رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە زاخۆ؛ 'کەسێک گیانی لەدەستداوە و 29 کەسیش بریندارن'

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ روداوێکی هاتوچۆ لە نزیک تونێلی زاخۆ لەنێوان ژمارەیەک ئۆتۆمبێل ڕویدا و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆش دەڵێت، کەسێک گیانی لەدەستداو 29 کەسیش برینداربون.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستیی زاخۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر ڕوداوەکە بە هاوڵاتی وت، "لە رێگەی گرشین لە نزیک تونێلی زاخۆ رووداوێکی گەورەی هاتووچۆ روویداوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە 29 کەس بریندار بوون."
وتەبێژی تەندروستی زاخۆوتیشی ، ئەو 29 کەسەی بریندار بوون، نۆ کەسیان ئافرەتن و 20ـەکەی دیکەیان پیاون، ئەو کەسەش کە گیانی لەدەستداوە پیاوە و تەمەنی 30 ساڵە، "رووداوەکە لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویداوە."
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکانیش، ئەمیر عەلی ئەوەی خستەڕوو، "دۆخی تەندروستی هەموو بریندارەکان باشە تەنها کچێکی 15ساڵ دۆخی خراپە و رەوانەی دهۆک کراوە".
بەپێى زانیارییەکان، بارهەڵگرەکە ژمارەیەک کرێکارى هەڵگرتووە بۆیە ژمارەى قوربانیان زۆرە و برینى بەشێکیان سەختە.
