تەندروستی سلێمانی: ئەو ژنەی کە یەکەم توشبووی تای خوێنەربوونە لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرێت
ئایا ڤاکسینەکەی گرانە؟ لەسلێمانی دەستدەکەوێت؟

2 ساڵ لەمەوپێش
ڤانە حەمە
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر ڤاکسینی تای خوێنبەربوون جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە هاوڵاتی وت: یەکەم توشبووی تای خوێنبەربوون کە ئەمڕۆ لەسلێمانی تۆمارکرا لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرێت و لەژێر چاودێریدایە، وتیشی ئەو ژنە خەڵکی چوارقوڕنەیە.
تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان و پێشمەرگەیەکی تەمەن ٣٥ ساڵان کە شوانکاریشە وەک توشبووی تای خوێنەربوون تۆمارکران، کە دواینیشیان ئەم ژنە تەمەن ٤٥ ساڵانەیە کە وەک یەکەم توشبووی تای خوێنەبەربوونی سلێمانی تۆمارکراوە کە پیشەی ئاژەڵداریە.
هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەبارەی دەستکەوتنی ڤاکسینەکەوە و بەکارهێانانی بۆ ئەوکەسانەی کە بەرکەوتن و مامەڵەیان هەیە لەگەڵ ئاژەڵ وتی:ڤاکسینەکە زۆر گرانە و لە سلێمانی بەردەست نیە ئەگینا هەر پێش جەژن بۆ شوانکار و قەسابەکان بەکارمان دەهێنا، لەبارەی دەستکەتنی ڤاکسین لەسنوری هەرێمی کوردستان پەیوەندیمان بە دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی کرد بەڵام بێ ئەنجام بوو.
هاوکات لەبارەی گۆڕانکاری لە ڕێکارە تەندروستیەکانیشەوە هێرش سەلیم وتی: ڕێکارەکان هەروەک خۆیانن، کێشەکە لەوەدایە هاوڵاتیان پابەند نین بە جۆرێک لەڕۆژانی جەژنیشدا بڕێکی زۆر لە گۆشتی ناتەندروست دەستی بەسەرداگیراوە.
تای خوێنبەربوون لەڕێگەی بەرکەوتن بە خوێن وگۆشتی ئاژەڵی توشبوو بە ڤایرۆسەکە یاخود پێوەدانی مێشولەوە دەگوازرێتەوە، توشبوانی ئەم ڤایرۆسە لە دووانیان یەکێکیان گیان لەدەست دەدەن؛ تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان لەکۆی ئەو ١١ حاڵەتەی کە پشتڕاستکراونەتەوە کەوا توشبووی تای خوێنەربوونن پێنج کەسیان گیانیانلەدەستداوە.
