دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە هەڵشو کوژران
حیزبی دیموکرات: پێشمەرگەکان بە پیلانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون
دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات کە لە هەڵشۆ کوژران
2 ساڵ لەمەوپێش
لە هەڵشۆ تەقە لە ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات دەکرێت و دووانیان دەکوژرێن و یەکێکیان بریندار دەبێت و حیزبەکەش رایدەگەیەنێت ئەندامەکانیان بە پیلانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی دوو پێشمەرگەی حیزبەکەی پشتڕاست کردوە و رایگەیاندوە؛ ئەو دوو پێشمەرگەیە کاتژمێر 12:40ی شەوی پێنج شەمە بۆ هەینی لە ناوچەی هەڵشۆ سەر بە قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە: عادل موهاجر ناسراو بە سەرباز و لوقمان ئاجی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە پیلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراودا لە لایەن بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی (جاش) تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
حیزبی دیموکرات کوشتنی ئەو دوو پێشەمەرگەیەی بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە کردوە و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردوە جگە لەو دوو ئەندام و پێشمەرگەیە کەسێکی دیکە بە برینداری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە.
بە پێی راپۆرتی هەنگاو کەسێک بە ناسنامەی "ڕەسوڵ ئازەڕەخش" کە پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەقەی لەو پێشمەرگانە کردوە و دەستبەجێ خۆی گەیاندوەتە سنوور و پەنای بۆ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵات بردوە و هەروەها سەعدی مورادپور کە پێشتر ئەندامی حیزبەکە بوە بە بریندرای لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەکان لە روداوەلە دەستی پێکردوە.
