دانیشتوانی 11 گوند لە هەڵەبجە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی 11 گوند خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و داوای چاککردنی رێگەی گوندەکانیان دەکەن و دەڵێن، سێ ساڵە کۆمپانیایەک رێگەی گوندەکانیان تێکداوە و چاکی ناکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتوانی 11 گوند خۆپیشاندانیان لەسەر رێگەی نوێی هەڵەبجە- سلێمانی دەستپێکرد و رێگریان لە هاتوچۆی هاوڵاتیان کرد و دەڵێن، ماوەی سێ ساڵە مەودوای دو کیلۆمەتر رێگەی گوندەکەیان بۆ قیر نەکراوە.

بە گوتەی یەکێک لە جوتیارە ناڕازییەکان،  ئەوان جوتیارن و کاریان لەو رێگایەدایە، خراپی دۆخی ئەو رێگایە زیانی زۆری پێگەیاندوون.

لەو بارەیەشەوە قائیمقامی سەیدسادق باسی لەوەکرد، درێژی شەقامەکە دوو کیلۆمەترە و ئەرکی زۆری لەسەرە و جوتیاران هاتوچۆی لێوەدەکەن.

هاوکات خۆپیشاندەران دەڵێن، "ئەو کۆمپانیایەی کە رێگەکەی تێکداوە ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی رێگەکەیە و تائێستا چاکی نەکردوە، پێشتریش چەندجارێک وەکو ئەنجومەنی گوندەکان چونەتە لای پارێزگاری هەڵەبجە و قائیمقامی سەیدسادق بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردوە".

هەروەها ئەوەشیان خستەڕو، ساڵی رابردو دوایینجار کۆمپانیاکە بەڵێنیدا کە کارەکانی رێگاکە تەواوبکات بەڵام تائێستا تەواونەکراوە، ئەوانیش خاوەنی رەز و باخن و تۆز و خۆڵ زیانی زۆری پێگەیاندون و لە زستانیشدا بەهۆی بونی قوڕەوە هاتوچۆکردن تیایدا ئاسان نیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار