دوای ٢٠ رۆژ لە دەستبەسەر بوونی، ژنێکی پیرانشاری چارەنووسی نادیارە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە، سورەیا قەیتەران، ژنێکی پیرانشاری، خەڵکی گوندەی "کانی مەلا" پاش ٢٠ رۆژ لە دەستبەسەر بوونی چارەنووسی نادیارە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، سورەیا قەیتەران رۆژی ٢٦ی حەوت( ٥ی پووشپەڕ) لە ماڵی باوکی دەستگیرکراوەو گوێزراوەتەوە بۆ ورمێ و دوای لێپرسینەوە ، نێردراوەتە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ و تا ئێستە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری نەبووە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان دەربارەی نییە.
جێی ئاماژەیە رۆژی ١١ی جوون (٢١ جۆزەردان) دوو برای ئەم خانمە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران لە ماڵی خۆیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کران.
بە پێی زانیارییەکانی کوردپا تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سورەیا قەیتەران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی نەزانراوە.
