حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: پێشمەرگەکانمان لە لایەن بەکرێگیراوی ئێرانەوە کوژراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، ئەو دو کەسەی دوێنێ لە قەڵادزێ کوژران، ئەندامی حزبەکەیانن و لەلایەن بەکرێگیراوێکی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 12:40 خولەکی نیوەشەوی رابردو چەند کەس لە ئەندامانی حیزب کە بە سەردان چوبونە دەوروبەری "هەڵشۆ"ی سەربە شاری قەڵادزێ لە باشوری کوردستان، لەلایەن بەکرێگێراوێکی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا دارێژراو تەقەیان لێدەکرێ و بەداخەوە دو کەسیان بە ناوەکانی؛ عادل موهاجیر ناسراو بە (سەرباز) و لوقمان ئاجی شەهیدبون.
دەشڵێن، "رووداوەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە و ئەوەش خسراوەتەڕوو، هەوڵ و کردەوە دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە حزبی دیموکراتی کوردستان زیادیکردووە و داوا لە کاربەدەستانی عێراق و هەرێم دەکەن هەڵوێستیان لەو بارەیەوە هەبێت."
بە پێی زانیارییەکان لە ئێستادا کەسی سێیەم دەستگیرکراوە و تەرمی دوو کوژراوەکەش بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گواستراونەتەوە.
وێنەی ئەو دوو پێشمەرگەیەی کوژراون:

