دەبێت پەرلەمانتاران موچەی هەشت مانگ بگەڕێننەوە بۆ حکومەت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەو پەرلەمانتارانەی لەدوای 6-11-2022 مووچەی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە بەچەند ڕێكارێك لێیان وەردەگیرێتەوە لەرێگەی ئیكرامیەو مووچەی خانەنشینییەوە.
خولی پێنجەمی پەرلەمان وادەكەی لە 6ی تشرینی دووەمی 2022 كۆتایی هات و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق درێژكردنەوەی پەرلەمان بە نایاسایی وەسف كرا.
لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە دەبێت پەرلەمانتاران موچەی هەشت مانگ بگەڕێننەوە كە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕەكەی (هەشت ملیۆنو 85 هەزار) دیناری مانگانەیە بە تێكڕا بڕی ئەو پارەیە دەكاتە (64 ملیۆنو 680 هەزار) دینار.
هەروەها بۆ ئەو 104 پەرلەمانتارەی كە لە دوای 6ی تشرینی دووەمەوە مووچەیان وەرگرتووە بڕەكەی دەگاتە نزیكەی حەوت ملیاردینار.
بەوتەی سەرچاوە یاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران موچەی هەشت مانگی رابردوویان بگەڕێننەوە، ئەوا دەبێت بۆ ئەو هەشت مانگە موچەی خانەنشینیان بۆ هەژمار بكرێت، ئیتر لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاكتاوی ئەو پارانە بكرێت كە وەكو پەرلەمانتار وەریانگرتووە، ئەمەش بەشێوەی لێبڕینی مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان.
هاوکات لەم بارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: لەبەرئەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كتوپڕ بووە جارێ هیچ بەرچاو ڕوونییەك نیە بۆ ئەوەی چۆن پارەی ئەو ماوەیەیان لێوەربگیرێتەوە.
هەروەها وتیشی:» ئاسان نییە تا ڕێكارێك دەگیرێتەبەر بۆ چۆنیەتی وەرگرتنەوەی پارە لێیان و قورسیشە مووچە لەكەسێك وەربگریتەوە، بەڵام دەكرێت لەڕێگەی ئەو سلفانەی پەرلەمانتاران دەگرێتەوە»ئیكرامی» ئەو پارانەیان لێوەربگیرێتەوە یاخود دوای خانەنشین بوونیان پارەیان لێوەربگیرێتەوە».
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی پێشیوابوو جارێ پرۆسەكە لەسەرەتادایە و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت و ڕێكارەكان بۆ وەرگرتنەوەیان دەستپێبكات.
زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە : https://hawlati.co/page_detail?smart-id=30452
