دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی سەر هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای باڵای فیدڕالی سکاڵایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق لەدانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، رەتیکردەوە دادبینی بۆ سکاڵایەک بکات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم و رایگەیاند، ئەو بابەتە پەیوەندیدار نیە بەدادگای فیدڕاڵی.
لە کۆبوونەوەکەدا دادگا بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایە، بەو پێیەی ئەو پرسە لە دەسەڵاتی دادوەری دادگەکە نییە.
رۆژی 22ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بەسەرۆکایەتیی د. ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و دانیشتنی ژمارە 4ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڕێوەچو، سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان بەناوی خوا و گەلی کوردستانەوە دانیشتنەکەی کردەوە و بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی تر دواخست.
لەبەرامبەریشدا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی گرتەئەستۆ و رایگەیاند بەردەوامی بەکۆبونەوەکە دەدەین و ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەرێم کارا دەکەینەوە، دوای دروستبونی گرژی و ئاڵۆزیەکانیش، راگەیەندرا بەدەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆن کارا کراوەتەوە.
دواتریش، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد و داوایکرد، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەڵبوەشێتەوە، چونکە بەنایاسایی کاراکراوەتەوە.
بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی لەکاتێکدایە، لە 31ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە نادەستوری بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، واتە هەر بڕیار و یاسایەک لەدوای 6ی (تشرینی دوەم/11)ی 2022ەوە دەرچوبێت بەهەڵوەشاوە هەژماردەکرێت.
