کچە رۆژنامەنووسێکی کورد لە تاران دەستگیرکرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران ، خەڵکی شاری سەقز، دوای بانگکرانی لەلایەن دادسەرای زیندانی ئێوینەوە، بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرا.
ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردە جاری یەکەم رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە قۆڵبەستکراو و گوێزرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران.
ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا.
جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە.
نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ.
ژینا ئەمینی، کچی ئەمجەد ئەمینی ، خەڵکی شاری سەقز، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری تاران بە بیانوونی نەگونجاوی حیجاب، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کرا و بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی ئەم کچە کوردە ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە کە بە شۆڕشی "ژینا" ناسراوە.

