عێراق نەخشەی کارگێڕی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەندکرد
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری پلاندانانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی سنوری یەکە کارگێڕییەکانی هەڵەبجە دەربڕی و لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی تەواوکردنی بەپارێزگاکردنی ئەو شارە.
وەزارەتی پلاندانان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد تەمیم ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لە ژێر ڕۆشنایی تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییە پێویستەکان و بنەڕەتییەکانی دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2021ی پەرلەمان و بڕیارنامەی کابینەی حکومەت ژمارە (23131) کە لە دانیشتنی (11) لەرۆژی 3-13-2023 بەڕێوەچو.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە شاری هەڵەبجە دەبیت و ژمارە 16ی لە ڕێبەری یەکەی کارگێڕی کۆماری عێراق پێدەدرێت و یەك قەزا و چوار ناحیە بەو پارێزگاوە دەبەسترێنەوە و لەوانەش سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشی گەشەپێدانی هەرێمی و ناوخۆیی لە وەزارەتی پلاندانان لەسەر ڕێنماییەکانی وەزیر پێداچوونەوەی بۆ نەخشە و سنوورەکان کردووە و پشکنینی بۆ کراوە و خاوەندارێتی پارێزگا و سنوورە ئیدارییەکان و دیزاینە بنەڕەتییەکانی پێش و پاش فراوانبوونی دیاریکردووە و کێشەی سنورە ئیدارییەکانی چارەسەر کردووە.
لە ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها پارێزگای 19ەمین لەسەر ئاستی عێراق.
