پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان خانەنشین دەکرێن

پەرلەمانی کوردستان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، پەرلەمانی کوردستانی لە کۆبوونەوەکانی راگرت و بڕیارە مامەڵەی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت
رۆژی 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە". لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە پەرلەمانی کوردستان تەواوی کۆبوونەوەکانی راگرتووە.
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی فراکسیۆنەکانی لێکەوتەوە، کە داوایان دەکرد تەمەنی خولەکە درێژ نەکرێتەوە؛ ئەوانەشی دەنگیان بە درێژکردنەوەکەدا کە یەکێتی و پارتی، بەشێکی گۆڕان و پێکهاتەکان بوون، رایانگەیاند؛ تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیان درێژکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
بەهۆی بڕیاری پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەروەها چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە چەند بەربژێرێکی پێشووی هەڵبژاردن سوێندی یاساییان خوارد و چوونە جێگەیان. بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، پەرلەمانتاربوونی ئەوانیش رەتدەکرێتەوە و ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەگەر خۆیان بیانەوێت مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ دەکرێت.
سەرچاوەیەکیش لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نوسراوی خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و تەواوی پەرلەمانتارانی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی و دەزگای خانەنشینی دەکرێت و بەپێ خزمەت و تەمەنیان بەڕێژەی 25% بۆ 50%ی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و سەرجەم پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خانەنشین دەبن، جگە لە 7 پەرلەمانتار نەبێت کە پێشتر داوایان بۆ خانەنشینەبون پێشکەش کردبو.
هاوکات پەرلەمانتارە نوێکان کە لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە 6ی 11ی 2022 دەستبەکاربون و سوێندی یاساییان خوارد لەنێو لیستەکەدا نابن و خانەنشین ناکرێن، بەڵام تەواوی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکە لەنێ لیستی خانەنشینیدا دەبن
خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران بەپێی ماددەی 7ی بڕگەی دوەمی یاسای خانەنشین دەبێت، موچەی خانەنشینی بەپێی ساڵانی خزمەت و تەمەنی پەرلەمانتاران دەگۆڕێت کە لە نێوان 25% بۆ 50%ی کۆی موچەی خانەنشینی دەبێت، کە لەنێوان دو ملیۆن دینار بۆ 4 ملیۆن دینار بێت.
