ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی ئاماری هەرێمی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوان لە هەرێم گەیشتوەتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس بۆ ساڵی 2023 کە سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 نێر، سێ ملیۆن و 260 هەزار و 514 ئافرەتن و دەشڵێت، "رێژەی 78.4%دانیشتوان شارنشین پێکدەهێنن".
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە مڕۆدا 11-07-2023 کە بە رۆژی دانیشتووان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریکراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵێک ئاماری بڵاوکردەوە، و تاییدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس کە سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 کەس لە رەگەزی نێر و سێ ملیۆن و 260 هەزار و 514 لە رەگەزی مێن.
ئەوەشیخستۆتەڕو، رێژەی 78.4%دانیشتوان شارنشین پێکدەهێنن، 21.6% گوندنشین، هەروەها، رێژەی گەشەی دانیشتوان بۆ ساڵی 2023 دەخەمڵێنردرێت بە رێژەی 2%.
لەبارەی ژمارەی ئاوارەکان و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان دەستەی ئامار پشتی بە ئاماری رێكخراوى نێودەوڵەتی کۆچ IOM بەستووە، کە ژمارەى كەسانى ئاوارەى ناوخۆ له عێراق لە ناوەراستی 2022 گەيشتووەتە 1.18 ملیۆن کەس کە پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاوارە ناوخۆییەکان نزیکەی 694 کەسن واتا 52.6٪ـی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق.
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "نەبونی سەرژمێری لە عێراق بۆ 36 ساڵ کەلێنێکی گەورەی خستۆتە سەرچاوەی گرنگی داتاکانی پلانەکان لەبەر نەبونی نیشاندەرەکانی دیموگرافی بە وردەکاریەکانیەوە و بۆیە دەستەی ئامار دەبوایە رێگەی تر بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی ئەو داتایانە بە بەکارهێنانی بەرنامەی ناڕاستەوخۆی خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان تاوەکو داتای پێویست بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بخەینە بەردەست و بتوانن بەکاریبێنن بۆ دانانی پلان و سیاستەکانی ساڵانەیان و بۆ ئەمساڵ دەستەی ئامار تیشک ئەخاتە سەر دو بابەت جگە لە ژمارەی پێشبینیکراوی دانیشتوان بۆ هەرێم".
