زیاتر لە 12 کەس لە پیرانشار و شنۆ دەستگیر دەکرێن
لەگەڵ نزیکبونەوەی یادی مەرگی ژینا ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجان و چالاکوانانی رۆژهەڵات دەستگیر دەکرێن

12 هاوڵاتیی دانیشتوی شارەکانی پیرانشار و شنۆ کە دەستگیرکراون
2 ساڵ لەمەوپێش
رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە شەپۆلێک دەستگیرکردن لە شارەکانی ئەو بەشەی کوردستان دەستی پێکردوە و چارەنوسی زۆربەی دەستگیرکراوانیش ناڕونە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاو کردەوە ؛لە چەند رۆژی رابردودا زیاتر لە 12 هاوڵاتیی دانیشتوی شارەکانی پیرانشار و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستگیر کراون کە یەکێک لەو دەستگیرکراوانە مامۆستای ئایینییە.
ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوە کردوە مامۆستا عومەر ئیبراهیمی لە شاری پیرانشار دەستگیر کراوە.
بە پێی زانیارییەکان لە دوو هەفتەی رابردودا شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سنە، ورمێ، سەقز، پیرانشار، شنۆ، بۆکان، مەهاباد و چەند شارێکی دیکە دەستی پێکردوە و تا ئێستاش چارەنوسی ئەو دەستگیرکراوانە رون نییە.
رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵات ئاماژەیان بەوە کردوە هۆکاری ئەو دەستگیرکردنانە لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە ساڵرۆژی مەرگی ژینا ئەمینی.
