی سیاسی خۆی و شکستی پرۆسەی یەکگرتنەوە، پلێنۆم جارێکیتر جەختی کردەوە، راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ھەڵوێستێکی پێویست و بە جێ بووە.
ئەوە لە کاتێکدایە ٢١ی ئەم مانگە دوای حەوت مانگ، یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان ھەڵوەشایەوە، رۆژی ٢٢ی مانگیش شەڕ لەنێوان پێشمەرگەکانی ھەر دوو کۆمەڵە روویدا و دوو پێشمەرگەی زەحمەتکێشان گیانیانلەدەستدا.
