لە باکوری کوردستان و تورکیا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی مادیماک کرایەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هۆتێل مادیماکدا تێپەڕی کە لە شاری سێواسی باکوری کوردستان ئەنجامدرا.

 لە زۆربەی شار و شاروچکەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، رێکخراوەکانی کوردانی عەلەوی و رێکخستنی پارتە کوردیەکان چالاکیان ئەنجامدا و یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی مادیماکیان کردەوە.

لە 2ی تەمووزی ساڵی 1993دا لە هۆتێل مادیماکی شاری سێواسی باکوری کوردستان، کۆبونەوەیەک بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ فیستیڤاڵی پیر سوڵتان عەبدال رێکخرابوو، بەڵام ئیسلامییە توندڕەوەکان ئاگریان لە هۆتێلەکە بەردا، لە رووداوەکەدا 37 کەس کە زۆربەیان نووسەر، هونەرمەند و کەسایەتی کوردانی عەلەوی بوون، گیانیان لەدەستدا. دووان لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا ئەو کەسانە بوون کە هێرشەکەیان ئەنجام دابوو.

ئەم هێرشە لە نێو خەڵکی تورکیا و باکوری کوردستاندا کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و وەک کۆمەڵکوژی سێواس یاخود کۆمەڵکوژی مادیماک دەناسرێت.

پارتی و لایەنە سیاسیەکانی باکوری کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکەن دووبارە دۆسیەکە بکرێتەوە و لێکۆلینەوە بکرێت.

لەگەڵ ئەوەی 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە. دۆسیەکە لە 13ی ئازاری 2021 داخرابوو و  ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دۆسیەکە بۆ هەتا هەتایە دابخرێت، لەبەرئەوەی 30 ساڵ بەسەر رووداوەکە تێپەڕیوە و بەگوێرەی یاساکانی تورکیا هەر رووداوێک 30 ساڵ بەسەریدا تێپەڕ ببێت، بە تەواوی دادەخرێت.

دانیشتووانی شاری سێواسی باکوری کوردستان زۆربەیان کوردی عەلەوی مەزهەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار