وادەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکرێت
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، هەمو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراقەوە.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەمو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ تورکیای ئاگادارکردوەتەوە کە ئامادەن دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا چاوەڕوانن ".
وتیشی ،"پێدەچێت لەدوای سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق پێشبینی دەکەم ئەو سەردانە ئەنجامی هەبێت."
پەیوەست بە گفتوگۆکان لەبارەی یاسای نەوت و گازی عێراق، وتی، لیژنە دروستکراوە و "کاری باشی کردوە و کەسانی پسپۆڕ لەوبارەیەوە کار دەکەن تاوەکو ئاستێکی باش کاری لەسەر کراوە و پێدەچێت ئەم هەفتەیە یان هەفتەی ئایندە شاندێک سەردانی بەغدا بکات و راوەستان نەبوە بەڵام لەبەر پەسەندکردنی بودجە کارەکان دواکەوتون".
هاوکات، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت[ـی هەرێمی کوردستان] لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە بە وتەی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەوە زیان بە بۆرییەکە گەیشتووە.
رۆژی 25-03-2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلاییکردەوە.
