دانیشتوانی شارۆچکەی کفری مانگرتنیان ڕاگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوڵاتیانی شارۆچکەی کفری ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری و هەلی کارەوە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و دەڵین، گۆرەپانەکە چۆڵناکەین تا وەڵامی یەکجاریمان نەدرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری، لەکونگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مانگرتنیان ڕاگەیاند، تاکۆی ئەو داواکارییانەی پێشکەشی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردبوو وەڵامیان نەدرێتەوە، ئامادە نین کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن، لە ئێستادا چادری مانگرتن هەڵدراوە و مانگرتوانی تێدایە.
لەوبارەیەوە عوسمان قەتارچی، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری بەناوی مانگرتووانەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" مانگرتنمان ڕاگەیاند دژی ئەوناعەدالەتییەی بەرامبەر شارۆچکەکەمان دەکرێت، وەک ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری سێ ساڵە دەرگا نەماوە نەیکوتین، سەردانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێممان کرد بەحکومەتی ناوەندیشەوە، بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە و بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتن."
باسی لەوەشکرد، "بڕیارمانداوە لەگەڵ دڵسۆزان و خەمخۆران و توێژە جیاوازەکان، دەست بەمانگرتن بکەین و چادر هەڵبدەین، مانگرتنەکەمان بەردەوام دەبێت تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت."
ئەوەی جێی باسە ئەو داواکارییانەی دانیشتوانی شارۆچکەی کفری، مانگرتنیان لەسەری ڕاگەیاندووە، بریتین لە گۆرینی قایمقامی شارۆچکەکە هەروەها دەڵێن بەهۆی پەرواێزخستنی و نەبوونی هەلیکار لە شارۆچکەکە و بچوک بوونەوەی هاوڵاتیانی شارۆچکەی کفری خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
پاشان مانگرتوانی کفری داوا دەکەن زانکۆی پۆلیتەکنیک لە شارۆچکەکەیان بکرێتەوە و بەشێک لە بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمیش لە شارۆچکەکەیان بکرێتەوە .
بەشێکی تر لە داواکارییەکانیان بریتیە لە کردنەوەی کارگەیەکی توانەوەی ئاسن و دامەزراندنی کرێکاری شارۆچکەکە لەو کارگەیە، لەپێناو دروستبوونی هەلیکاری زیاتر بۆ گەنجان، لە بەشێکی تری داواکارییەکانیان کە پێک دێت لە تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی کفری کەلەسەر پترۆدۆلارن و ساڵانێکی زۆرە تەواو نەکراون، هەروەها داوا دەکەن گرتوخانەی چاکسازی کە بڕیارە لە گەرمیان بکرێتەوە، بگوازرێتەوە بۆ شارۆچکەکە و لەوێ دروست بکرێت، پاشان زەوییەکانی کەرتی تلیشان ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت تا خاوەن زەوییەکان پرۆژەی لەسەر ئەنجام بدەن .
قەزاى کفرى دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى کەرکوک و ئێستا سەربە پارێزگاى سلێمانییە لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و ژمارەى دانیشتوانەکەى ئێستا نزیکەى ٥٠ هەزار کەس دەبێت.
