کەنەدا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعشی لە رۆژئاوا گەڕاندەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعش رادەستی شاندێکی کەنەدی کرد. شاندێکی حکومەتی کەنەدا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا فیلەر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کونسوڵخانەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا و راستا دائی نوێنەری کەنەدا بۆ کاروباری سوریا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد.
شاندەکە لەلایەن رۆبێل بەهۆ جێگری هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵای سوریا و خالید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوە و لانە حسێن نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە پێشوازی لێکرا.
رۆبێل بەهۆ لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بە دوایین نەخشەڕێگەی ئاستان کرد و باسی ئەوەی کرد کە نەخشەڕێگەکە لەدژی گەلانی سوریایە و ئەوەش ئاڵۆزی سوریا زیاتر دەکات. بەهۆی وتی، تاکە چارەسەر بۆ ئاڵۆزیەکان دیالۆگە و بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هەوڵی چارەسەری قەیرانی سوریا بەگوێرەی بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات.
هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە داوای لە دەوڵەتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا ئامادە بکەن.
لە کۆتایی کۆبونوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندەکەی کەنەدا کردەوە و پرۆتۆکۆلێک لەنێوانیاندا واژۆ کرا.

