هەدەپە لە مانگی ئەیلولدا کۆنگرە دەبەستێت و هاوسەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوتەبێژی هەدەپە رایگەیاند کە مانگی داهاتوو کۆنفڕانس و مانگی ئەیلولیش کۆنگڕە دەبەستن.
ئەبرو گونەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بارەگای سەرەکی پارتەکەی لە ئەنقەرە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا.
گونەی باسی ئەوەی کرد کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە 14ی ئایار ئەنجامدران، دەستیان بە پرۆسەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری کردووە و وتی، " لە هەشت هەرێمی تورکیا و باکوری کوردستان رێکخستنەکانیان دەستیان بە کۆبۆنەوە کردووە و کۆبونەوەکان تاوەکو 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و لە کۆبونەوەکاندا دۆخی هەدەپە هەڵدەسەنگێندرێت و باسی هەڵە و کەموکورتیەکان دەکرێت."
ئەبرو گونەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەشڵێت، مانگی داهاتوو پارتەکەی کۆنفڕانس ئەنجام دەدات و لە مانگی ئەیلولیشدا کۆنگرە دەبەستێت. پێشتریش لە بەرنامەیەکی کەناڵی هالک تی ڤیدا، میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاندبوو کە لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، جارێکی دیکە خۆیان هەڵنابژێرنەوە.
لە میدیاکانی تورکیادا زۆر جار ناوی هەندێک کەسایەتی نێو پارتەکە ئاشکراکراون کە پیدەچێت لە کۆنگرەکەدا خۆیان بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە کاندید بکەن کە دیارترینیان سری سورەیا ئوندەر و مەرال دانش بەشتاش پەرلەمانتارانی پارتەکەن.
