لە ئەستەنبوڵ ٢٢ ئەندامی دایکانی شەممە دەستگیرکران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گالاتاسارای ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام رووبەرووی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکان بوونەوە و ٢٢ کەس دەستگیرکران.

دایکانی شەممە لە ٩٥٣مین حەفتەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا کە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە دەکەن لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بێسەروشوێن کراون.

دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و لەگەڵ ئەوەی دادگای دەستوری تورکیا رێگەی بە چالاکی دایکان داوە، بەڵام پۆلیسی تورکیا رێگەی نەدا چالاکیەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، بەهۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکانەوە، ٢٢ ئەندامی دایکانی شەممە دەستگیرکراون کە ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤیشی تێدایە.

دایکانی شەممە کێن؟ سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی "تانسوو چیللەر" دەستی بە تیرۆرکرن و بیسەروشوێنکردنی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لایەنگرانی پارتە کوردیەکان و چەپەکانى تورکیا و کەسایەتیە ڕیفۆرمخوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد.

بە پێی ئامارە فەرمیەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا لەو هەڵمەتە ڕەشەدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تیرۆر و بێسەروشوێنکران کە زۆربەیان هاوڵاتیی کورد بوون، تا ئێستاش تەرمی زۆربەیان نەدۆزراوەتەوە.

لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان دەستیانکرد بە لێپرسینەوە و گەڕان بەدوای کەسوکارەکانیاندا. لە ١٢ی ئازاری ١٩٩٥دا ژمارەیەک چەکدار کە دواتر ئاشکرا بوو سەر بە هەواڵگریی جەندرمەی تورکیان، هەڵیانکوتایە سەر چایخانەیەکی کوردە عەلەویەکانی گەڕەکی "گازی" شاری ئیستانبوڵ و ژمارەیەک هاوڵاتی کوردیان کوشت، دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لە ناو چەند گەڕەکێکی ئەو شارەدا بڵاوبووەوە و بەهۆیانەوە ٢٢ کەس کوژران و سەدان کەس برینداربوون، حکومەتیش دەستی کرد بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانى کوردى شارەکە.

دوای ڕووداوەکان، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا گەنجێکی کوردیان بە ناوی "حەسەن ئۆجاک" بە تۆمەتی 'تیرۆر' دەستگیرکرد و دوای ٥٨ ڕۆژ تەرمەکەی لە ناو گۆڕستانی بێکەسەکان دۆزرایەوە. خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" دوای هەوڵێکی زۆر بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی کوڕەکەیان، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بە دەست نەهێنا. دایکی "حەسەن ئۆجاک" و ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی دانیشتنکرد و ڕایانگەیاند، تا بکوژانی کوڕەکەیان نەدۆزرێتەوە دەست لە چالاکیەکانیان هەڵناگرن.

چالاکی دانیشتنی خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" لەلایەن ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتگیری لێکرا و ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان بوو، کەسوکاری ئەو کەسانەى لەلایەن حکومەتەوە بێسەروشوێنکرابوون چوونە پاڵ خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" و داوای ئاشکراکردنى بکوژانی کەسوکارەکانیان کرد.

دوای فراوانبوونی چالاکیەکان، بە ئیلهاموەرگرتن لە گروپی "دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی" گروپی "دایکانی شەممە" دامەزرێنرا و هەموو ڕۆژانی شەممە لە مەیدانگی گاڵاتاسارای ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی کرد.

دوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٦ لە ئەرجەنتین و بێسەروشوێنبوونی نزیکی ٣٠ هەزار کەس. کۆمەڵێک ژن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان لە مەیدانی "پلازا دی مایۆی" شاری بۆیننس ئایرسی پایتەخت کۆبوونەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسیان کرد و دایکانی شەممەش ئیلهامیان لە دایکانی " پلازا دی مایۆی" وەرگرت و کۆمەڵەکەیان دامەزراند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار