تەندروستیی سلێمانی: یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە تۆمار کرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون پشتڕاستدەکاتەوە و راشیدەگەیەنێت، ئەو توشبوە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبوە و دانیشتوی قەزای چوارقوڕنەیە لەسنوری ئیدارەی راپەڕین.

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، یەکێک لەو نەخۆشانەی گومانی تای خوێنبەربونمان لێدەکرد، ئەنجامی پشکنینەکەی بەئەرێنی هاتوەتەوە و هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

وتیشی، "ئەو نەخۆشە دانیشتوی چوارقوڕنەیە و سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ئیدارەی راپەڕینە و تەمەنی 45 ساڵە و رەگەزی مێیە، وەک خانەوادەکەیان پیشەیان بەخێوکردنی ئاژەڵی خۆماڵیە، پێشتریش ئێمە رامانگەیاندبو کە ئەو کەسانەی مەترسیان لەسەرە توشی ئەم نەخۆشیە بن ئەوانەن مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، ئەم توشبوەش مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵ هەیە".

هەروەها چەند کەسێکی دیکەیش لە پارێزگای سلێمانی گومانی تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون لێدەکرێت؛ سەباح هەورامی دەڵێت، ئەو کەسانەش لە نەخۆشانی دیکە جیاکراونەتەوە و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانیان دەکەن، ئەگەر پشکنینەکانیان ئەرێنی بوو، شوێنیان بۆ ئەوانیش هەیە و دەیانخەنە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.

سەباح هەورامی داوا دەکات خەڵک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و دەڵێت، زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشی دەبن، مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە.

لەبارەی پشکنین بۆ کەسوکاری ئەو توشبوە، د. سەباح هەورامی وتی، " رێکاری تایبەتی خۆی هەیە و بەدواداچون بۆ هەمو بەرکەوتنەکانی ئەم نەخۆشە هەیبوە دەکرێت، پشکنینيش بۆ هەمو کەسوکارەکەی بۆکراوە و هیوادارین ئەنجامی پشکنینەکانیان پاک بێت".

سەبارەت بەچارەسەرکردنی توشبوانی تای خوێنبەربون، وتی، "ئەو نەخۆشانەی تایان هەیە و نیشانەکانی خوێنبەربونیان هەیە دەخرێنە ژێر چاودێری وردەوە و جیایان دەکەینەوە لە نەخۆشەکانی دیکە تا ئەنجامی پشکنینەکەیان دەردەچێت".


لەبارەی چارەسەری توشبوانی تای خوێنبەربون، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد، "ئەو چارەسەرەی ئێمە باسی دەکەین بنبڕکەر نیە، ئەم چارەسەرە بەکاردەهێندرێت بۆ ڤایرۆس، مەرج نیە ئەو نەخۆشەی ئەم چارەسەرە وەردەگرێت سودی لێ ببینێت و چاکببێتەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار