هەدەپە لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە داواکاریەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەدەپە داواکاریەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پارتە سیاسیەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوەکان کرد کە رێگری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەنابەرە سیاسیەکان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بکەن.

نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەوروپا داواکاریەکی پێشکەش بە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، 147 پارتی سیاسی، یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا کرد کە سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەنابەرە سیاسیەکانی باکوری کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان و تیرۆرکردنیان دابنرێت.

لە داواکاریەکەی هەدەپەدا هاتووە، "ئێمە هاوڵاتیی کوردی تورکیاین کە لەسەر ئەو چالاکییە سیاسییە یاساییانەی کە لەناو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجامی دەدەین، دادگایی دەکرێین، دۆسیەی بێ بنەمامان لەدژی ئامادە دەکرێت، کە بە پڕۆسەی دەستبەسەرکردن و گرتن کۆتایی دێت، رووبەرووی کێشەی ئەمنی دبەینەوە. دەخرێنە زیندانەوە و هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکرێت.

لە هەمان کاتدا ئێمە لە پێگەی پەنابەری سیاسیداین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لەم هەلومەرجە سەختەی ژیاندا ئێمە مرۆڤی مەدەنین کە هەوڵدەدەین لە هەلومەرجی سەختی کارکردندا لەگەڵ منداڵ و خوشک و برا و هاوسەرەکانماندا بژین. هەر یەکێک لە ئێمە پەنابەرێکین کە لە بەروار و کاتی جیاوازدا ئاوارە بووین. نزیکەی ١٥ ساڵە هەوڵدەدەین ژیانمان بپارێزین، بازرگان، هونەرمەند و کرێکار و سیاسەتمەدارین. تا ئێستا هیچ پراکتیزەیەکی نەرێنیمان نەبووە کە مەترسی یان کێشە بۆ سەر یاسای ناوچەکە و دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتان دروست بکات."

هەدەپە دەڵێت، ئەندامانیان کە سیاسەتمەدار و پەنابەری سیاسین، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن. هەروەها داوای کرد کە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێبدرێت و سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار